نێچیرڤان بارزانی: كار بۆ دامەزراندنی ناوچەیەكی ئازادی بازرگانی لە نێوان هەرێم و ئێراندا دەكەین

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، لە میانەی كۆنفڕانسی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەكان، رایگەیاند: "كار بۆ دامەزراندنی ناوچەیەكی ئازادی بازرگانی لە نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەكەین".
نێچیرڤان بارزانی، لە میانەی گوتارێكیدا كە لە كۆنفڕانسی پەرەپێدانی ئابووری لە شاری هەولێر پێشكەشی كرد، وێڕای دەسخۆشی لە رێكخەرانی كۆنفڕانسەكە، هیوای خواست ئەو كۆنفڕانسە ببێتە هۆی پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووریی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران و عێراقی فیدراڵ.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند، كەوا ٣٥ كۆمپانیا و ١٣٥ كارگەری كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەرێمی كوردستاندا بوونیان هەیە، كە توانیویانە سەدان هەلی كار دروست بكەن.
لەبارەی مەرزەكانیشیەوە، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "سێ مەرزی فەرمیی و پێنج مەرزی لاوەكی لە نێوانماندا هەن، هەوڵیش دەدەین هەندێ لەو مەرزە لاوەكییانە بە هاوكاریی نێوانمان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ، بكەینە فەرمی".
ئەو هەروەها دەشڵێ: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان كار بۆ ئەوە دەكات، كەوا ناوچەیەكی ئازادی بازرگانی لە مەرزی پەروێزخان دامەزرێنێت، هەروەها حكوومەتی هەرێم كاری بۆ كردووە و لەگەڵ حكوومەتی عێراقی فیدراڵیش پێویستە كاری پێویست بكەین: "هیوایشی خواست بتوانن ئەو پڕۆژەیە بخەنە سەر رێچكەی كاركردن.
لەبارەی كێشەی مەرزەكانەوە، نێچیرڤان بارزانی نەیشاردەوە، كەوا لە میانەی گتفوگۆكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵدا، توانیویانە لە چوارچێوەی دەستووردا كێشەكان چارە بكەن، هاوكات ئەوەیش دەبێتە هۆكار و پاڵپشتی بۆ فراوانكردنی بازرگانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران. هێمایشی بۆ ئەوە كرد، رێكخستنەوەی بواری بازرگانی و ئابووری لەسەر بنەمای دەستوور، دەبێتە هۆكاری دەرفەتی باشتر بۆ بازرگانان لە عێراق و هەرێمی كوردستان و ئێراندا.
گوتیشی: "ئەم كۆنفڕانسە بە دەرفەت دەزانم، كە خاوەنكارانی بوارەكانی ئاڵوگۆڕی سەرمایەگوزاری لە نێوان خۆیاندا كارەكانیان فراوانتر بكەن، هەرێمیش كارئاسانییان بۆ دەكات".
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بە دۆستایەتیی دێرینی كۆماری ئیسلامیی ئێران، هاوكات هاوكاریی ئەو وڵاتەیش كرد لە بەرامبەر شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش و گوتی: "هاوكارییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان، جێی رێزی گەلی كوردستانە و بە چاوی رێزەوە دەڕوانینە كۆماری ئیسلامیی ئێران، چاویشمان لەوەیە هەمیشە پەیوەندیی باشمان لەگەڵ یەكدا هەبێت و پەیوەندییەكانمان درێژخایەن بن".
لە كۆتایی گوتارەكەیشیدا ئاماژەی دا: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان كار بۆ ئەوە دەكات و پلانی هەیە، لە بواری پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووریدا هەموو كارئاسانییەك بكات". هیوای سەركەوتنیشی خواست بۆ برەودان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان، كەوا ئەنجامی باشی لێ بكەوێتەوە و لەو پێناوەیشدا پێشنیازی باش ئاڕاستەی هەردوولا بكرێت.
خێڵان بەختیار




