٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كاندیدانی پارتی لە سلێمانی: كار بۆ وەدەسهێنانی مافە دەستووری و یاساییەكانی هەرێم دەكەین

سەرچاوە: KDP.info
 
سلێمانی-KDP.info- كاندیدانی پارتی لە سنووری سلێمانی دەڵێن، گەر بۆ ئەم خولەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران سەركەون، كار بۆ ئەوە دەكەن كارنامە و پڕۆژە تایبەتەكەی حزب، كە بۆ وەدەسهێنانی مافە دەستووری و یاساییەكانی هەرێمی كوردستانە، جێبەجێ بكەن.
 
رزگار ئەژی گۆران، كاندیدی ژمارە ١ی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی، دەڵێ: "گەر متمانەی دەنگدران بە دەست بهێنم و ببمە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، كار لەسەر پڕۆژەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم، كە رایگەیاندووە، هەروەها هەوڵی لێكنزیككردنەوەی فراكسیۆنە كوردییەكان دەدەم، تاوەكو یەكڕیزی و تەباییمان بپارێزین، بۆ ئەوەی بتوانین لەسەر پڕۆژەیاسا و ماددە دەستوورییەكان یەكدەنگ بین".
 
دانای شەهید جەزا، كاندیدی ژمارە ٢ گوتی: "لە ژێر رۆشنایی پەیڕەو و پڕۆگرامی پارتی دیموكرتی كوردستاندا، كار دەكەم بۆ بەدەسهێنانی یەكڕیزیی نیشتیمانی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ بەدەسهێنانی مافە دەستووری و یاساییەكان، بە تایبەت ئەو ماددانەی كە جێبەجێ نەكراون".
  
ناز حەمە وەیس، كاندیدی ژمارە ٤ـیش ئاماژەی دا: "كورسیی ئەنجوومەنی نوێنەران دەكەم بە سەنگەری بەرگری و، كار بۆ بەئامانجگەیاندنی ریفراندۆم دەكەم، هاوكات كار بۆ كەیسی ئەنفال و هەڵەبجە دەكەم، هەروەها هەوڵ بۆ دابینكردنی بودجەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانیش دەدەم".
 
 
سۆلاڤ ئەحمەد، كاندیدی ژمارە ٨، ڕوونی دەكاتەوە: "گەر ببمە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، وەك نوێنەرێكی كورد كار بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی كورد دەكەم لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، هەروەها هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستانیش دەدەم".
 

هەواڵی پەیوەندیدار