٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەسروور بارزانی: شەڕی ئەمجارەمان دەستوورە.. خەباتی ئێمە بۆ سەربەخۆییە

سەرچاوە: KDP.info

 

 

سۆران-KDP.info-  مەسروور بارزانی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەنێو كه‌رنه‌ڤاڵی جەماوەری پارتی دیموكراتی وكردستاندا لە سۆران، گوتاری دا و ریاگەیاند، ئەگەر پێشمەرگە و پارتی و سەرۆک بارزانی نەبن، هیچ کیان و قەوارەیەک بە ناوی هەرێمی کوردستان نامێنێ. گوتیشی، ''شەڕێکی دیکەمان لە پێشە ئەویش شەڕی دەستوورە'' و پارتی لە هەرشوێنێکیش بێ هەر داوای مافی چارەنووسی کوردستان دەکات و جه‌ختیشی كرده‌وه‌ ''خەباتی ئێمە بۆ سەربەخۆییە.''

 


ئەمڕۆ شه‌ممه‌، لە کەرنەڤاڵی جەماوەری پارتی دیموکراتی کوردستاندا لە سۆران، مەسروور بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد و لە دەسپێکی گوتارەکەدا بەخێرهاتنی هەموولایەکی کرد و رایگەیاند کە جارێکی دی بەرەو هەڵبژاردنێکی دیکە دەڕۆین بۆ ئەوەی نوێنەرەکانتان دیاری بکەن کە بەرگریی لە کوردستان بکەن، داکۆکی لە مافەکانتان و نیشتمان بکەن، بۆیە پارتی گەوررەترین داکۆکی لە ئێوە دەکات و ئێوەش دەنگ بە کاندیدانی پارتی بدەن، پێویستە دەنگ بەو کەسانە بدەن کە متمانەتان پێیەتی، ئەو نوێنەرانە دەچنە پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی راستەقینەی ئێوەبن و بەرگریی لە خوێنی شەهیدان و رەنجی خەباتی پێشمەرگە بکەن، لیستی ١٨٤ لیستی ئێوەیە و دەنگی بۆ  بدەن.

مەسروور بارزانی لە گوتارەکەیدا باسی لە چەند دەنگێکی ناشاز کرد، کە مەبەستیان بووه‌ دەستکەوتی کوردستان و مافی چارەنووس لە بیری خەڵک ببەنەوە، بۆیە داوای کرد لە جەماوەر و لایەنگرانی پارتی، دەنگ بە کاندیدانی پارتی بدەن، چونکە پارتی لە هەرشوێنیک بێ هەر داوای مافی چارەنووسی خه‌ڵكی کوردستان دەکات.
مەسروور بارزانی شۆڕەکانی کوردستانی هێنایه‌وه‌ به‌ر باس کە سەرجەمیان بۆ ئەوە بوون، بەرگریی لە گەلی کوردستان بکرێ، هەروەها گوتی کە پێشمەرگە خوێنی خۆی رشتووە بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی مافی چارەنووس، بۆیە نابێ رەنجی پێشمەرگە لە بیر بکرێ، ''دەبێ وەفادار بین بۆ پێشمەرگە.''

هەروەها مەسروور بارزانی هۆشداری دا، کە نابێ کێشەی کورد بکرێتە کێشەی مووچە، بەڵکوو کێشەی گەورەتر هەیە، ئێمە دەمانەوێ داوای مافی چارەنووس بکەین، ئێمە خاوەن رابردوویەکی وه‌هاین کە شانازی بە زیاتر لە یەک سەدە خەباته‌وه‌ دەکەین، شانازی بە شەهیدی سەنگەر و ئەنفاله‌وه‌ دەکەین، خاوەنی خەبات و شۆڕشێکی درێژین، خاوەنی رێبازی پیرۆزی بارزانیین، خاوەنی خەبات و رەنج و تێکۆشانی شەهیدی سەرکردەمان ئیدریس بارزانیین، خاوەنی هەزارەها ئەنفالین، خاوەنی سەرۆک مەسعوود بارزانیین کە لە پێش هەموومان لە سەنگەری بەرگریدابوو بۆ پارێزگاری له‌ ئێوە، خاوەنی سەرۆکێکین کە ئەفسانەی داعشی شکاند و نەیهێشت لە سحێلا و پردێ و مەحموودیە، دوژمن بێتە کوردستان و رێگەی لە داگیرکاران گرت، شانازی بە خەباتی خۆمانه‌وه‌ دەکەین، بە سەدان و هەزارەها پیلانی داگیرکارانمان پووچەڵ کردووەتەوە.

مەسروور بارزانی لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، کە خەباتی ئێمە بۆ سەربەخۆییە، ئێمە لە هیچ بەشێک لە خەباتی خۆماندا پەشیمان نین، شانازی بە هەموویه‌وه‌ دەکەین، شانازی بە ئاوارەبوونمان دەکەین لە پێناو خەباتی گەلەکەمان، شانازی بە رەنج و خەباتی گەلەکەمان دەکەین، شانازی بە دەستکەوتەکانمان دەکەین و، هیچ کاتێک لە بەرپرسیارێتی رامان نەکردووە و تا دەشمێنین لەگەڵ ئیوە دەبین.
جه‌ختیشی كرده‌وه‌ له‌وه‌ی، پارتی بۆ دژایەتیی هیچ کەس و لایەنێکی سیاسی دروست نەبووە، به‌ڵكوو بۆ بەرگریکردن لە کوردستان دروست بووە، ئەوەی لە تواناماندا بووە کردوومانە، راستە بە متمانە و دەنگی ئیوە لە دەسەڵاتدا بووین، ئەوەی توانیومانە بۆ ئێوە کردوومانە، ئەو سەقامگیرییەی لە کوردستان هەیە و كردوویه‌تی کە به‌ نموونەیەکی بەرچاو لە رۆژهەڵاتی ناویندا، به‌ پشتیوانی ئێوە توانیومانە وڵاتی خۆمان بپارێزین.

 

ئاماژەیشی دا، کە کاتی هەڵبژاردن هەموو لایەک هەموو حزبێک مافی خۆیەتی بانگەشە بۆ حزبی خۆی بکات، هه‌ڵبه‌ت نابێ پێوەر و هەڵسەنگاندن تەنیا لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بێ، سەیری رابردووی هەموومان بکەن کێ کوردستانی ئاوەدان کردووەته‌وه‌ و سەیری هەولێر و دهۆک بکەن.. لەگەڵ رێزم بۆ هەموو ئەو دەنگانەی رەخنە ئاراستەی دەسەڵات دەکەن، بەلام پارتی لە زۆنی هەمەڕەنگ، ئەو دەسەڵاتە ئیدارییەی لە زۆنی هەمەڕەنگ هەیە، نەیتوانیوە خزمەتگوزاری بسه‌پێنێت، بۆیە حەق نییە ئەو رەخنانە ئاراستەی سەرکردەکانی پارتی بکەن، هەرکاتێک توانییان زۆرنی هەمەڕەنگ وەک هەولێر و دهۆک لێ بکەن، با ئەو کات بڵێن دەنگ بە ئێمە بدەن.. لە ساڵی ١٩٧٥ بارزانیی نەمر خۆی و شۆڕشەکەی کردە قوربانی کەرکووک، چونكه‌ ئامادە نەبوو بستێکی کوردستان بداتە دوژمن.. ئەو ستەمەی له‌ کوردستان كراوه‌، لە بیرمانە ئێمە ساڵەکانی شەستەکانیشمان لە بیرە، ١٦ ئۆکتۆبەرمان لەبیرە کە چۆن کوردستان فرۆشرا، ئێمە بیرمانە چۆن خیانەت لە کەرکووک و پێشمەرگە کرا و کەرکووکیان دایە دوژمن، بیرمانە چۆنە پێشمەرگە لە پردێ تا سحێلا بەرگریی لە کوردستان کرد، بە هاوارکردن نە مێژوو دەشێوێندرێ نە راستییەکان بزر دەبن و، نە ئەو خیانەتە گەورەیەش لە بیری ئیمە دەچێتەوە.

مەسروور بارزانی جارێکی دیکە گوتی، پێشبینی ئەوەمان نەدەکرد کە کەرکووک بگیرێ، ئەوەی پێم خۆشە لە خزمەتی ئیوە بیڵێم، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمە بۆیە پێشبینیمان نەدەکرد، چونکە پێشبینیمان نەدەکرد کە ئێستا لە کوردستان خەڵکێک هەبێ و خیانەت بکات، رووی قسەی ئێمە لە خیانەتکارانە، ئێمە کە باسی خیانەت دەکەین، کەسانێک  پێی پەست دەبن و کاتێ باسی دەکەین دێنە سەرهێڵ و وەڵام دەدەنەوە، ئێمە باسی هیچ کیانێک و قەوارەیەکی سیاسیی هەریم ناکەین، تەنیا ئەو کەسانە نەبێ کە خیانەتیان کرد.
مەسروور بارزانی، لە گوتارەکەیدا بۆ جەماوەری پارتی گوتیشی، رێگری لەو کەسانە بکەن كه‌ رێگرییان لە ئەنجامەکانی ریفراندۆمی ئێوە کرد، ئەوانەی رێگرییان کرد، ئێستا شایەنی ئەوە نین دەنگیان پێبدرێ، چونکە سبەینێیش بەرگریی لە مافی ئێوە ناکەن، ئەوانەی رەنجیان نەبینیوە و سەردانی ماڵی شەهیدانیان نەکردووە و لە سەنگەری پێشمەرگەدا نەبوونە، چۆن متمانەیان پێدەکرێ کە دەنگیان پێبدرێ؟.

لە کۆتایی گوتارەکەیدا مەسروور بارزانی ڕووی په‌یامی ئاراسته‌ی گه‌نجان كرد و رایگەیاند، گەنجەکان ئێوه‌ کە چاوتان لەوەیە کوردسانێکی سەقامگیر و ئاوەدانتر هەبێ، بۆئەوەی ببن بە خاوەنی مافی خۆتان، دەبێ ئەو کوردستانە بپارێزن، ئێمە شەڕێکی ترمان لە پێشە، بەڵام ئەمجارە شەڕی دەستوورە، دەبێ متمانە بە کاندیدانی پارتی بدەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کەسێکی دیکە جورئەت نەکات لەشکر بنێرێتە سەر کوردستان، ئەگەر پێشمەرگەی ئێوە نەبێ، پارتی نەبێ، سەرۆک بارزانی نەبێ، هیچ کیانێک بە ناوی کوردستان  نامێنێ.. داوایش لە هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەین هاوپەیمانێتییەکی کوردستانی دروست بکرێ و، پارێزگاری لە نیشتمانی خۆمان بکەین.


 

هەواڵی پەیوەندیدار