٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی متمانەی زۆربەی خەڵكی كوردستان بە دەست دێنێت

سەرچاوە: KDP.info

 

سۆران-KDP.info-   پارتی لە ماوەی رابردوودا خزمەتێكی زۆری بە خەڵكی كوردستان و دۆزی ڕەوای كورد كردووە و، هیچ كاتێك سازشی لەسەر مافە دەستوورییەكانی گەلی كورد نەكردووە، مامۆستایانی زانكۆیش دەڵێن، پارتی متمانەی زۆربەی خەڵكی كوردستان بە دەست دێنێت.

بانگەشەی هەڵبژاردن تا دێت گەرمتر دەبێت، پارتی دیموكراتی كوردستان كە بە ژمارە 184 بەشدارە و كارنامەی لیستەكەی راگەیاندووە و جەخت دەکاتەوە لەوەی کە پارێزگاری لە مافە دەستوورییەكان و قەوارەی هەرێمی كوردستان دەكات.

مامۆستایانی زانكۆ لەوبارەوە دەڵێن، پارتی كۆمەڵێك دەستكەوتی گرینگی نەتەوەیی بۆ گەلی كورد بە دەست هێناون، هەر ئەوەیش وای كردووە كە ببێتە جێگەی متمانەی هاووڵاتیانی هەرێم و زۆرترین خەڵك دەنگ بە پارتی بدەن، بۆیە ئەم جارەیش پارتی متمانەی زۆربەی خەڵكی كوردستان بە دەست دێنێتەوە.

د. ساڵح عەلی، مامۆستای زانكۆ لە سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "پارتی توانیویەتی متمانەی زۆرینەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە دەست بهێنێت، ئەو حزبە لە ماوەی خەباتیدا بە كۆمەڵێك وێستگەدا تێپەڕیوە و توانیویەتی كۆمەڵێك دەستكەوتی گرینگی نەتەوەیی بۆ گەلی كورد بە دەست بهێنێت، ئەوەیش وای كردووە كە ببێتە جێگەی متمانەی هاووڵاتیانی هەرێم و زۆرترین خەڵك دەنگ بە پارتی بدەن".

د. ڕەزا هاشمی، مامۆستای زانكۆ، كە هەر لە سۆرانە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پارتی حزبێكی جەماوەریی بنكەفراوانە و شوێنی هەموو كەس و ئایدیایەكی تێدا دەبێتەوە، هەر ئەوەیش وای كردووە كە زۆرترین خەڵك لە هەرێمی كوردستان متمانەی خۆیانی پێ بدەنەوە".

هاشمی، روونیشی كردەوە: "پارتی مێژوویەكی پڕخەباتی هەیە و هەمیشە ئەو خەباتەی بۆ ڕزگاریی نەتەوەكەی و خۆشگوزەرانیی گەلەكەی كردووە، لەگەڵ ئەوەی لە رۆژی دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ هەڵگری هەندێك درووشم و پەیامی نەتەوەیی و نیشتمانی بووە، بەردەوام شەڕی بۆ كردووە و لەو پێناوەیشدا قوربانییەكی زۆری داوە، ئێستایش درووشمەكەی (دەستكەوتی زیاترە بۆ كوردستان)، بۆیە لە داهاتوودا دەتوانێت ئەو دەستكەوتانەی تا ئێستا بە دەست نەهاتوون، ئەوانیش بە دەست بهێنێت و گەلی كورد بگەیێنێتە كەنارێكی ئارام".

ڕابین شێروانی

 

هەواڵی پەیوەندیدار