٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیستی برایەتی و پێكەوەژیان: پێویستە كۆمسیۆن رێكاری توند بگرێتە بەر.. حەشد ساختەكاری دەكات

سەرچاوە: KDP.info
 
مووسڵ-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ لە لیستی برایەتی و پێكەوەژیان گوتی، حەشدی شەعبی لە ناوچە كوردستانییەكانی سنووری مووسڵ دەستەڵاتدارن و، نیازی ئەوەیان هەیە كە ساختەكاری بكەن، بۆیە پێویستە هەر لە ئێستاوە كۆمسیۆن رێكاری توند بۆ رێگریكردن لە ساختەكاری بگرێتە بەر.
 
حەشدی شەعبی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئێدارەی هەرێمی كوردستان، بەردەوام هەڕەشە لە خەڵك دەكەن كە دەنگ بە لیستەكانی ئەوان بدەن و مەترسیی ئەوەیش هەیە كە لە رۆژی هەڵبژاردندا ساختەكاری ئەنجام بدەن.
 
سەیدۆ چەتۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ لە لیستی برایەتی و پێكەوەژیان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "حەشدی شەعبی لە سنووری مووسڵ لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دەستەڵاتیان لە دەستدایە و هەر كارێك بیانەوێت دەیكەن و ئێستایش بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لە هەموو ناوچەكان كاندیدی خۆیان هەیە و مەترسیی ئەوە هەیە كە ساختەكاری ئەنجام بدەن و پێویستە رێگرییان لێ بكرێت".
 
چەتۆ گوتیشی: "لە سنووری شنگال و رەبیعە و زوممار، خەڵكێكی زۆر كە ژمارەیان رەنگە زیاتر لە 50هەزار كەس ببن، چوونەتە دەرەوەی وڵات كە زۆرێك لەوانە تەمەنیان لە سەرووی 18ساڵییەوەیە، بۆیە مەترسی هەیە حەشدی شەعبی بۆ بەرژەوەندیی خۆیان ساختەكاری ئەنجام بدەن و لە رۆژی دەنگداندا كارتی ئەوان بەكار بێنن، لەبەر ئەوە پێویستە هەر لە ئێستاوە كۆمسیۆن رێكاری توند بگرێتە بەر، ئەگەر نا حەشدی شەعبی ساختەكاری دەكات".
 
بڵند ئیبراهیم 
 

هەواڵی پەیوەندیدار