هێمن هەورامی: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوەڕێی سەنگی پارتی دەکات

بەریتانیا-KDP.info-ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، هێمن هەورامی لە بەریتانیا لە نێو جەماوەری پارتیدا ڕایگەیاند، کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی و عێراقیش چاوەڕێی سەنگی پارتی دەکات.
ھێمن ھەورامی، ئەندامی سەركردایەتی و سەرپرشتیاری ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەكان لە ئەورووپا، سەرەتای مانگی ئایار، لە چوارچێوەی ئەو سەردانەدا كە بە بڕیاری سەركردایەتیی پارتی وەك سەرپەرشتیاری ھەڵبژاردنەكان لە ئەوروپا دەستنیشان كراوە، چەندین كۆبوونەوە و سیمینار و سەردانی مەیدانی بۆنێو كوردانی بەریتانیا ئەنجام دا.
هەورامی سەرەتا لە شاری لەندەن كۆبوونەوەیەكی فراوانی بۆ ئەندامان و لایەنگرانی پارتی لە لەندەن ئەنجام دا، بۆ ڕۆژی دواتریش لە شاری کۆڤێنتری بەریتانیا لەگەڵ سەرجەم كادیران و ھەڤاڵانی پارتی كۆ بووەوە. ڕۆژی ٤ی ٥ی ٢٠١٨ش لە شاری لیدز كۆڕێكی فروانی ئەنجام دا.
ھێمن ھەورامی لە بەریتانیا و لە ھەموو دانیشتنەكانیدا ئەو پەیام و ڕێنماییانەی گەیاندە كوردانی تاراوگە كە ستراتیژیی سەركردایەتیی پارتی بۆ ئەم ھەڵبژاردنە بووە. ھەروەھا بەرنامە و پلانی دوای ھەڵبژاردنەكانی پارتی بۆ كوردانی بەریتانیا خستە ڕوو و گوتی: "ڕاستە پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕیزبەندی یەكەمدایە بۆ ھەر مومارەسەیەكی دیموكراسی لە كوردستاندا، بەڵام مەبەستمانە دەنگی كورد زۆرترینی لای پارتی بێت بۆ ئەوەی بەغدا و كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بزانن ئەو دەنگەی كە ڕیفراندۆمی پێ چێنرا، ھەر ئەودەنگەیە لە بەغدا داكۆكی لەسەر مافە دەستووری و یاسایی و نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان و خاكی كوردان دەكا. جاران زۆرێك لێرە و لەوێ باسیان لە ھێزی خۆیان لە تاراوگە دەكرد، بەڵام ھەڵبژاردنی خولی پێشووی عێراق ئەوەی یەكلا كردەوە كە شەرعییەتی زۆرینەی نوێنەرایەتیی كورد، ھەموو كات لای پارتی بووە و پارتییە دەتوانێت پارێزەری ڕاستەقینە بێت، بۆیە دەبێ ھێزی پارتی ھەموو كات لە ھێزەكانی دیكە بەھێزتر بێت. چونكە ھێزی لایەنێك ١٦ی ئۆكتۆبەری خوڵقاند، گەر ھێزەكەی پارتی بەھێزتر نەبوایە ئەواداستان و ملشكاندنی پردێ و سحێلاش سەرنەدەكەوت، ئێمە لەم دیدگایەوە دەمانەوێت زۆرینەی دەنگەكانی كوردمان بە دەستەوە بێت لە بەغدا."
ھەورامی ئەویشی گوت: ئێستا عێراق و كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، چاوەڕێی سەنگی پارتی دەكەن، چونكە پێوانەی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان لای ئەوان، پارتییە. نەك ئەو لایەنانەی نان و پیاز بە پرسی كوردەوە دەخۆن بۆ بەرژەوەندیی تەسكی حزبی و بگرەزۆرجاریش شەخسی."
ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی پارتی تەئكیدی لەوە كردەوە، كە دەبێ گوڕوتینێكی گەورە بخەنە بەرخۆتان بۆ ئەم شەڕە دیموكراسییە و دەبێ پارتی لە كێشانیدا نیوەی زیاتری ھەرێمی كوردستان پێك بێنێت.
سەنگەر ھەورامی

__2018_05_05_h15m11s27__ER.jpg)



