نێچیرڤان بارزانی و شەریعەتمەداری، پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێرانیان تاوتوو كرد

هەولێر-KDP.info- لە دیدارێكدا، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و وەزیری پیشەسازی و كانزاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان هەولێر و تارانیان تاوتوو كرد.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 2/5/2018، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە د. محەممەد شەریعەتمەداری، وەزیری پیشەسازی و كانزاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندێكی یاوەری كرد، كە لە ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق، ئاغای موقیمی، پارێزگاری تاران، ئاغای شەهریاری، پارێزگاری ئورمییە، ئاغای دانایی فەڕ، سەرۆكی پەرەپێدانی بازرگانیی عێراق و ئێران و ژمارەیەك لە بەرپرسی ژوورە بازرگانی و ئابوورییەكانی پارێزگا جیاجیاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، پێك هاتبوو.
لە دیدارێكدا كە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی هەرێمی كوردستان و بەشداریكردن لە كۆنفڕانسی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران، دەربڕی. ئاماژەیان بە پەیوەندییە دێرینەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران كرد و، ئامادەییی خۆیان بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكان بە تایبەتی لە بوارەكانی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانیدا، نیشان دا.
شاندی میوان، دەسخۆشییان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ هەنگاوەكانی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا و چارەكردنی بەشێك لە كێشەكانی نێوان هەردوولا و، دووپاتیان كردەوە كە ئێران خوازیاری ئەوەیە سەقامگیرییەكی تەواو لە ناوچەكەدا هەبێت.
لای خۆیەوە، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییە بەردەوامەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە ڕۆژە سەختەكاندا بۆ هەرێمی كوردستان كرد و، ئامادەییی هەرێمی كوردستانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لە هەموو بوارەكاندا بە تایبەتی لە بواری ئابووری و بازرگانیدا نیشان دا، دووپاتیشی كردەوە كە هەرێمی كوردستان و عێراق بە گشتی دەخوازن سەقامیگریی ئابووری لە ناوچەكەدا هەبێت و لەم بارەیەوە ئێران كە خاوەنی ئەزموونێكی دەوڵەمەندە، دەتوانێت هاوكاری عێراق و هەرێمی كوردستان بێت.
نێچیرڤان بارزانی، سوپاسی شاندی ئێرانی كرد بۆ بەشداریكردنیان لە كۆنفڕانسی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران و، هیوای خواست كۆنفڕانسەكە سوودی بۆ هەردوولا هەبێت، هەروەها سوپاسی باڵیۆز و كۆنسووڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران و هەموو ئەو دۆستانەیشی كرد كە هاوكار بوون بۆ بەرەوپێشەوەبردنی پەیوەندییەكان لە بوارەكانی زانستی و ئابووری و بازرگانی و چارەكردنی بەشێك لەو كێشانەی كە هەبوون.




