٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جەخت لە بەشداریكردنی راستەوخۆی هەرێم لە كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكاندا كرایەوە

سەرچاوە: KDP.info
 
هەولێر-KDP.info- لە كۆبوونەوەیەكی نێوانیاندا، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم و وەزیری دەرەوەی عێراق، جەختیان لە بەشداریكردنی راستەوخۆی هەرێم لە كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە پاراستنی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ، كردەوە. 
 
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دیندار زێباری، رایگەیاند، لە میانەی ئەو رێككەوتننامانە نێودەوڵەتیانەی كە حكوومەتی عێراق پابەند دەكات بە پێشكەشكردنی راپۆرتەكانی بە شێوەیەكی بەردەوام، هەرێمی كوردستانیش بەشێكی سەرەكییە لەو راپۆرتانە و پێویستە لەو چوارچێوەیەدا راپۆرتی تایبەتی خۆی پێشكەش بكات و بەشدار بێت لە كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكاندا، بە تایبەتی لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی مافەكانی مرۆڤ.
 
لە میانەی دیدارێكی نێوان د.دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و، د. ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی حكوومەتی فیدراڵ كە لە دیوانی وەزارەتی دەرەوە بە ئامادەبوونی بەرپرسی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم لە بەغدا و بریكاری وەزیر و بەرپرسی فەرمانگەی مافەكانی مرۆڤ لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەڕێوە چوو، دیندار زێباری تیشكی خستە سەر ئەو هەنگاوانەی كە حكوومەتی هەرێمی ناویەتی لە پێناو پابەندبوون بە پرەنسیپە سەرەكییەكانی مافی مرۆڤ بە تایبەتی دوای شەڕی تیرۆریستانی داعش، چونكە لە ئێستادا چەند رێكخراو و لایەنێكی نێودەوڵەتی گرینگییەكی زۆر بەم لایەنە دەدەن وەك بابەتی گیراوانی داعش و دادگایی و بێسەروشوێنكردنی بە زۆرەملێ و راگواستنی خەڵك لەسەر شوێنی خۆیان و چەند بابەتێكی دیكەی تایبەت.
 
سەبارەت بە رووداوەكانی دوای هاتنی داعش، دیندار زێباری گوتی: "لە دوای هێرشەكانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەكی كوردستان و پارێزگای نەینەوا و ئاوارەبوونی بە سەدان هەزار كەسی ئەو ناوچانە و نیشتەجێبوونیان لە هەرێمی كوردستان، دواتریش لە پاش پرۆسەكانی ئازادكردنەوەی ئەو ناوچانەی داعش دەستی بەسەردا گرتبوون لەلایەن هێزی پێشمەرگە و سوپای چەند لایەنێكی نێودەوڵەتی راپۆرت و لێدوان و بەیاننامەیان سەبارەت بە رەوشی ئەو ناوچانە و هەڵسوكەوتی پێشمەرگە و لایەنە ئەمنییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سوپای عێراقی بڵاو كردۆتەوە و تێبینی و سەرنجی زۆریان هەبووە كە پەیوەندییان بە پاراستنی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤەوە هەبووە، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگای ئۆفیسی راسپاردە نێودەوڵەتییەكانەوە، بە بەڵگە و داتاوە لە وەڵامی تێبینی و سەرنجی لایەنە نێودەوڵەتییەكانی داوەتەوە و بۆ رای گشتی رایگەیاندووە، چونكە راپۆرتەكانی عێراق لەسەر  ئاستی نێودەوڵەتیدا بە بێ بەشداریی هەرێمی كوردستان، كەموكوڕیی تێدا دەبێت".
 
زێباری زیاتر گوتی: "لە رووی مرۆییەوە عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، چەند پابەندبوونێكی نێودەوڵەتی لەسەرە كە تایبەتن بە مافی مرۆڤەوە و پێویستە بەردەوام راپۆرتی خۆی پێشكەش بكات لە چوارچێوەی میكانیزمی گرێبەستیی (الالیات التعاقدیە)  وەك  (بەڵێننامەی نێودەوڵەتیی تایبەت بە مافە مەدەنی و سیاسییەكان و بەڵێننامەی نێودەوڵەتیی تایبەت بە مافە ئابووری و كۆمەڵایەتی و كولتووریەكان و رێككەوتننامەی نێودەوڵەتیی تایبەت بە نەهێشتنی ئەشكەنجەدان و بێسەروشوێنكردنی بە زۆرەملێ، لیژنەی تایبەت بە نەهێشتنی جیاوازیی رەگەزپەرستی، لیژنەی تایبەت بە نەهێشتنی جیاوازیی رەگەزیی دژی ئافرەتان، لیژنەی تایبەت بە پاراستنی مافی منداڵان، لیژنەی كرێكارە بیانییەكان، لیژنەی تایبەت بە خاوەن پێداویستیی تایبەت)، بۆیە بەشداریكردنی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا، دەبێتە تەواوكەر و بەهێزبوونی هەڵوێستی راپۆرتی عێراق، چونكە بە بێ ئامادەبوونی نوێنەری هەرێمی كوردستان ناتوانرێ وێنایەكی راستەقینەی واقعی رەوشی مافەكانی مرۆڤ و هەنگاوە پڕاكتیكییەكانی حكوومەتی هەرێم لەو رووەوە پێشكەش بكات كە خۆی لە خۆیدا دەبێتە هۆی بەهێزتربوونی زیاتری هەڵوێستی عێراق".
 
لەلایەن خۆیەوە، دكتۆر ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق، ستاییشی هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد و گوتی: "سەبارەت بە پاراستنی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ بە تایبەتی دوای هێرشەكانی داعش، هەرێم رۆڵێكی بەرچاو و دیاری هەبووە، ئەمەیش زۆر گرینگە بۆ بەهێزبوونی هەڵوێستی عێراق لە كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكان بە تایبەتی لە ئەنجوومەنی مافەكانی مرۆڤ و ئەو رێككەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتیانەی كە عێراق پابەند دەكەن بە ئەنجامدانی چەند رێوشوێنێك سەبارەت بە پاراستنی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ".
 
وەزیری دەرەوەی عێراقی فیدراڵ، ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هەر جۆرە هەماهەنگییەك لەگەڵ هەرێمی كوردستان و لەم رووەوە گوتی: "ئێمە هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرز دەنرخێنین و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان لە حكوومەتی فیدراڵی سوودیان لێ وەربگرێت لە زۆر رووەوە، بۆ نموونە ئێستا ئێمە كار دەكەین بۆ بەتاوانناساندنی كردەوەكانی داعش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا و دیارە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی زۆری ناوە لە رێگای ئۆفیسی راسپاردە نێودەوڵەتییەكان زانیاری و داتای زۆری هەیە، بۆیە بەشداریكردنی راستەوخۆی هەرێم لەو رووە و لە گشت كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە پاراستنی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ، گرینگە و هەڵوێستی عێراق بەهێزتر دەكات".
 

هەواڵی پەیوەندیدار