نێچیرڤان بارزانى: كوردستان له به‌غدا پێویستى به پارێزه‌رێكی سه‌رسه‌ختى وه‌ك پارتى هه‌یه

هه‌ولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە یەکی ئایاری ٢٠١٨، لە بەردەوامیی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە بەشداریی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاهەنگێکی فراوانی جەماوەری لە شارۆچکەی شەقڵاوە ساز کرا.
لەو ئاهەنگەدا، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان وتارێکی پێشکەش بە ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی پارتی لە سنووری شەقڵاوە کرد. نێجیرڤان بارزانی دوای بەخێرهێنانی ئامادەبووان، هۆنراوەیەکی مامۆستا هەژاری موکریانی له‌باره‌ى چیاى سه‌فینه‌وه، وەبیر هێنایه‌وه و گوتى:
"ئێمە لە مه‌یدانی خەباتدا چەقیوین، ئێمە سەفینین".
نێچیرڤان بارزانی داوای لە جەماوەری ناوچەی شەقڵاوە و دەوربەری کرد لە ڕۆژی هەڵبژاردندا دەنگ بە لیستی ١٨٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن و بە دەنگدانیان ئەوە دووپات بکەنەوە کە پارتی حزبی شۆڕش و خەبات، حزبی مێژوو و سەروەری، حزبی ڕاپەڕین و سەرکەوتن و دەستکەوتەکان، حزبی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنان، هەروەها حزبی ڕابردوو، ئێستا و ئاییندەیە، چونکە پارتی پارێزەری کوردستانە، بۆیە بە یەکەمی کوردستان دەمێنێتەوە.
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژەی به خواسته‌كانى خەڵکی کوردستان کرد کە خۆیان لە ئاوەدانی و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی و ژیانی ئاسوودەدا دەبینێتەوە و لەو بارەیەوە گوتی، خەڵک بۆیان دەرکەوتووە و پارتی بە ئەزموون و خەباتی خۆی سەلماندوویەتی كه پارێزەری مافەکانیانە، بۆیە دەنگی پێدەدەن. هەروەها لە پاڵپشتیی هاووڵاتییانی کوردستان دڵنیا بوو لەوەی کە لەگەڵ پارتی داهاتوویەکی گەشتریان دەبێ و وڵاتیش ئاوەدانی و سەقامگیری زیاتر بە خۆیەوە دەبینێ.
نێچیرڤان بارزانی ئامانج لە چوونى حزبەکەی بۆ پەرلەمانی بەغدا بۆ مانەوەی قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێم و هەوڵدان بۆ دابینکردنی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان گەڕاندەوە و، پارتی بە پێویستیی ئەمڕۆی کوردستان دانا بۆ پاراستنی بەرژوەندیی هاووڵاتییان، هەروەها سووربوونی حزبەکەی دووپات کردەوە لەسەر پاراستنی مافی سەرجەم پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان و سازشنەکردن لەسەر مافەکانیان.
جێگری سه‌رۆكی پارتی پابەندکردنی بەغدا بە دابینکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان لە ڕێی دیا‌لۆگ و گفتوگۆی بە پەیامی ڕیفراندۆمی خەڵکی کوردستان لەقەڵەم دا و دووپاتی کردەوە، کە لە گفتوگۆکانیان بەردەوام دەبن و بەغدا بە هاوبەشێکی گرنگی هەولێر دەزانن. هەر بۆیە پێ‌داگر بوو لەسەر بڕوای تەواوی پارتی بە مافی چارەنووسی گه‌لى كوردستان و خەبات بۆ بەدیهێنانی خواستە نەتەوەییەکانی کوردستان.
جێگری سەرۆکی پارتی، سیاسەتی حزبەکەی لە پەرلەمانی عێراق ڕوون کردەوە، کە بریتییە لە هه‌وڵدان بۆ یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان و بەرگریکردنی یەکگرتووانە لە مافەکانی خەڵکی کوردستان.
لە کۆتاییی وتارەکەیدا نێچیرڤان بارزانی بەڵێنیی کاندیدەکانی پارتی بۆ ئامادەبووان دووپات کردەوە کە پارێزەری ماف و دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان دەبن.
ئەمەش دەقی وتارەکەی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە لە ئاهەنگی جەماوەریی شارۆچکەی شەقڵاوە:
هه‌ڤاڵانى به‌ڕێز،
ئاماده‌بووانى خۆشه‌ویست،
ئێواره‌تان باش، هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن، به‌سه‌ر چاو.
خۆشحاڵم ئه‌مڕۆ له شه‌قڵاوه‌ی خۆشه‌ویست له‌ژێر سێبه‌رى چیاى سه‌ركه‌شى سه‌فیندا، سه‌فینى شۆڕش و پێشمه‌رگه و داستان و شه‌هیداندا، له شه‌قڵاوه، له‌گه‌ڵ ئێوه‌ى خۆشه‌ویست و به‌ڕێز، باسی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مانی عێراق بكه‌م، هه‌موو لایه‌كتان به‌خێربێن، سه‌رچاوان.
ئێمه ئه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆمان به شیعرێكی مامۆستا هه‌ژار ده‌ست پێده‌كه‌ین كه باس له چیای سه‌فین ده‌كات و ده‌ڵێت:
زۆر لەمێژە و بەر لە مێژوون، سەربڵندى و بوون و ژینم
هەر هەم و هەر چین لە دواى چین، مەرگى داگیرکەر دەبینم
دوژمنانى کورد زۆر هاتوونە سەرم و ڕاو نراون
من لە مەیدانى خەباتا هەر چەقیوم، من سەفینم
ئه‌وه‌یان بۆ ئێوه‌یه، به‌ڵێ خۆشه‌ویستان، قسه‌كه‌م ئه‌وه‌یه چۆن مامۆستا هه‌ژار له شیعرێكی خۆیدا فه‌رموویه‌تى: كورد له مه‌یدانى خه‌باتا چه‌قیوه، سه‌فینه، ئه‌مڕۆش له بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقدا ئێمه وه‌كو پارتى ده‌ڵێین: "ئێمه له مه‌یدانی خه‌باتدا چه‌قیوین، ئێمه سه‌فینین".
هه‌ڤاڵان، ئه‌ندامان و لایه‌نگران و دۆستان و جه‌ماوه‌رى خۆشه‌ویستی ئه‌م ده‌ڤه‌ره له سنوورى لقى 24ى سه‌فین، هه‌ر له ناوچه‌كانى ته‌قته‌ق و دێگه‌ڵه، ئاشتى و سێگردكان، باواجى و كۆیه‌وه، تا بالیسان، هیران و نازه‌نین، شه‌قڵاوه، سكتان و كۆڕێ، تا باسرمه و هه‌ریر و باتاس، هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن، (10) ڕۆژى دیكه‌مان ماوه كه له (12)ى مانگدا، پارتى دیمو‌كراتى كوردستان چاوى له دڵسۆزى و هیممه‌تی ئێوه‌یه بۆ ده‌نگدان به لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان، ده‌مه‌وێ وه‌ك هه‌موو جار دووپاتى بكه‌نه‌وه كه پارتى حزبى شۆڕش و خه‌بات، حزبى مێژوو و سه‌روه‌رى، حزبى ڕاپه‌ڕین و سه‌ركه‌وتن و ده‌سكه‌وته‌كان، حزبى ئاوه‌دانكردنه‌وه و بنیاتنان، حزبى ڕابردوو، ئێستا و ئاینده‌یه، ده‌بێت بیسه‌لمێنین كه پارتی پارێزه‌ری كوردستانه، وه‌ك هه‌میشه حزبى یه‌كه‌مى كوردستانه و حزبى یه‌كه‌مى كوردستانیش ده‌مێنێته‌وه.
كوردستانییانى خۆشه‌ویست..
خه‌ڵكى كوردستان مافه ڕه‌واكانى خۆیان ده‌وێت، ئارامى و پێشكه‌وتن، ئاوه‌دانى و ژیان، خۆشگوزه‌رانى و ئاینده‌یان ده‌وێت، هێزێكیان ده‌وێت بیانپارێزێت و به‌رگرییان لێ بكات. به‌ڵێ، خه‌ڵكى كوردستان به ئه‌زموون بینیویانه، بۆیان ده‌ركه‌وتووه كه له‌گه‌ڵ پارتى دیمو‌كراتى كوردستان، هه‌موو ئه‌وانه و زیاتر و زیاتریش ده‌ستكه‌وتیان ده‌بێت، بۆیه له ڕۆژی ده‌نگداندا ده‌نگ به لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ده‌ن. خه‌ڵكى كوردستان ئه‌و ڕاستییه ده‌زانن كه له‌گه‌ڵ پارتى، ئه‌مڕۆیان باشتره، ئاینده‌یان گه‌شتره، وڵات ئاوه‌دانتره و ئاسایش به‌رقه‌رار و سه‌قامگیریش به‌رقه‌رار ده‌بێتن.
هه‌ڤاڵان و به‌ڕێزان..
پارتى بۆ پاراستنى ده‌سكه‌وته‌كانى كوردستان و بۆ مانه‌وه‌ى قه‌واره‌ى سیاسى و ده‌ستووریى هه‌رێمى كوردستان، بۆ داواكردن و دابینكردنى مافه ڕه‌واكانى گه‌لى كوردستان، بۆ ئاینده‌یه‌كى باشتر و گه‌شتر بۆ گه‌نجانى كوردستان ده‌چێته به‌غدا، نه‌ك بۆ ململانێ و شه‌ڕى بێ ماناى سه‌ر ته‌له‌ڤزیۆنه‌كان.
خۆشه‌ویستان..
كوردستان له به‌غدا پێویستى به پارێزه‌رێكی سه‌رسه‌ختى وه‌ك پارتى هه‌یه كه ته‌نها و ته‌نها خه‌مى كوردستانى بێت و له‌پێناو به‌رژوه‌ندیی كوردستان هه‌وڵ و خه‌بات و تێكۆشان بكات.
پارتى دیمو‌كراتى كوردستان مافه‌كانى گه‌لى كوردستان و هه‌موو پێكهاته نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌كانى كوردستان ده‌پارێزێت، هیچ كاتێك و له‌ژێر هیچ فشارێكدا پارتی ئاماده نییه سازش له‌سه‌ر مافه‌كانی كوردستان بكات له هه‌ر شوێنێك بێت.
هه‌ڤاڵینه،
پارتى گرێى وه‌رگرتنى پله و پۆستى نییه، ئه‌گینا زۆر به ئاسانی ده‌یتوانی پۆسته‌كان وه‌رگرێت و هیچ كێشه‌یه‌كیشی نه‌بوو، ئه‌وه‌ی بۆ پارتی و ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ی پارتی گرنگه كه ده‌چنه به‌غدا و كار ده‌كه‌ن، یه‌ك خاڵه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه چۆن پارێزه‌ری ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان بن و بتوانن ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی كه به خوێنی شه‌هیدانی كوردستان، به ماندوبوونی خه‌ڵكی كوردستان و شه‌ونخوونیی ئێوه‌ی به‌ڕێز به‌ده‌ست هاتووه بپارێزن و په‌ره‌ی پێ بده‌ن و خه‌باتی بۆ بكه‌ن، له‌و پێناوه‌یه ئێمه ده‌چینه به‌غدا.
خەڵکانێک بۆ ئه‌وه‌ی ئێوه له خه‌بات سارد بكه‌نه‌وه و جددی نه‌بن، ده‌ڵێن باشه ماده‌م پارتی ڕیفراندمی ئه‌نجام دا بۆچی ده‌چێته به‌غدا؟! ئه‌مه پرسیارێكه و زۆر جار ده‌كرێت، من ده‌مه‌وێ لێره‌وه پێتان بڵێم ئێمه كه ڕیفراندۆمیشمان كرد یه‌ك دروشممان هه‌بوو ئه‌ویش ئه‌وه بوو كه ده‌بێت كێشه‌كان به ڕێگه‌ی دیا‌لۆگ و له چارچێوه‌ی ده‌ستوور له عێراقدا چاره‌سه‌ر بكرێن، ئه‌مه بووه به‌رنامه‌ی ئێمه، ئێمه كه به‌ره‌و ڕیفراندۆم چووین ده‌مانه‌ویست به به‌غدا بڵێین ئیتر به‌سه و پێیان بڵێین كه ده‌بێت مافه ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ بكرێن، ده‌بێت له‌وه‌ی ئه‌و گه‌له خه‌باتی بۆی كردووه و شه‌هید و قوربانی بۆ داوه بپارێزرێن و ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ش زیاتر بكرێن، پارتی بۆ ئه‌وه ده‌چێته به‌غدا.
به‌و خه‌ڵكانه دەڵێین: پارتى ڕۆژێک پێشتر و ڕۆژى دوای ڕیفراندۆم و ئێستاش دووپاتى ده‌كاته‌وه: دەرگاى دیا‌لۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا داناخەین، له هه‌موو بارودۆخێكدا به‌غدا به هاوبه‌شێكى گرنگى هه‌رێمى كوردستان ده‌زانین، بۆیه بۆ گه‌یشتن به مافه‌كانى گه‌لى كوردستان، هه‌تا ده‌رفه‌تێك بۆ گفتوگۆ هه‌بێت، پارتی هیچ شێوازێكى تر ناگرێته به‌ر و داوا ده‌كات به گفتوگۆ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن.
ده‌مه‌وێ له‌م ڕۆژه‌دا و لێره له دامێنى سه‌فینه‌وه، جارێكى دیكه به ده‌نگێكى زوڵاڵ و به ڕوونى، به‌و خه‌ڵكانه بڵێین: ئه‌وه مافێكى ڕه‌واى گه‌لى كوردستانه، پارتى دیمو‌كراتى كوردستان بڕوایه‌كى ته‌واوى به مافی چاره‌ی خۆنووسین هه‌یه، لێره، له به‌غدا، له هه‌ر شوێنێكی ئه‌م جیهانه خه‌باتی بۆ ده‌كات و هه‌وڵی بۆ ده‌دات و له‌و پێناوه‌شدا ئه‌وه‌ی بۆ بكرێت ده‌یكات و جێبه‌جێی ده‌كات.
كوردستانییانى خۆشه‌ویست،
پارتى وه‌ك هه‌میشه به‌رچاوى ڕوونه و به پلانه‌وه ده‌چێته به‌غدا. بۆ هه‌رێمى كوردستان زۆر گرنگه كه پارتى به سه‌نگه‌وه وه‌ك هێزی گه‌وه‌ری كوردستان به‌شداری له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا بكات.
به‌رێزان..
ئێمه ده‌مانه‌وێت هێزه‌كانی كوردستانه یه‌كده‌نگ بن، ده‌مانه‌وێت كورد له به‌غدا یه‌كده‌نگ بێت، نامانه‌وێ شه‌ڕی یه‌كتری بكه‌ین، ئه‌گه‌ر له‌ناوماڵی خۆمان كێشه‌یه‌كیشمان هه‌یه، ئه‌وا ده‌كرێت له‌ناوماڵی خۆمان له كوردستان بمێنێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه داوای ده‌كه‌ین وه‌ك پارتی چییه؟ ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت ئێمه یه‌كڕیز و یه‌كگرتوو بین له به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌یه‌كه‌وه به‌رگری له مافه‌كانی هه‌موو ئه‌و گه‌لانه بكه‌ین كه له كوردستان ده‌ژین، هه‌موو كوردستانیان به‌یه‌كه‌وه.
پارتى دووپاتى ده‌كاته‌وه: ئه‌و شه‌ڕه بێ ئه‌نجام و ئه‌و یه‌كترشكاندنه، به‌تایبه‌تیش به‌ئامانجگرتنى خانمان، به توندى ڕه‌تده‌كاته‌وه و ئیدانه‌ى ده‌كات. پارتى به هه‌مان نه‌فه‌سى په‌رۆشیى هه‌میشه‌ى بۆ یه‌كڕیزى و ته‌بایى كار ده‌كات و داوا ده‌كات هه‌موو لایه‌نه كوردستانییه‌كان ئه‌وه‌یان له‌بیر بێت كه له به‌غدا بۆ ده‌ستكه‌وته‌كانی كوردستان خه‌بات و كار بكه‌ن.
خۆشه‌ویستان و به‌ڕێزان..
من ده‌مه‌وێ لێره‌وه پێتان بڵێم ڕۆژی ده‌نگدان هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه و به یه‌ك ده‌نگ به چ لیستێك ده‌ده‌ین؟ لیستی ژماره 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان.
به‌ڕێزان من داوا ده‌كه‌م هه‌ندێك له‌و هه‌ڤاڵانه‌ی به‌ته‌مان بچن بۆ به‌غدا و ئه‌و شه‌ڕه ده‌ستوورییه‌تان بۆ بكه‌ن، هه‌ندێكیان ته‌شریفیان لێره‌یه و هاتوون بۆ ئه‌م گردبوونه‌وه‌یه، حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌وانیش ته‌شریف بهێننه ئێره و با بفه‌رموون و به‌خێر بێن. ژماره‌ی كاندیده‌كان زۆرترن، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یان لێره بوون. له‌یادی نه‌كه‌ن ئه‌گه‌ر پارتی له به‌غدا به‌هێز بێت، كوردستان به‌هێز ده‌بێت، ئه‌گه‌ر پارتی له به‌غدا به‌هێز بێت زۆر باشتر له‌سه‌ر مافه‌كانی گه‌لی كوردستان شه‌ڕ ده‌كات، ئه‌گه‌ر پارتی به‌هێزه‌وه بچێته به‌غدا ده‌توانێت ئه‌و مافه ده‌ستووریانه جێبه‌جێ بكات كه هه‌مووتان خه‌بات و كارتان بۆ كردووه.
كۆتا قسه‌م ئه‌وه‌یه كه ده‌مه‌وێ پێتان بڵێم ڕۆژی ده‌نگدان له‌یادی نه‌كه‌ن هه‌مووتان بچنه سه‌ر سه‌ندوقی ده‌نگدان و ده‌نگ به لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بده‌ن. ئه‌م هه‌ڤاڵانه‌ی لێره‌ن و ئه‌وانه‌ی له‌ناو لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانن، هه‌موویان به‌ڵێنتان پێ ده‌ده‌ن كه له به‌غدا پارێزه‌ری ماف و ده‌ستكه‌وته‌كانی ئێوه بن.
هه‌موو لایه‌كتان به‌خێربێن سه‌رچاو، زۆر سوپاستان ده‌كه‌م.





