"ژمارەیەک سەرباز و پۆلیسی عێراقی بە دیلی کەوتنە دەست داعش"
__2018_05_03_h14m53s7__ER.jpg)
کەرکووک -KDP.info- شەوی ڕابردوو بە ھۆی مەترسیی داعشەوە ھەموو ھێزە عێراقییەکان لە کەرکووک کەوتنە ئامادە باشییەوە و فەرماندەیەکی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێ، لە نزیک جەلەولا شەوی ڕابردوو داعش ژمارەیەک ڕەبایەی کۆنتڕۆڵ کردووە و ژمارەیەک سەرباز و پۆلیسی عێراقیشی بە دیل گرتووە.
عەقید ھێمن ساڵح، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری پردێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: " شەوی ڕابردوو بە ھۆی مەترسیی ھێرشی چەکدارانی داعشەوە ھێزە عێراقییەکان لە سنووری کەرکووک و دەوروبەری کەوتوونەتە ئامادەشییەوە و مەترسیی ئەوە ھەیە داعش دزە بکاتە نێو شاری کەرکووک، چونکە شەوی ڕابردوو لە مەلا عەبدوڵڵا ڕێگایەک ھەیە دەچێتەوە بۆ حەویجە و ناحیەی ڕیاز داعش لەوێوە ھێرشی کردووەتە سەر کاروانێکی ھێزە عێراقییەکان و ژمارەیەک کارمەندی ھێزە عێراقییەکان کوژراون، بەتایبەت لەم چەند ڕۆژەی دواییدا داعش دەستی بە جووڵەیەکی زۆر کردووە لە سنووری کەرکووک."
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە گوتی: "ھەر شەوی ڕابردوو لە نێوان ناحیەی جەلەولا و قەزای خانەقین داعش ھێرشی کردووەتە سەر ھێزەکانی عێراق و پۆلیسی فیدڕاڵ، لە ئەنجامدا ھێزە عێراقییەکان شکستیان ھێناوە و سەنگەرەکانیان بۆ داعش بەجێ ھێشتووە، جگە لە کوژرانی ژمارەیەک پۆلیس و سەربازی عێراقی، بە پێی زانیارییەکانی ئێمە ژمارەیەک سەرباز و پۆلیسی عێراق بە دیلی کەوتوونەتە دەست تیرۆریستانی داعش."
لەبارەی زیادبوونی چالاکیی داعش و نەبوونی بەرگری لە لایەن ھێزە عێراقییەکانەوە، عەقید ھێمن ساڵح ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەو ھێزانەی عێراق کە ئێستا لە کەرکووکن لە ڕووی مەزھەبییەوە زۆربەیان شیعەن و بەشێکی زۆریان گرووپەکانی حەشدن، ئەوان ھەم شارەزای ناوچەکە نین، ھەمیش خەڵکی ناوچەکە و عەرەبە سوننەکان دژی ئەو ھێزانەن، ئەوەش وای کردووە داعش ببێتە ھەڕەشە لەسەر ناوچەکە و ھێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی نەتوانن ڕەوشی ئەمنی کۆنتڕۆڵ بکەن."
قائید میرۆ




