رێبوار بارزانی: حەوت ساڵ دەرباز بوو.. ھێشتا عێراق ئامادە نییە قەرەبوویان بكاتەوە

بارزان-KDP.info- ئەمڕۆ حەوت ساڵ بەسەر دەرچوونی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق دەرباز دەبێت لەبارەی بەجینۆسایدناساندنی كەیسی بارزانییەكان و، بەڕێوەبەری كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوانی بارزانیش دەڵێ، لە كۆی رووفاتی ھەشت ھەزار بارزانی، تا ئێستا تەنیا ٥٩٦ رووفات گەڕێندراونەتەوە ھەرێمی كوردستان.
رێبوار بارزانی، بەڕێوەبەری شەھیدان و ئەنفالكراوانی بارزان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ حەوت ساڵ بەسەر بڕیاری دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق دەرباز دەبێت لەبارەی بەجینۆسایدی تاوانی شەھیدكردنی ھەشت هەزار ھاووڵاتیی بارزانی، كە بەداخەوە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگا لەبارەی بەجینۆسایدناساندنی بارزانییەكان، بڕیارەكە نەچووە پەرلەمانی عێراق تا جێبەجێ بكرێت، جینۆسایدكردنی بارزانییەكان لە ساڵی 1975 دەستی پێ كرد و تا ساڵی 1983، ھەشت ھەزار ھاووڵاتیی سڤیلی بارزانی دوای گواستنەوەیان بۆ بیابانەكانی عێراق، زیندەبەچاڵ كران، لە ساڵی ٢٠٠٥ـیش دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق كەیسی بارزانییەكانی دەست پێ كرد و دوای بەڕێوەچوونی ٤٠ دانیشتنی دادگا، بڕیار درا بە بەجینۆسایدناساندنی كەیسی بارزانییەكان".
بەڕێوەبەری شەھیدان و ئەنفالكراوانی بارزان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ھەموو بەڵگەكان خراونەتە بەردەستی دادگا كە چۆن رژێمی بەعسی ڕووخاو بە بێ ھیچ تاوانێك كە تەنیا تاوانی بارزانییەكان ئەوە بوو كە كورد بوون، جینۆساید كراون، ھەتا دەنگی سەددام حوسێن سەرۆكی ئەوكاتی رژێمی بەعس ھەبوو و ددانی بە جینۆسایدكردنی بارزانییەكاندا ناوە".
رێبوار بارزانی گوتیشی: "بە گوێرەی بڕیاری دادگا، ئەركی حكوومەتی ئێستای عێراقە كەسوكاری جینۆسایدكراوە بارزانییەكان قەرەبوو بكاتەوە، چونكە حكوومەتی ئێستا میراتگری حكوومەتی پێشووی عێراقە، لە ھەموویشی ناخۆشتر بۆ كەسوكاری شەھیدان ئەوەیە، تا ئێستا رووفاتی نزیكەی ٧٥٠٠ بازرانی نەگەڕێندراوەتە ھەرێمی كوردستان و تەنیا ٥٩٦ رووفات گەڕێندراونەتەوە".
لای خۆیشیەوە، پارێزەر ھەدار بارزانی، پارێزەری كەیسی بەجینۆسایدناساندنی بارزانییەكان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پێویستە كەسوكاری جینۆسایدكراوەكان لە دادگا سكاڵا لەسەر حكوومەتی عێراق تۆمار بكەن، چونكە بەپێی یاسا و دەستوور و بڕیاری دادگا، مافی قەرەبووكردنەوەیان ھەیە، بەڵام حكوومەتی عێراق دیارە نایەوێ ھیچ قوربانییەكی كوردی دەستی رژێمی بەعسی لەنێوچوو، قەرەبوو بكاتەوە، لە داھاتوویشدا كار لەسەر ئەوە دەكەین و دەست لە مافە یاساییەكانی كەسوكاری شەھیدان هەڵناگرین".
قائید میرۆ




