نوێنەری كوردانی شەبەك: ئەمەریكا و یوئێنمان لە هەڕەشەکانی حەشد ئاگادار كردووەتەوە

مووسڵ-KDP.info- نوێنەری كۆتای شەبەك لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، دۆخی كوردانی شەبەك لە دەشتی نەینەوا زۆر خراپە، چونكە حەشدی شەعبی هەڕەشە لە كوردانی شەبەك دەكات و گوتی: "گوشاریان بۆ دێنێت كە دەنگ بە كاندیدانی ئەوان بدەن، ئێمەیش ئەمەریكا و نەتەوە یەكگرتووەكانمان ئاگادار كردووەتەوە و سكاڵامان تۆمار كردووە".
مەلاسالم شەبەك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دۆخی دەشتی نەینەوا لە ناوچە شەبەكنشینەكان زۆر خراپە و، حەشدی شەعبی لەبەر ئەوەی دەزانێت كە كوردانی شەبەك دەنگ بە لیستی "تەیار ئەحرار شەبەك" دەدەن، كە هاوسۆزە لەگەڵ لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆیە هەڕەشە لە خەڵكی شەبەك دەكەن كە پێویستە دەنگ بە لیستی ئەوان و كاندیدانیان بدەن و خەڵكیان زۆر ترساندووە".
نوێنەری كۆتای شەبەك لە پەرلەمانی عێراق ڕوونیشی كردەوە: "حەشدی شەعبی بە هیچ شێوەیەك رێگە بە كاندیدانی لیستەكەی ئێمە نادەن بانگەشە بۆ خۆیان بكەن و رێگرییان لێ دەكەن، بۆیە كێشەی زۆرمان بۆ دروست دەكەن تا كاندیدانی ئێمە دەنگ نەهێنن و دەنگەكان بۆ ئەوان بچن".
مەلاسالـم شەبەك گوتیشی: "لە رێگەی حەشدی شەعبی و حەشدی عەرەبی و حەشدی مەسیحی و حەشدی شەبەكەكانەوە، هەڕەشە لە خەڵكی ئێمە دەكەن، كە پێویستە دەنگ بە كاندیدانی ئەوان بدەن و دەیانترسێنن، چونكە دەزانن هەموو دەنگەكان بۆ ئێمە دەچن".
ئەو هەروەها راشیگەیاند: "ئێمە لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان و باڵیۆزخانەی ئەمەریكا ئەو پرسەمان باس كردووە و لای ئەوان سكاڵامان كردووە و لەو هەڕەشانە ئاگادارمان كردوونەتەوە، چونكە ناكرێت بەو شێوەیە هەڕەشە لە خەڵكی بكەن و پێویستە خەڵك ئازاد بێت دەنگ بە كێ دەدات".
باسی لەوەیش كرد: "چۆن لە خولی رابردوودا كۆتای شەبەك بۆ ئێمە بووە، ئەم جارەیش گەشبینین كە كۆتای شەبەك بۆ ئێمە دەبێت".
نوێنەری كۆتای شەبەك لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەیشی دا: "80%ی كوردانی شەبەك گەڕاونەتەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان و 20%یشی ماون، كە لە ترسی حەشدی شەعبی ناتوانن بگەڕێنەوە، چونكە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە، لەوانە من و خانەوادەكەم".
بڵند ئیبراهیم




