٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەكبەر حەیدەر: کورسیێک بە دەست دەهێنین

سەرچاوە: KDP.info


خانەقین-KDP.info-  جێگری بەرپرسی لقی 15ـی پارتی ڕایدەگەیێنێت، وەك پارتی كاریان كردووە لە 14 كورسییەكەی پارێزگای دیالە، كورسییەك بە دەست بهێنن. دەشڵێ: "نووسینگەی بانگەشەی هەڵبژاردنمان لە خانەقین كردووەتەوە و، ئاڵای كوردستانمان لە پاڵ ئاڵای پارتیدا هەڵكردووە".

ئەكبەر حەیدەر، جێگری بەرپرسی لقی 15ـی پارتی، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2014ـی پەرلەمانی عێراقدا پارتی كە بە یەك لیست لەگەڵ یەكێتیدا دابەزی، توانیمان زیاتر لە 17 هەزار دەنگ بۆ كاندیدەكانمان كۆ بكەینەوە، بەڵام بە هۆی بوونی كۆتا بۆ ئافرەت، دەنگەكانی ئێمە بۆ كاندیدێكی یەكێتی ڕۆییشتن، وەلێ لەم هەڵبژاردنەدا كە وەك پارتی بە لیستی سەربەخۆ بەشداریی هەڵبژاردنەكانمان كردووە و، دڵنییاین دەنگی زیاتر لە یەك كورسی بە دەست دەهێنین و كاندیدمان دەڕواتە پەرلەمانی عێراق".
حەیدەر گوتیشی: "پارتی دوای 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو، تەواوی بارەگاكانی لە پارێزگای دیالە و قەزا و ناحیەكانی داخستووە، لەم بانگەشەی هەڵبژاردنەدا نووسینگەی بانگەشەی هەڵبژاردنمان لە قەزای خانەقین كردووەتەوە، هەردوو ئاڵای پارتی و ئاڵای پیرۆزی كوردستانمان هەڵكردووە لەسەری و، لە بازاڕ و شوێنە گشتییەكانیش هەروەها كە بە ئاڵای پارتی و كوردستان ڕازێنداونەتەوە".
جێگری بەرپرسی لقی 15ـی پارتی لە خانەقین دەشڵێت: "خەڵكی بەشەڕەفی خانەقین، جەلەولا و سەعدییە، مەندەلی و قۆرەتوو و تەواوی ناوچە كوردستانییەكان، دەنگ بە لیستی 184ـی پارتیمان دەدەن، كە دەزانن پارتی لە هەر شوێنێك دەستەڵات و وجوودی هەبێت، لەو شوێنە ئاساییش و ئارامی بەرقەرارە، خۆشگوزەرانی هەیە و هاووڵاتیان شەڕەف و كەرامەتیان پارێزراوە".
ئەو هەروەها زیاتر گوتی: "وەك لقی 15ـی پارتی، تەواوی بەرپرسانی ناوچە و ڕێكخراو و كارگێڕ لقەكانمان ناردووەتەوە بۆ ناوچە كوردستانییەكان و، شانبەشانی كاندیدەكانمان بانگەشەی هەڵبژاردن دەكەن بۆ كۆكردنەوەی زۆرترین دەنگ بۆ لیستی 184ـی پارتیمان، ئێستایش بارەگای سەرەكیی لقمان لە كەلارەوە گواستووەتەوە بۆ قۆرەتوو، كە بە هۆی ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە هێنابوومانە قەزای كەلار و، لەوێوە سەرپەرشتیی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان دەكەین، كە ئێمە وەك پارتی لە سنووری پارێزگای دیالە بە 14 كاندید بەشدارین كە 4ـیان ئافرەتن و 10ـیشیان پیاون، دڵنیایشین ئەگەر بە ئازادانە بارەگای تەواوی ڕێكخستنەكانمان لە شوێنەكانی خۆیان بوونایە و پێشمەرگە لەو ناوچانە بووایە، ئازادیی زیاتر دەبوو و ئێمەیش وەك پارتی ئەوەی پێشبینی دەكەین دەنگمان زیاد دەكات لە ئێستادا، بەڵام ئەو كات زۆر زیاتری دەكرد".

هێڤیار هەڵەبجەیی

هەواڵی پەیوەندیدار