٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی ناوخۆ: ھەواڵی مووچەی یەكەی پاسەوانیی پارتی كەمتر پاشەكەوت كرابێ، دوورە لە ڕاستییەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- مووچەی یەكەی پاسەوانی، كە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستانە، ھیچ پەیوەندییەكی بە حزبەوە نییە، ئەمە لە لایەن ھەردوو بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ و لیژنەی ناوخۆ و ئاساییشی پەرلەمانی كوردستانیش پشتڕاست كراوەتەوە، ئەم ھەواڵەیش دوورە لە ڕاستییەوە كە مووچەی یەكەی پاسەوانیی پارتی، كەمتر پاشەكەوت كرابێت.

 

بە پێی ھەواڵی چەند مێدیا و ڕۆژنامەیەكی سەر بە لایەنێكی سیاسیی دیاریكراوی ھەرێمی كوردستان، پڕوپاگەندەیەك بڵاو كراوەتەوە كە گوایە مووچەی یەكەی پاسەوانیی پارتی كەمتر پاشەكەوت دەكرێت، لە دەقی ھەواڵەكەدا ھاتووە: "مووچەی یەكەی پاسەوانیی پارتی كەمتر پاشەكەوت دەكرێت، لەبەر ئەوەی سەر بە میلاكی ھێزەكانی زێرەڤانین و ئەوانیش ٢٢%ـی مووچەكەیان پاشەكەوت دەكرێت، لە كاتێكدا پۆلیسی پاسەوانیی حزبەكان زیاتر لە ٦٠%ـی مووچەكانیان پاشەكەوت كراوە".

 

پەیوەست بەم ھەواڵە، جێگری لیژنەی ئاساییش و ناوخۆی  پەرلەمانی كوردستان، نازم كەبیر، لە لیدوانێكی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە ھیچ شێوەیك جیاوازی لە ڕێژەی پاشەكەوتی ھیچ یەكەیەكی پاسەوانیدا نییە و ھەمووان یەك ڕێژەن و خۆم لە لیژنەكەدام و ئاگاداری ھەموو كارێكم."

 

كەبیر، گوتیشی: "یەكەی پاسەوانی، سەر بە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتە و ھیچ پەیوەندییەكی بە دەستتێوەردانی حزبەكانەوە نییە."

لە سێ ساڵی ڕابردوودا، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕووبەرووی قەیرانێكی دارایی بووەوە و بە ھۆی دابەزینی نرخی نەوت و ھاتنی تیرۆریستانی داعش و بڕینی بووودجەی ھەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان و دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆران بە یەكسانی، مووچەی پاشەكەوت كرد، یەكەی پاسەوانییش سەر بە وەزراەتی ناوخۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە و مووچەكانیان بڕێكی لێ پاشەكەوت كرا، وەك تەواوی مووچەخۆرانی كوردستان.

لە لای خۆیەوە، سەرۆكی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، سامی جەلال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەم ھەواڵە دوورە لە ڕاستییەوە، وەك وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان پشتڕاستی ئەم بابەتە دەكەینەوە، كە یەكەی پاسەوانی سەر بە حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە، نەك ھەر لایەنێكی سیاسیی حزبی، ئەمە تەنیا پڕوپاگەندەی بانگەشەی ھەڵبژاردنە و بۆ سەرنجڕاكیشانی ھاووڵاتیانە."

فایزە كۆیی


 

هەواڵی پەیوەندیدار