نێچیرڤان بارزانی: هەندێ لایه‌ن شه‌ڕ بۆ سلێمانى ناكه‌ن، شه‌ڕى پێده‌كه‌ن

سلێمانی-KDP.info- له ه‌كرنه‌ڤاڵێكی جه‌ماوه‌ریی فراواندا كه له سلێمانی ساز درابوو، له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه كه هه‌میشه ئۆباڵی خزمه‌تنه‌كردنی خه‌ڵك و پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی پێویست بۆ سلێمانی، ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی پارتی، نێچیرڤان بارزانی ڕایگه‌یاند، ''ئه‌م قسانه ڕۆژ بەڕۆژ بێ ماناتر و بەتاڵتر دەبن. ئێستا زۆر لە گەنجانی سلێمانی دەزانن كە هەندێ حیزب شەڕ به سلێمانی دەكەن، بەڵام ئێمە دەمانەوێ شەڕ بۆ سلێمانی بكەین. به‌ڵێ، ئه‌وان شه‌ڕ بۆ سلێمانى ناكه‌ن، شه‌ڕ به سلێمانى ده‌كه‌ن.''
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی ٤ی ئایاری ٢٠١٨، بە ئامادەبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی پارتی، بۆ بانگەشە بۆ لیستی ١٨٤ و ناساندنی کاندیداکانی پارتی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاهەنگێکی جەماوەریی بەرفراوان لە شاری سلێمانی ساز کرا.
لەو ئاهەنگەدا کە ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنوورى سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه، ڕاپه‌ڕین و گه‌رمیان، بەشدار بوون، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان وتاریکی پێشکەش کرد.
لە وتارەکەیدا نێچیرڤان بارزانی وێڕای ده‌ربڕنی خۆشحاڵی بۆ ئامادەبوونی لە شاری سلێمانی، ئاماژەی بە مێژووی پڕشکۆی خەباتی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان لە سلێمانی کرد، کە بووەتە هۆی بەستنەوەی هەتاهەتاییی سلێمانی و پارتی بە یەکترەوە. ڕێزگرتنی پارتی و بارزانییەکان لە سلێمانیشی بۆ ئامۆژگاری و وانەکانی شێخ ئەحمەدی بارزانی گەڕاندەوە، لەوانە به‌هاناوه‌چوونى شۆڕشی شێخ مەحموود لەلایەن بارزانیی نەمر و پێشمەرگه بارزانییەکانەوە.
هاوكات ڕۆڵی خەڵکی شارەکەی لە یارمەتیدانی بارزانیی نەمر و دەربازکردنی لەو شارە لە چلەکانی سەدەی ڕابردووی، بە ڕۆڵێکی مەزن و لەیادنەکراو وەسف کرد. هەر بۆیە جه‌ختى لەسەر بەردەوامیی تێکەڵیی خانەوادەی بارزان لەگەڵ خانه‌واده گەورەكانی سلێمانی کردەوە كه هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش ده‌مێنێته‌وه.
نێچیرڤان بارزانی باسی لەو ئیرهابە فكری و سیاسییە کرد کە هەندێ لایەن دژی پارتی له سلێمانى ئه‌نجامى ده‌ده‌ن كە به‌شێكى زێڕ‌ینى مێژووی پارتی نووسیوه‌ته‌وه. لەو بارەیەوە، سوپاس و پێزانینی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی پارتی بە خەڵکی سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەری گەیاند کە سەرەڕای ئەو ئیرهابە فیکرییە، وەفادارترن بۆ پارتی و ڕێبازی بارزانی و دڵنیای کردنەوە ئەو ئیرهابە لە لێواری لەناوچووندایە و ئەوانیش بە سه‌ربه‌رزی و سه‌رفرازی ده‌مێننه‌وه.
جێگری سه‌رۆكی پارتی، باسی لە هەڵوێست و بۆچوونی ئەو حزب و کەس و لایەنانەی سلێمانی کرد کە شارەکەیان بۆ مەرامی سیاسیی خۆیان بەکار هێناوە و ژیانیان لە خەڵکەکەی تاڵ کردووە، بەوەی کە هەمیشە هەوڵی جیاکردنەوەی سلێمانییان داوە و دەیانەوێ بێدەنگ بێت بەرامبەر دەسەڵاتداری غەیرەكورد و تووند بێت بەرامبەر دەسەڵاتداری كورد و ئاشكرای كرد، كه ئەوانە ڕێز له قوربانییه‌كانى خەڵكی سلێمانی ناگرن، شارەزای خەڵك و مێژووی خه‌باتی ئه‌م ده‌ڤه‌ره نین.
جێگری سەرۆکی پارتی، سلێمانی بە مەڵبەندی حزبەکەی دانا و، خۆڕاگریی پێشمەرگەکانی لە بەرامبەر لەناوچوونی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕینی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە بەشێكی خوێنی پارتی لە خوێنی ڕەسەنی سلێمانییە. هەروەها ڕای خەڵکی سلێمانی لەگەڵ نوخبەیەكی سیاسیی ساردوسڕ بەرامبەر بە ئامانج و پرسە نەتەوەییەكان بە دوور زانی و هاووڵاتییانی شارەکەی بە هاوبیری پارتی دانا له بڕوابوون و قوربانیدان بۆ سه‌ربه‌خۆیى.
نێجیرڤان بارزانی داوای له خه‌ڵكى سلێمانى و سنووره‌كه كرد، ئەمجارە زیاتر لە هەموو جارێك دەنگ به لیستی 184ی پاتی دیموكراتی كوردستان بدەن کە سەلماندوویەتی بۆ مافەکانی گەلی کوردستان لە بەغدایە و لەپێناو یەکڕیزیدا دەستبەرداری پۆستەکانی بوو. بۆیە دووپاتی کردەوە، کە پشتگیری‌یان له پارتى، ده‌رفه‌تى زیاتر بۆ پارتى ده‌ڕه‌خسێنێت كه چ له به‌غدا، چ له كوردستان خزمه‌تى زیاترى ئه‌م سنووره بكات.
هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند، كه پارتی یستوویه‌تی و هەوڵی داوه وەك هەولێر و دهۆك، ئاوەدانیی زیاتر و پێشكەوتنی زیاتر بۆ سلێمانی و ته‌واوى ئه‌و سنووره به‌دی بهێنێت، بەتایبەت لە ڕووی خوێندن، گەشتیاری و وەبەرهێنان و ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتری کار بۆ گەنجان و خزمەتکردنی سلێمانیی بە ئەرکی خۆیان زانی.
نێچیرڤان بارزانی ڕووی لە هەندێک بەرپرسی حزبەکانی دیکە لە سلێمانی کرد، كه شکستەکانی خۆیان دەخەنە سەرشانی پارتی و بە ناوی ئامادەبووانەوە پێی گوتن: ئیتر تا ئێرە و بەس، واز بهێنن لە هێرشکردنی بە ئەنقەست بۆ سەر پارتی و چەواشەکردنی خەڵکی سلێمانی کە لە چوارچێوەی ئەو ئیرهابە فیکرییەدا کراون. لەوەش دڵنیا بوو کە ئەوانەی هەموو كەموكورتییەكانی سلێمانی دەخنە ملی پارتییه‌وه، لای خەڵكی سلێمانی، قسەكانیان تەواو سواون. هاوڕاش بوو لەگەڵ گەنجانی شارەکە کە ئه‌و حزبانە شه‌ڕ بۆ سلێمانى ناكه‌ن، بەڵکوو شه‌ڕ به سلێمانى ده‌كه‌ن.
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر پێویستیی ئاوەدانکردنەوەی زیاتری شارەکە کردەوە لە ڕووی کار و بووژاندنەوەی بازاڕ و ڕەخساندنی دەرفەتی كار و چالاكیی هونەری و ئەدەبیی زیاتر بۆ گەنجانی داهێنەری سلێمانی. هه‌روه‌ها گوتى بڕیاری پێشكەشكردنی سلفەی هاوسه‌رگیری بۆ گەنجان و سلفەی خانوبه‌ره بۆ خەڵكی كوردستان، دەستپێشجەریی پارتی بووه لە كابینەی پێنجەمدا، لەگەڵ یارمەتیدانی جوتیاران و دانانی نەخشەی ستراتیژی بۆ پێشخستنی كشتوكاڵ.
جێگری سەرۆکی پارتی، بەپارێزگابوونی هەڵەبجەیشی بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی پارتی لە بەغدا گەڕاندەوە و دووپاتی کردەوە کە بەردوام دەبن لە دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەڵەبجە لە بەغدا و هەروەها قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال.
هاوكات ئاماژەی بەوە کرد، کە نابێ ململانێی باڵ و گرووپ و حزبەكان تێكەڵی كارە ئیدارییە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەت لە سلێمانی بكرێت. بۆیە بۆ بەرگریكردن لە مافەكانی گەلی كوردستان، بۆ ئیدارەیەكی باش و پڕۆژەی گەورە و گەشاوە، داوای لە خەڵكی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و سنووری ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین کرد، لەم هەڵبژاردنە و له هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، دەنگ به پارتی دیموكراتی كوردستان بده‌ن.
نێچیرڤان بارزانی، خۆڕ‌اگرى و به‌رگریكردن له خاكى كوردستان، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى پیلانگێڕه ناوخۆیى و ده‌ره‌كییه‌كان و شكستپێهێنانى پیلانه‌كانیان، كردنه‌وه‌ى ده‌رگاى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا و كردنه‌وه‌ى ده‌رگا دیپلۆماسییه‌كان به‌ڕووى هه‌رێمی كوردستاندا، ده‌سپێكردنى چاره‌سه‌ركردنى كێشه داراییه‌كانی بۆ سیاسەتی پارتی گەڕاندەوە و ڕایگەیاند کە ئه‌گه‌ر ئه‌و هاتووچۆی بەغدای ئەو ده‌سته ناوخۆییانه نه‌بوونایه كه هه‌وڵیان دا پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان لاواز بكه‌ن، هه‌موو كێشه‌كان زۆر زووتر و خێراتر چاره‌سه‌ر دەکران.
هه‌روه‌ها بڕینی بودجە، شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت و هاتنی بەلێشاوی ئاوارە و پەنابەرانى بۆ هەرێمی کوردستان بە کێشە سەرەکییەکانی بەردەم حکوومەتی هەرێم دانا کە وایانکرد پلان و كاری ڕاستكردنەوەی بارە تێكدراوەكە، تا ڕادەیەكی زۆر په‌یوه‌ست بێت به كات، هیوایشی خواست ئەو پڕۆژە گەورەیە لە پەرلەمان پەسەند بکرێت کە حکوومەت بۆ چاکسازیی بنەڕەتی پێشکەشی کردووە.
نێچیرڤان بارزانی وێڕای دووپاتکردنەوەی باوەڕی نەگۆڕی پارتی بە مافی دیاریكردنی چارەنووس بۆ نەتەوەی كورد لەسەر خاكی وڵاتەكەی، پیلانەکانی کەسانێکى باس كرد كه دەیانویست هێزە عێراقییەکان پەلاماری هەولێر و دهۆک بدەن و قەوارەی هەرێمی کوردستان بخەنە مەترسییەوە و دوو ئیدارەیی دروست بکەنەوە، بەڵام بە خۆڕاگریی ڕۆڵه‌كان و پێشمه‌رگه‌كانی ئێوه لە پردێ و سحێلا، به یەكدەنگیی گه‌لى كوردستان لە دژی ئەو پیلانە وه‌ستانه‌وه، ئەوەشی بە شەرەفێکی گەورە بۆ خەڵکی سلێمانی و پێشمەرگەکانی و پارتی و جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى وەسف کرد.
کارکردن بۆ ئارامیی عێراق و ناوچەکەی بە ئەرکی حزبەکی دانا و باوەڕی وابوو کە بەرژەوەندیی كوردستان لە ئاشتیدایە، نەك لە شەڕ و نائارامبوونی ناوچەكەدا، لەبەر ئەوە ئێستایش لایەنە عێراقییەكان وەك لایەنێكی سەرەكی بۆ داهاتوو، تەماشای پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن و قسەی لەگەڵ دەكەن. لەو ڕووەوە، داوای کرد دوای هەڵبژاردنەكان پێكەوە به یه‌كگرتوویى دابنیشن و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە براوە عەرەبییەكانی عێراقدا بكەن و لەبەر بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و سەختیی بارودۆخەکەی عێراق، یەکگرتوویی لایەنەکانی بە پێویست زانی.
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان وێڕای ناساندنی کاندیدەکانی پارتی، هیوای خواست هەمووان لەو ڕۆژەدا به گوڕوتینه‌وه به‌ره‌و سه‌ندووقه‌كانی ده‌نگدان بچن و ده‌نگ به لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بده‌ن، هه‌روه‌ها هیواى خواست له هه‌ڵبژاردنه‌كانی دیكه‌ی كوردستاندا به خۆشی و هێز و گوڕ و تینێكی زیاتره‌وه یه‌كتری ببیننه‌وه.
ده‌قی وته‌ی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان:
هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن، به‌خێر بێن سه‌رچاو، زۆر سوپاستان ده‌كه‌م كه ماوه‌یه‌كی درێژه له‌به‌ر ئه‌م بارانه خۆڕاگر بوون و هه‌مووتان له ڕێگه‌ی دووره‌وه هاتوون له شوێنه‌كانی تر له سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه، ڕانیه، قه‌ڵادزێ و گه‌رمیان و هه‌موو ئه‌و شوێنانه. هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن.
له بیرم دێ سلێمانى كه دارولمولكى بابان بوو
نه مه‌حكوومى عه‌جه‌م، نه سوخركێشى ئالى عوسمان بوو
خەڵكی خۆشەویستی سلێمانی،
جەماوەری ورەبەرزی پارتی لە سنوورى سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه، ڕاپه‌ڕین و گه‌رمیان،
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
كوردستانییانى خۆشه‌ویست،
ئەوانەی له هه‌ر كوێ بێت، تەماشامان دەكەن و گوێمان لێدەگرن،
سڵاوتان لێ بێت، ئێواره‌تان باش..
به‌ڵێ.. تا ژیان بەردەوام بێت، سلێمانى هەر دارولمولكی بابانە و هەر مەحكوومی ئیرادەی خەڵكی هۆشیار و تێكۆشەر و كوردپەروەرەی شاره‌كەیەتی.
زۆر خۆشحاڵم كە لە شاری هەڵمەت و قوربانی لەگەڵ ئێوەم، لە پایتەختی ڕۆشنبیریی كوردستان‌م، لە شاری بەشێكی زۆر لە شەهیدە قارەمانەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان به ئێوه شاد ده‌بم، به‌خێر بێن. جوامێریی خەڵكی سلێمانی لەگەڵ بارزانیی نه‌مر و بارزانییە دوورخراوەكان، خەباتی دامەزرێنەرانی پارتی لە سلێمانی، خۆڕاگریی پارتییەكانی سلێمانی، قارەمانیه‌تیی مەفرەزەكانی پارتی لەناو گەڕەكەكانی سلێمانی لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا، خوێنی شەهیدە سلێمانییەكانی پارتی، سلێمانی و پارتییان بۆ هەتاهەتایە بەیەكتر بەستووەتەوە، بۆیەش ئێمە ئەمڕۆ لێرەین و لە داهاتووشدا لە سلێمانی و له‌م سنووره بە هێزێكی زۆره‌وه به پشتیوانیی ئه‌م خۆڕاگرانه ده‌مێنینه‌وه.
جه‌نابى سه‌رۆك بارزانی له ئەیلوولی ساڵی 2013، لێرە لەبەردەم ئێوەدا فەرمووی: ئێمە بە ڕۆح قەرزاری سلێمانین، بە ڕاستیش هەروایە. ئێمە لە خانه‌واده‌ى بارزان، شێخی گەورەمان جەنابی شێخ ئەحمەدی بارزانی وا فێرى كردووین كه هەمیشە ڕێزی سلێمانی بگرین و هەمیشە سلێمانیمان خۆشبوێت. هەر لەبەر ئەوەش بوو لە كاتی شۆڕشی شێخ مه‌حموودى نه‌مردا، بارزانیی نەمر لەگەڵ ژمارەیەك له پێشمه‌رگه بارزانییه‌كان لەلایەن جەنابی شێخەوه ڕاسپێردران تاكو یارمەتیی جەنابی شێخ مەحموود بده‌ن.
چلەكانى سه‌ده‌ى ڕابردوو كە بارزانیی نەمر و كۆمەڵێك شۆڕشگێڕی بارزانی بۆ سلێمانی دوور خرانەوە، خەڵكی سلێمانی له‌و كاته‌دا لە دەمی خۆیان دەگرتەوە و دەیاندایە ئەوان، دواتریش هه‌ر به یارمه‌تیی خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی ئه‌م شاره، بارزانیی نەمر لە سلێمانی دەرباز كرا و گەیشتەوە بارزان و لەوێ شۆڕشی كوردی جارێكی تر هەڵگیرساندەوە. بۆیه تێكەڵاویی خانه‌واده‌ى بارزان لەگەڵ خانه‌واده گەورەكانی سلێمانی زۆر كۆنە و هەمیشە بەردەوام بووە، ئێستاش بەردەوامە و هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش ده‌مێنێته‌وه.
ئامادەبووانی خۆشەویست،
خەڵكی بەڕێزی سلێمانی،
ئێمە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق‌داین، دەبێ باسی بارودۆخی عێراق و پەیوەندیی كوردستان و عێراق بكەین، بەڵام بە ڕاستی بە دەرفەتی دەزانم لێره بە ڕاشكاوی قسە لەسەر هەندێ خاڵ بكەم كە پەیوەندییان بە پارتی و سلێمانی و ئەو ئیرهابە فكری و سیاسییەوە هەیە كە لەلایەن هەندێ كەس و لایەنەوە دژی پارتی لەم شارەدا ده‌كرێت. ئیرهابی فیكری له‌سه‌ر پارتى لە شارێكدا ده‌كرێت كە به‌شێكى زێڕ‌ینى مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستانى نووسیوه‌ته‌وه.
جەماوەری خۆشەویستی پارتی لە سلێمانی، هەڵەبجە، هەورامان، شارەزوور، شارباژێڕ، گەرمیان، قه‌ڵادزێ، پشدەر و بیتوێن، بە ڕاستی با پێتان بڵێم ئەگەر ئێمە جارێك پارتی بین، ئێوە دوو جار پارتین. ئەگەر ئێمە وەفاداری پارتی بین، ئێوە لە ئێمە وەفادارترن بۆ پارتی و ڕێبازی بارزانی، ئێوه وه‌فادارترن چونكە ئێوە لەناو ئیرهابێكی فیكریی سیستەماتیكدان كه له‌و ده‌ڤه‌ره دژی پارتی ده‌كرێت. بۆیە ده‌مه‌وێ له‌م ڕۆژه‌دا بە ناوی جه‌نابى سه‌رۆك و سه‌ركردایه‌تیى پارتییه‌وه پێتان بڵێم: سوپاس و ئافەرین بۆ خۆڕاگریتان! لە هەمان كاتدا مژدەی ئەوەتان پێدەدەم كە ئەو ئیرهابە فیكرییە لە لێواری لەناوچووندایە و لەناو دەچێت، ئێوه‌ش خۆشه‌ویستان و تێكۆشه‌ران و ڕێبوارانی ڕێگه‌ی پارتی و بارزانی به سه‌ربه‌رزی و سه‌رفرازی ده‌مێننه‌وه.
بە هەموو كادیر، لایەنگر، خێزانە پارتییەكان و خانه‌واده گەورەكانی سلێمانی دەڵێم، لەو ماوەیەدا هێزێكی زیاتر بدەنە خۆتان بۆ ئەوەی بە تەواوی ئەو ئیرهابە فیكرییە لەگۆڕ بنێین، تاكو گەشبینی و یەكگرتوویی و ئارامی و خۆشی بۆ تەواوی سنوورى سلێمانی بگه‌ڕێته‌وه.
ئەوانەی وا دەزانن سلێمانی شاری پۆپۆلیزم و شەعبەویەتە، ئەوانەی وا دەزانن سلێمانی حەزی لە ژاوەژاوی حیزبییە، ئه‌وانه‌ى بۆ مه‌رامى سیاسى و ململانێى حزبى، خۆشییان نه‌هێشتووه و ژیانیان له‌م شاره تاڵ كردووه، ئەوانەی وا دەزانن سلێمانی حەزی لە زمان و گوتاری سیاسیی زبرە، ئه‌وانه‌ى هه‌وڵیان داوه سلێمانى له كوردستان جیا بكه‌نه‌وه، ئەوانەی وا دەزانن سلێمانی دەیەوێ بێدەنگ بێت بەرامبەر دەسەڵاتداری غەیرە كورد و توند بێت بەرامبەر دەسەڵاتداری كورد، ئەوانە ڕێز له قوربانییه‌كانى خەڵكی سلێمانی ناگرن و شارەزای خەڵك و مێژووی خه‌باتی ئه‌م ده‌ڤه‌ره نین.
به‌ڕێزان..
سلێمانی مەڵبەندی خەباتی ئازادیی نیشتیمانی و نەتەوەیی كورد بووە، هەر بۆیەش مەڵبەندی پارتی بووە. پارتی كە ئاڵای ئازادیی كوردستانی هەڵگرتووە و پێشمەرگەكانی پارتی ڕێگەیان نەدا قەوارەی هەرێمی كوردستان و دەستكەوتەكانی ڕاپەڕین لەناو بچن، لەبەر ئەوەیە چونكە بەشێكی خوێنی پارتی لە خوێنی ڕەسەنی سلێمانییە.
خۆشه‌ویستان، به‌ڕێزان..
هەرگیز ڕای نوخبەیەكی سیاسیی سارد و سڕ بەرامبەر بە ئامانج و پرسە نەتەوەییەكان، ڕای خەڵكی سلێمانی نەبووە و نە ئێمە و نە هیچ كوردێكیش لە كوردستان بەو چاوە سەیری سلێمانى ناكات. پارتى و خه‌ڵكى سلێمانى هاوبیرن له بڕوابوون و قوربانیدان بۆ سه‌ربه‌خۆیى، هەر لەبەر ئەوەشە چاوەڕێین ئەمجارە خەڵكی سلێمانی زیاتر لە هەموو جارێك دەنگ به لیستی 184ی پاتی دیموكراتی كوردستان بدات، چونكە پارتی جارێكی دیكەش لە چوار ساڵی ڕابردوودا سەلماندییەوە كە بۆ مافه‌كانی گه‌لى كوردستان له به‌غدایه، نەك بۆ پله و پایه و پۆست، ته‌نانه‌ت له‌پێناو یه‌كڕیزیدا كه مه‌رجى سه‌ركه‌وتنمانه، بۆ لایه‌نه‌كانى تر ده‌ستیشمان له پۆسته‌كانمان به‌ردا.
ئەوكاتەش كە زانیمان دژایەتیكردنی مافەكانی كورد هەموو ماددەكانی دەستووری تێپەڕاندووە، پۆستە بەتاڵبووەكانیشمان لە بەغدا پڕ نەكردەوە، چونكە ئامانجی ئێمە لە بەغدا پاراستنى مافە دەستوورییەكانى گه‌لى كوردستانە، نەك دانیشتن لەسەر كورسییەكان.
خەڵكی خۆشەویستی سلێمانی،
من نەهاتووم گوتارێكی حەماسیتان بۆ بخوێنمەوە. هاتووم پێتان بڵێم نەمانویستووە و نامانەوێت وا تێبگەن ئێمە تەنیا ئاڵا و بارەگای پارتیمان هێناوه و دەهێنین بۆ پارێزگای سلێمانی. ئێمه تێڕوانینمان بۆ سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه، بۆ گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین، هه‌مان ئه‌و تێڕوانین و بیركردنه‌وه‌یه كه بۆ هه‌ولێر و دهۆك و هه‌موو ناوچه‌كانى كوردستان هه‌مانه. پشتگیریتان له پارتى، ده‌رفه‌تى زیاترمان بۆ ده‌ڕه‌خسێنێت كه چ له به‌غدا، چ له كوردستان خزمه‌تى زیاترى ئه‌م سنووره بكه‌ین. ئێمە ویستوومانە و هەوڵمان داوە وەك هەولێر و دهۆك، ئاوەدانیی زیاتر و پێشكەوتنی زیاتر بۆ سلێمانی و ته‌واوى ئه‌و سنووره به‌دی بهێنین.
ئێمه بۆ سلێمانى و ئه‌م سنووره به هه‌موو توانایه‌كه‌وه پاڵپشت بووین بۆ هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك له هه‌موو بواره‌كانى زانستى، گه‌شتیارى، ته‌ندروستى، خزمه‌تگوزارى و هه‌موو بواره‌كانى تردا.
ئەگەر مۆڵێك لە هەولێر كرابێتەوە، هەوڵمان داوە، وەبەرهێنەرەكانمان هان داوه بۆ ئه‌وه‌ى لە سلێمانیش ئه‌و كاره بكه‌ن، تاكو دەرفەتی كاری زیاتر بۆ گەنجانی سلێمانی فه‌راهه‌م ببێت و گه‌شتیاری زیاتر بۆ سلێمانی بێت. ئەگەر پڕۆژەیەكی گەشتیاری لە سلێمانی كرابێتەوە، هێنده‌ى بۆمان كراوە قەرزمان به‌و پڕۆژه‌یه داوه له‌به‌ر خاتری خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی سلێمانی.
هەر زانكۆیەك بۆ پێشكەوتنی خوێندنی گەنجانی سلێمانی كرابێتەوە، یارمەتیمان داوە. هەر پڕۆژەیەك بۆ خزمەتی خەڵكی سلێمانی بوو بێت، بەبێ باسكردن هاوكاریمان كردووە. ڕاستە ئێمە دەسەڵات نه‌بووین له سلێمانی، بەڵام به ئەركی خۆمان زانیوه كه خزمه‌تی سلێمانی بكه‌ین.
خۆشه‌ویستان، ڕاستە باسمان نەكردووە و چەندین ساڵیشە نەمانویستووە باسی بكەین، چونكه ئه‌ركى ئێمه بووه، بەڵام له‌م بانگه‌شه‌یه‌دا كه بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراقه، كه‌چى هه‌ندێ كه‌س و لایه‌ن به عه‌مدى بۆ هێرشكردنه سه‌ر پارتى به‌كارى ده‌هێنن و هه‌ر له سه‌ره‌تاوه وا نیشان ده‌ده‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ى بۆ په‌رله‌مانى كوردستان بێت، ئەو چەواشەكارییەی هەندێك بەرپرسی حیزبەكانی تر لە سلێمانی دەیكەن بۆ فڕێدانی شكستەكانی خۆیان بۆ سەر شانی پارتی دیموكراتی كوردستان، وامان لێدەكەن ئەمڕۆ به‌ناوی ئه‌م گردبوونه‌وه‌یه و به‌ناوی ئێوه‌ی خۆشه‌ویسته‌وه پێیان بڵێین: ئیتر تا ئێرە و بەس!
به‌ڵێ به‌ڕێزان،
هەرگیز هاوكێشە حیزبییەكان و ئەو ئیرهابە فیكرییەی لە دژی پارتی هەبووە، دەرفەتیان بە پارتی نەداوە وەك ئەوەی لە بیر و هزرماندایە، خزمەتی ئەو ده‌ڤه‌ره بكەین. سلێمانی بودجەی جیای خۆی لە حكوومەتدا هەبووە، ئیدارەی شارەكە و ئەو حیزبانە بەرپرس بوون لە خزمەتگوزاری و پڕۆژەكانی سلێمانی كە دەسەڵات و كورسییان لە سلێمانی زۆر بووە، ئه‌وان به‌رپرسیار بوون نه‌ك پارتى دیموكراتی كوردستان، بەڵام بەداخەوە زۆر جار ده‌بینین بۆ ڕاكردن لە بەرپرسیاریه‌تی و فڕێدانی ئه‌و شكستانه، هه‌موو جار باس له‌وه ده‌كه‌ن كه هه‌رچی كه‌موكوڕی هه‌یه خه‌تای پارتییه، ئه‌مه دووره له ڕاستی و به هیچ شێوه‌یه‌كیش ڕاست نییه. ڕاكردن له به‌رپرسیارێتی و فڕێدانی بۆ سەر ئەستۆی پارتی، بەشێك بووە لەو چەواشەكارییەی بەرامبەر به خەڵكى خۆشه‌ویستی سلێمانى كراوە، بەشێك بووە لە ڕێگەكانی ئەو ئیرهابە فیكرییەی دژی پارتی كراوە. به‌ڵام ئەمڕۆ خەڵكی سلێمانی خۆیان پێیان دەڵێن: بەسە چەواشەكاری و تەسلیمبوون به دەرەوە و نامانه‌وێ دووبه‌ره‌كیی ناوخۆیی دروست ببێت، ئەوانەی هەموو كەموكورتییەكانی سلێمانی دەخنە ملی پارتییه‌وه، لای خەڵكی سلێمانی، قسەكانیان تەواو سواون.
لای گەنجانی وشیاری سلێمانی، ئەو قسانەیان ڕۆژ بەڕۆژ بێ ماناتر و بەتاڵتر دەبن. ئێستا زۆر لە گەنجانی سلێمانی دەزانن كە هەندێ حیزب شەڕ به سلێمانی دەكەن، بەڵام ئێمە دەمانەوێ شەڕ بۆ سلێمانی بكەین. به‌ڵێ، ئه‌وان شه‌ڕ بۆ سلێمانى ناكه‌ن، شه‌ڕ به سلێمانى ده‌كه‌ن.
سلێمانی جوانە، دەبێ جوانتر بكرێت. سلێمانی شارێكی ئاوەدانە، دەبێ باشتر ئاوەدان بكرێتەوە و كار و بازاڕی زیاتر ببووژێندرێتەوە، دەرفەتی كار و چالاكیی هونەری و ئەدەبیی زیاتر بۆ گەنجانی داهێنەری سلێمانی بڕەخسێندرێت.
شانازیى ئه‌وه‌مان پێ بڕواوه كه شارى هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هید، ڕه‌مزى مه‌زلوومییه‌تى گه‌لى كوردمان كرد به پارێزگا، بۆ ئه‌مه كارێكى زۆرمان له به‌غدا كرد، له داهاتووشدا هه‌موو هه‌وڵمان بۆ ئه‌وه ده‌بێت كه هه‌موو ماف و شایسته‌كانى هه‌ڵه‌بجه وه‌ك هه‌ر پارێزگایه‌كی تر، ده‌سته‌به‌ر بكرێن. هه‌روه‌ها هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین كه قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه كه دادگای فیدرالی تاوانه‌كان له عێراق به بڕیارێك هه‌ردوو كه‌یسی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفالیان به جینۆساید ناساندووه. ئێمە شانازی دەكەین كە سلێمانیمان كردە پایتەختی ڕۆشنبیری، بەڵام دەمانەوێ بە كردەوە و دەزگا و فیستیڤاڵی گەورە، ئەوە زیاتر بچەسپێنین.
نابێ ژیان و پێشكەوتن لە سلێمانی بە ڕكابەریی توند و بەردەوامیی گرووپ و لایەنەكان بخرێتە پەراوێزەوە، ململانێی باڵ و گرووپ و حیزبەكان بكرێتە باسی ڕۆژانەی خەڵكی سلێمانی و به‌رده‌وام خه‌ڵكى پێوه سه‌رقاڵ بكرێت. نابێ ئەو ململانێیە تێكەڵی كارە ئیدارییە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەت بكرێت لە سلێمانی.
هه‌موو ئه‌وانه‌ى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراقیان قۆستۆته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى هێرش بكه‌نه سه‌ر پارتى و جگه له‌وه هیچى تریان پێ نییه بۆ شاری سلێمانی، ئێوه‌ش خۆشه‌ویستان و خه‌ڵكی به‌ڕێزى سلێمانى و كوردستان به‌گشتى باش ده‌زانن لە چەند ساڵی ڕابردوودا دەركەوتووە، پارتی لە هەر شوێنێك دەسەڵاتدار و به‌هێز بووبێت، ڕێكخستن و ئیدارە و ئاوەدانی زیاتر لەوێ بووە، بۆیه له‌م ڕۆژه‌دا داواتان لێ ده‌كه‌م پشتگیریمان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى مافه‌كانتان له هه‌رێم و له به‌غدا پارێزراوتر بن.
ئێستا كە ئیرهابی فیكری بەرامبەر پارتی لە سلێمانی بەرەو لاواز بوونه و په‌نا به خوا و به هیممه‌تی ئێوه به‌ره‌و لەناو چوون ده‌ڕوات، دەمانەوێ بە دەنگی خەڵكی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه و هه‌ورامان و گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین، بە هێزی گه‌وره‌وه بگه‌ڕێینه‌وه به‌غدا و پارێزه‌رێكى سه‌رسه‌ختى مافه‌كانتان بین له‌وێ و له هه‌موو شوێنێك.
بۆ بەرگریكردن لە مافەكانی گەلی كوردستان، بۆ ئیدارەیەكی باش و پڕۆژەی گەورە و گەشاوە، داوا لە خەڵكی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و سنووری ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین دەكەین، لەو هەڵبژاردنە و له هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، دەنگ به پارتی دیموكراتی كوردستان بده‌ن.
خۆشه‌ویستان..
سیاسه‌تى پارتى بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌پێى قۆناغ بریتى بووه له خۆڕ‌اگرى و به‌رگریكردن له خاكى كوردستان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى پیلانگێڕییه ناوخۆیى و ده‌ره‌كییه‌كان و شكستپێهێنانى پیلانه‌كانیان، كردنه‌وه‌ى ده‌رگاى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا و كردنه‌وه‌ى ده‌رگا دیپلۆماسییه‌كان به ڕووى هه‌رێمی كوردستاندا، ده‌سپێكردنى چاره‌سه‌ركردنى كێشه داراییه‌كان كه له پێداچوونه‌وه‌ى سیستمى پاشه‌وكه‌تى مووچه ده‌ستمان پێكردووه و له‌مباره‌یه‌وه هه‌نگاوى باشتریش بۆ باشتركردنی ژیانی خه‌ڵكی كوردستان نراون.
به‌دڵنیاییه‌وه پێتان ده‌ڵێین، ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌سته ناوخۆییانه نه‌بوونایه كه هه‌وڵیان دا پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان لاواز بكه‌ن و بۆ ئه‌م مه‌رامه ڕۆژانه هاتوچۆی به‌غدایان ده‌كرد، دڵنیا بن هه‌موو كێشه‌كان زۆر زووتر و خێراتر چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌دۆزرایه‌وه.
ئاماده‌بووانى خۆشه‌ویست،
كوردستانییانى ئازیز..
دوای ڕاپەڕین ئێمە دەستمان بە ئاوەدانكردنەوەى كوردستان كرد. له كاتێكدا هەندێ لایەن متمانه‌یان بە ئایندەی هەرێمی كوردستان هه‌ر نەبوو، ئێمە بەپێچەوانەوە بە پڕۆژەی گەورە متمانه‌مان بۆ خەڵكی كوردستان دروست كرد. هەر ئێمەش بووین یەكەمجار بڕیاری پێشكەشكردنی سلفەی هاوسه‌رگیری بۆ گەنجان و سلفەی خانوبه‌ره‌مان بۆ خەڵكی كوردستان لە كابینەی پێنجەمدا دەركردووه. ئێمه بووین دەستمان كرد بە یارمەتیدانی جوتیاران و دانانی نەخشەی ستراتیژی بۆ پێشخستنی كشتوكاڵ، هەرچەند ئەوكات بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی دواتر، بودجەی حكوومەت زۆر كەم بوو.
بەداخەوە لە كابینەی حەوتەمدا حكوومەتمان بە زیاتر لە چوار ترلیۆن دینار قەرز وەرگرتەوە. حكوومەتمان بە دەیان هەزار مووچەخۆری زیاترەوە وەرگرتەوە، كە ئەوەش دواتر بووە بارێكی گەورە بەسەر حكوومەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا شانمان دایەوە بەر و بە یارمەتیی هاوكارانم لە حكوومەت، دەستمان بە ڕێكخستنەوەی كرد، بەڵام خۆشه‌ویستان بڕینی بودجە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، شەڕی داعش كه له‌م شه‌ڕه‌دا هێزه‌كانی ئێوه، ڕۆڵه‌كانی ئێوه ئه‌و شه‌ره‌فه‌یان هه‌بوو كه له سه‌نگه‌ری پێشه‌وه بوون بۆ به‌رگریكردن له كوردستان، هه‌ر له‌م شه‌ڕه‌دا ئه‌و سه‌رۆكه‌ی كه سه‌ركردایه‌تیی ئه‌م حزبه ده‌كات له پێشه‌وه‌ی به‌ره‌ی شه‌ڕ بوو بۆ به‌رگریكردن له كوردستان، شه‌ڕی داعش و هاتنی نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر بۆ هەرێمی كوردستان، دابەزینی یەكجار زۆری نرخی نەوت، هه‌موو ئه‌وانه وایانكرد پلان و كاری ڕاستكردنەوەی بارە تێكدراوەكە، تا ڕادەیەكی زۆر په‌یوه‌ست بێت به كاته‌وه. ئەمساڵ یەكێك لە پڕۆژە زۆر گەورەكانی چاكسازییەكی بنەڕەتیمان دایە پەرلەمان به هیوای ئه‌وه‌ی كه جێبه‌جی بكرێت.
بەڕێزان..
پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە باوەڕێكی نەگۆڕی بە مافی دیاریكردنی چارەی خۆنووسین بۆ نەتەوەی كورد لەسەر خاكی وڵاتەكەی هه‌بووه. لە هەمان كاتدا خەباتی كردووە كە كورد و گەلی كوردستان بەگشتی ئەو مافەی خۆی بە ڕێگەیەكی ئاشتیانە مومارەسە بكات. لەبەر ئەوەش پارتی دیموكراتی كوردستان و جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى ڕۆڵی سەرەكییان هەبووە لە نووسینەوەی دەستووری عێراقدا، بۆ ئەوەی عێراق ببێتە وڵاتی پێكەوەژیانێكی یەكسان بۆ هه‌موو پێكهاتەكان، یان ببێتە خاوەن سیستەمێك كە نادادپەروەرییەكان بە دیالۆگ و ڕیفراندۆم چارەسەر بكات، نەك به شه‌ڕ.
به‌ڕێزان، پاییز‌ى ساڵى ڕابردوو كەسانێك هەبوون پیلانیان دانابوو، هانی هێزە چەكدارەكانی عێراقیان دەدا هێرش بكەنە سەر هەولێر و دهۆك و قه‌واره‌ى ده‌ستووریى هه‌رێمى كوردستان له‌ناو به‌رن، ئه‌و هێزانه ده‌یانه‌ویست سلێمانى له هه‌ولێر جیا بكه‌نه‌وه، ده‌یانه‌ویست سلێمانی و ئه‌م سنووره له هه‌ولێر و دهۆك دابڕن و دوو ئیداره‌یى دروست بكه‌نه‌وه، بەڵام خۆشه‌ویستان، به‌ڕێزان، ڕۆڵه‌كان و پێشمه‌رگه‌كانی ئێوه لە پردێ و سحێلا، به یەكدەنگیی گه‌لى كوردستان لە دژی ئەو پیلانە وه‌ستانه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌رگریه‌ی هێزه‌كانی پارتی له پردێ و سحێلا نه‌بوایه، دیار نه‌بوو ئه‌مڕۆ داهاتووی كوردستان چۆن ده‌بوو. ئه‌و شه‌ره‌فه، شه‌ره‌فی به‌رگریكردن له كوردستان بۆ ئێوه، بۆ پێشمه‌رگه‌كانی ئێوه، بۆ پارتییه‌كه‌ی ئێوه و بۆ سه‌رۆكی ئێوه ده‌گه‌ڕێته‌وه.
خەڵكی خۆشەویستی سلێمانی،
پارتی دیموكراتی كوردستان، مێژوویەكی پرشنگداری لە بزووتنەوەی دیموكراسی له عێراقدا هەیە. هەركاتێك زەمینەی بەشداریی سیاسی بۆ پارتی هەبووبێت، پارتی ڕۆڵێكی گەورەی دیموكراسیانە و ئاشتیانەی لە عێراقدا گێڕاوە. ئێستاش دەمانەوێ كار بۆ ئارامیی عێراق و هەموو ناوچەكە بكەین، چونكە بەرژەوەندیی كوردستان لە ئاشتیدایە، نەك لە شەڕ و نائارامبوونی ناوچەكەدا. لەبەر ئەوە ئێستاش لایەنە عێراقییەكان وەك لایەنێكی سەرەكی بۆ داهاتوو، تەماشای پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن و قسەی لەگەڵ دەكەن.
خۆشه‌ویستان،
سەرەڕای هەموو ئەو پیلانانەی لەلایەن هەندێ كەس و لایەنی ناوخۆیییه‌وه دژی پارتی ئەنجام دران، ئێمە داوا دەكەین دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق پێكەوە به یه‌كگرتوویى دابنیشین و پێكەوە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە براوە عەرەبییەكانی عێراقدا بكەین. بارودۆخی عێراق سەختە، لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و خەڵكی عێراق بەگشتی، پێویستە ئێمە لە عێراقدا تەواو یەكگرتوو بین.
جارێكی دیكە من ده‌مه‌وێ بەخێرهاتنی هه‌موو لایه‌كتان بكه‌م، بۆ پاراستنى مافه‌كانتان، بۆ ئارامى و سه‌قامگیرى، بۆ ئاوه‌دانى و پێشكه‌وتن، بۆ ده‌سكه‌وتى زیاتر بۆ كوردستان، ئێوه‌ش له‌گه‌ڵ خه‌ڵكى كوردستان، ڕۆژى ده‌نگدان ده‌نگ بده‌ن به لیستى 184، لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، دڵنیام له‌وه‌ی ئێوه به سه‌ربه‌رزی ده‌مێننه‌وه، دڵنیام له‌وه‌ی ئه‌و ئیرهابه فیكریه‌ی به شێوه‌یه‌كی سستماتیك له‌م ده‌ڤه‌ره دژی پارتی ده‌كرێت، به هیممه‌ت و پشتیوانیی ئێوه، ئه‌و ئیرهابه فیكرییه له‌گۆڕ ده‌نێین. ڕۆژی ده‌نگدان ئه‌م هه‌ڤاڵانه‌ی كه لێره له پشتی من وه‌ستاون و كاندیدی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانن، هه‌موویان پێتان ده‌ڵێن كه نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ئێوه ده‌بن و ده‌چنه به‌غدا به مه‌به‌ستی به‌رگریكردن له مافه‌كانی ئێوه، هیوادارم ئه‌و ڕۆژه هه‌مووتان به گوڕوتینه‌وه به‌یه‌كه‌وه به‌ره‌و سه‌ندوقه‌كانی ده‌نگدان بچن و ده‌نگ به لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بده‌ن و په‌نا به‌خوا له هه‌ڵبژاردنه‌كانی دیكه‌ی كوردستاندا به خۆشی و هێز و گوڕ و تینێكی زیاتره‌وه یه‌كتری ده‌بینینه‌وه.
هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن سه‌رچاو.







