٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دوو كچی كورد لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاوە خەڵات كران

سەرچاوە: KDP.info

 

واشنتن-KDP.info- دوو كچی كورد، لە ڕیزی 8 گەنجی دیكە لە سەرتاسەری جیهان، لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاوە، خەڵاتی سەركردەی گەنجیان پێ درا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، لەسەر وێبسایتی خۆی، راگەیاندنی خەڵاتەكەی بڵاو كردووەتەوە، كە هەریەك لە كچە كوردی ئێزدی، نیشتەجێی وڵاتی لیتوانیا "زینە سالم حەسەن حەمۆ" و "سارا عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان"ـی خەڵكی شاری كەركووكە.

وەك لە وێبسایتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكادا ئاماژەی بۆ كراوە، زینە لە رێگەی زوومی كامێرا و وێنەكانی، توانیویەتی رۆڵی لە نیشاندانی رەوشی ناهەمواری ئێزدییەكان لە دوای كۆمەڵكوژكردنیان لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، بگوازێتەوە و نیشانی جیهانی بدات، بەمەیش بووەتە شایەتێك لەسەر رووداوەكان.

بە گوێرەی وێبسایتەكە، سارا عەبدوڵڵا، كە چالاكوانی مەدەنی و مافەكانی مرۆڤە، توانیویەتی وەك سەركردەیەكی گەنج و كەسێكی خۆبەخش دەربكەوێت و خەڵاتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بۆ سەركردەی گەنج بە دەست بهێنێت، رۆڵی دیاریشی لە هاوكاریكردنی ژنان و منداڵاندا هەبووە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، هەردوو كچەكە بانگهێشتی ئەمەریكا كراون و لە چوارچێوەی بەرنامەیەكی دیاریكراودا خولی تایبەتیان بۆ دەكرێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانن شێوازی كارەكانیان پێش بخەن.

هاوكات، بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا، كە ئامادەی رێوڕەسمی دابەشكردنی خەڵاتەكە بووە، لە تویتەرەكەی خۆی نووسیویەتی: "شانازی بە هەریەك لە زینا سالم حەسەن حەمۆ كچە كوردی ئێزدی و سارا عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان دەكەم، كە خەڵاتی سەركردەی گەنجیان پێ بەخشرا و رۆڵیان لە ئاشتەواییدا هەبووە".

هەواڵی پەیوەندیدار