ئاكره‌یی: ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هه‌رێم و ئێران بۆ زیاتر له شه‌ش ملیار دۆلار به‌رز ده‌كرێته‌وه

هەولێر-KDP.info- به‌ڕێوەبه‌ری گشتیی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و ئێران گوتی، كۆنفرانسی ئابووریی كوردستان ئه‌نجامی زۆر باشی هه‌بووه و به پێی ئه‌نجامه‌كان هه‌وڵ ده‌درێت ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی له نێوان هه‌رێم و ئێران‌دا بۆ زیاتر له شه‌ش ملیار دۆلار به‌رز بكرێته‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین ڕێكار ده‌گیرێنه به‌ر.
ڕۆژی دووی ئه‌م مانگه چواره‌م كۆنفرانسی ئابووریی كوردستان به چاودێریی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ په‌ره‌پێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی له نێوان هه‌رێم و ئێران‌دا ده‌ستی به كاره‌كانی كرد و ئه‌مڕۆش كۆتاییی به كاره‌كانی كۆنفرانسه‌كه هات.
به‌ڕێوەبه‌ری گشتیی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و ئێران، عه‌بدوڵڵا ئاكره‌یی، بە ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "كۆنفرانسی په‌ره‌پێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی له نێوان هه‌رێم و ئێران ئه‌نجامی باش بووه و مه‌به‌ست له‌و كۆنفرانسه‌ش بۆ ئه‌وه‌یە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیاد بكرێتەوە بۆ ڕادەیەی لە پێش شه‌ڕی داعشدا هەبوو، بۆیه ئێستا ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نیزیكه‌ی سێ ملیار دۆلاره و له هه‌وڵداین به‌رزی بكه‌ینه‌وه بۆ شه‌ش تا هه‌شت ملیار دۆلار و هه‌وڵی جددیش ده‌ده‌ین بۆ ئه‌و كاره."
عه‌بدوڵڵا ئاكره‌یی گوتی: "له‌و كۆنفرانسه‌دا كه ماوه‌ی دوو ڕۆژی خایاند بڕیار درا هه‌رسێ خاڵی سنووریی په‌روێزخان و حاجی ئۆمه‌ران و باشماخ چالاك بكرێن و شه‌ش خاڵی نافه‌رمیش هه‌یه، بكرێنه‌وه و ئه‌وانیش چالاك ده‌كرێن و كۆمیته‌یه‌كی لێكتێگهیەشتن دروست كراوه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و بازاڕ له‌سه‌ر سنووره‌كان ده‌كرێنه‌وه و هاورده و هەناردە زیاد ده‌كرێت، بۆیه ئه‌مه وه‌كو ڕێككه‌وتن كراون و ده‌ستبه‌جێ ده‌ست به جێبه‌جێكردنیان ده‌كرێت."
ئاكره‌یی ڕوونیشی كرده‌وه: "هه‌موو هه‌وڵێك ده‌درێت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسته‌كه بۆ پێش شه‌ڕی داعش به‌رز ده‌كرێته‌وه، ك ئه‌مه‌ش له قازانجی هه‌ردوولادایه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش كۆبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وام ئه‌نجام ده‌درێن."
بڵند ئیبراهیم




