عومەری شەهید هوجام: وەك وەفایەك بۆ خوێنی شەهیدان، دەنگ بە پارتی دەدەین

ئاكرێ-KDP.info- خانەوادەی شەهید هوجام سوورچی جەخت دەكەنەوە كە دەنگ بە لیستی 184ی پارتی دەدەن، وەک ئەوان دەڵێن، لیستی شەهیدان و پێشمەرگە و پارێزگاریكردنە لە مافەكانی گەلی كوردستان.
كەسوكاری شەهیدان و چینوتوێژە جیاجیاكانی كوردستان، بە بەردەوامی پشتگیریی خۆیان بۆ لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان دووپات دەكەنەوە و، باس لەوە دەكەن كە لیستی پارتی، تاكە لیستە دەتوانێ لە بەغدا پارێزگاری لە مافە دەستووری و نەتەوەییەكانی كورد بكات.
عومەری شەهید هوجام سوورچی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە وەكوو خانەوادەی شەهید هوجام سوورچی، بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین و، لە رۆژی 12ی مانگیشدا خۆم و خانەوادەكەم دەچینە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بە لیستی پارتی دەدەین، چونكە لیستی پارتی، لیستی خوێنی شەهیدان و دەستكەوتە نەتەوەییەكانە و، باوكی من و شەهیدانیش هەمووان لە پێناو پارێزگاریكردن لە خاكی كوردستان و دەستكەوتە نەتەوەییەكاندا خوێنیان بەخشیوە، بۆیە وەك وەفادارییەك بۆ خوێنی شەهیدان و پارێزگاریكردن لە دەستكەوتەكان، دەنگ بە لیستی پارتی دەدەین، چونكە تەنیا پارتییە كە خۆی بە نوێنەری خەڵكی كوردستان دەزانێت".
عومەری شەهید هوجام گوتیشی: "لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان تاكە لیستە دەتوانێ لە بەغدا لە رێگەی نوێنەرەكانییەوە پارێزگاری لە مافەكانی گەلی كورد بكات و مافە دەستوورییەكانیش بە دەست بێنێت، لەبەر ئەوەی لیستی پارتی، لیستی خوێنی شەهیدان و پێشمەرگە و ئازادكردنی خاكی كوردستانە".
ئەو كوڕە شەهیدە دهشڵێ: "ئێستایش بۆ پارێزگاریكردن لە خاكی كوردستان، ئامادەین خوێنی خۆمان ببەخشین، چونكە كوردستان لە سەرووی هەموو شتێكەوەیە و، ئێمەیش هەمیشە خۆمان بە پێشمەرگەی پارتی و رێبازی بارزانی دەزانین، ئەوەی خەباتیشی بۆ كوردایەتی كردووە و قوربانیی داوە، هەر پارتی دیموكراتی كوردستان بووە".
ئەو دەشڵێ: "بە رای ئێمە، خەڵكی كوردستانیش خەبات و قوربانیی پارتی دیموكراتی كوردستانی لە بەرچاوە و هەمووان دەنگ بەو لیستە دەدەن، داواكارییەكیشمان لە هەموو خەڵكی كوردستان هەیە كە دەنگ بە لیستی پارتی بدەن، بۆ ئەوەی رۆحی شەهیدان ئاسوودە بێت و كوردستانیش هەمیشە ئاوەدان و پارێزراو بێت لە دەست دوژمنانی گەلی كورد، چونكە ئەگەر ئەو لیستە نەبووایە، ئێستا كوردستان لە دۆخێكی دیكەدا دەبوو، بۆیە بۆ ئەوەی كوردستان هەمیشە پارێزراو بێت و مافە دەستووری و نەتەوەییەكانی گەلی كوردیش بەدەست بێن، با هەمووان لە رۆژی دەنگداندا، دەنگ بە لیستی 184ی پارتی بدەن، كە دڵنیام لێی پەشیمان نابنەوە و لە ئاست دەنگەكانی ئەواندا دەبێت لە بەغدا".
شەهید هوجام سوورچی، لە شەڕی داعشدا كەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش و لە شاری مووسڵ بە شێوەیەكی زۆر دڕندانە شەهید كرا، دواتریش كاردانەوەیەكی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا و بووە یەكێك لە شەهیدە دیارەكانی كوردستان.
بڵند ئیبراهیم




