٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لاوانی سلێمانی: هاتنی نێچیرڤان بارزانی، هیوای سەركەوتنی زیاتری پێ بەخشین

سەرچاوە: KDP.info

 

سلێمانی-KDP.info-  ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لە سلێمانی–هەڵەبجە،‌ بە ‌ئامادەبوونی نێچیرڤان با‌رزانی، كەرنەڤاڵێكی گەورەی جەماوەریی بۆ پشتیوانی لە لیستی 184ـی پارتی ساز كرد و، ئامادەبووانی كەرنەڤاڵەكەیش دەڵێن، هاتنی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی، ئومێدی سەركەوتنی زیاتری پێ بەخشیون، هەر بۆیە دڵنیان ڕۆژی 12/5 سلێمانییەكان لستی 184 هەڵدەبژێرن.

پەپوولە سەردار ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "بەخێرهاتنی دەوڵەتمەدار نێچیرڤان بارزانی دەكەم بۆ شاری سلێمانی، پشگیریی قسەكانی دەكەین كە لە كۆبوونەوە جەماوەرییەكەدا بۆی كردین، چونكە ئێمەیش هیلاك بووین و دەڵێین، ئیتر بەسە ئیرهابی فیكری لە شارەكەماندا، با بۆ هەموو لایەكیش ڕوون بێت، هەرگیز پارتی و سلێمانی لە یەكدی جیا ناكرێنەوە و سلێمانی شاری پارتی و بارزانییە".

هاوكات سەردار ئەحمەد گوتی: "ئەگەر هەر تاكێكی كوردستان مێژووی كورد بخوێنێتەوە، لە تەواوی قۆناخە جیاجیاكاندا، ئەوەی بۆ دەردەكەوێت كە پارتی دیموكراتی كوردستان قوربانیی بێشوماری داوە بۆ ئازادی و سەرخستنی گەلەكەمان، بۆیە ئەگەر بمانەوێت بە هێزەوە بمێنینەوە، دەبێ دەنگ بە لیستی 184ـی پارتی بدەین".

سۆران فیراسیش، كە گەنجێكی تری بەشداربووی ئاهەنگەكە بوو، ئاماژەی دا: "ڕوانگەی ئێمە بۆ پارتی ئەوەیە كە، ئەو حیزبە لە باب و باپیرانەوە بۆمان ماوەتەوە كە هەمیشە دڵنیاین وەفای پارتی بۆمان ئەوەیە كە دەیەوێت كوردستانەكەمان بەرەو سەربەخۆیی و سەرفرازی بەرێت، بۆیە بۆ هەڵبژاردنەكانی ڕۆژی 5\12 پشتیوانی لە لیستی 184ـی پارتی دەكەین، تاوەكوو بتوانین تیمێكی بەهێزی پشتیوانی لە كوردستان، بنێرینە بەغدا".

پێوەست بە ئیرهابی فیكرییش لە شاری سلێمانی، فیراس گوتی: "لەم هەڵبژاردنەدا، ئەندامان و لایەنگران و كوردپەروەران بە دەنگدانیان بە پارتی، ئیرهابی فیكری دژی كوردستانیان كە چەند ساڵێكە لە لایەن چەند حیزبێكەوە دەستی پێ كردووە، لە گۆڕ دەنێن، پێویستە پارتی بكەینە حیزبی یەكەمی سلێمانی، تاوەكوو سلێمانییش لە شاری باڵ و دەنوك و ململانێی ناشەریفانەی سیاسیی ئەم گرووپانە ڕزگار بكەین و دەست بكرێت بە ئاوەدانكردنەوەی شارەكەمان".

كازیوە نەسرەددین، كچە لاوێكی تری شاری سلێمانییە و دەڵێ: "من وەك كادیرێكی پارتی، شانازی دەكەم پەروەردەی قوتابخانەی بارزانیی نەمرم و ئامادەم تا ڕۆژی مردن پیشتیوانیی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەم، چونكە ئەوە پارتەكەی منە شانازیی بنیاتنانەوەی كوردستانی پێ دەبڕێت، پاش ئەوەی لە دەستی ڕژێمی دیكتاتۆری عێراق ڕزگار كرا لە بەهاری ساڵی 1991ـدا".

ئەو دەشڵێ: "ئەو لق و پۆپانەی كە لە حیزبەكان جیا دەبنەوە و هەر گەڕەكێكی سلێمانی حیزبێكی تێدا ڕادەگەیێنن، جگە لە زیان، هیچیان بۆ شارەكەمان نەكردووە، بۆیە تاكە حیزب كە بەهێز بێت و كوردستانیش بە بەهێزییەكەی بەسراوەتەوە، پارتی دیموكراتی كوردستانە نەك ئەو حیزبانەی كە تەنیا شەڕ بە سلێمانی دەكەن، نەك شەڕ بۆ سلێمانی بكەن".

لەناو ئاهەنگگێڕانی پارتیدا لە سلێمانی، دیمەنی جوانی كۆدیا هۆشمەند، كە باڵای سەرتاپا بە ئاڵای كوردستان داپۆشیبوو، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوونی كردەوە: "هاتنی ئەم هەزاران كچ و كوڕە لاوانەی سلێمانی ئاهەنگگێڕان و گوێگرتن لە گوتاری مێژوویی جێگری سەرۆكی پارتیمان، ئەوەمان پێ دەڵێت كە، سەرباری ئەو هەموو ئیرهابە فیكرییەی دژی پارتی و ئەندامانی بە بەرنامە بەڕێوە دەچێت، ڕەت كراوەیە و سلێمانییەكان پارتی لە خۆیان جیا ناكەنەوە".

كۆدیا گوتیشی: "ئێمە زۆر خۆشحاڵ بووین و هاتنی كاك نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی، ئومێدی سەركەوتنی زیاتری پێ بەخشین، بۆیە دڵنیاین ڕۆژی 12/5، هاووڵاتیانی سلێمانی لیستی 184 هەڵدەبژێرن".

 

هێڤیار هەڵەبجەیی

هەواڵی پەیوەندیدار