حزبێکی توركمانی: حیزبەكانی كهركووك ئاڵای كوردستانیان پێ بەرز ناکرێتەوە، چۆن بەرگریی لە خەڵکەکەی دهكهن؟

كەركووك-KDP.info- سەرۆكی پارتی گەلی توركمانی لە كەركووك گوتی، 16ی ئۆكتۆبەر، بۆ خەڵكی كەركووك رۆژێكی "شووم و ڕەشە" و هەرگیز لەبیر ناكرێت، حیزبە كوردستانییەكانیش كە ئێستا لەوێن نەتوانن لە كەركووك ئاڵای كوردستان بەرز بكەنەوە و بانگەشە بۆ خۆیان بكەن، زۆر زەحمەتە بتوانن لە بەغدا نوێنەرایەتیی خەڵكی كەركووك بكەن.
"دوای 16ی ئۆكتۆبەر، كەركووك بووەتە زیندان و سەربازگە و، سەرەڕای ئەوەیش دەستیان كرد بە تاڵانكردن و دزینی سەروماڵی ئێمە و بارەگاكانیشمان، ئێستایش ئەو هێزانە ماون و حاكمێكی سەربازی دانراوە و هەموو دەستەڵاتێكیان هەیە، حەشدی شەعبییش بەردەوامە لە ئەشكەنجەدان و رفاندنی خەڵك، هەروەها حیزبە كوردستانییەكانیش لە كەركووك بێدەستەڵاتن و ناتوانن هیچ جموجۆڵێكیان هەبێت".
ئەمەی سەرەوە قسەی سەرۆكی پارتی گەلی توركمانی لە كەركووك، عیرفان كەركووكییە، کە بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی کردن و دەشڵێ، كەركووك دۆخەكەی هیی ئەوە نییە متمانەی پێ بكرێت لە ڕووی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئیدارییەوە و، ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكیش تا ئێستا كۆبوونەوەی خۆی نەكردووە و بووەتە زیندان و سەربازگەیەك بۆ خەڵكی كەركووك، بۆیە خەڵكی كەركووك زۆر نیگەرانن، چونكە هیچ سەقامگیرییەك لە كەركووك نییە.
سەرۆكی پارتی گەلی توركمانی، لەبارەی پێشوازیی خەڵک لە پرۆسەی دەنگدان و کارتی دەنگدانەوە گوتی "لە سنووری حەویجە و ناوچە عەرەبنشینەكان، خەڵك ناوی خۆیان لە بایۆمەتری تۆمار نەكردووە، حاکمانی کەرکووکیش بەنیازن بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و ساختەكاری، هەموو ئەو ناوانە بۆ خۆیان بە كار دێنن، ئەمەیش پێشێلكارییەكی دیكەیە بەرانبەر بە خەڵكی كوردستان، چونكە دوای داگیركردن، دەیانەوێت مەرامی خۆیانی لێ جێبەجێ بكەن".
وەک خۆی دەڵێ 16ی ئۆكتۆبەر، رۆژێكی "ڕەش و شوومە" بە نیسبەت خەڵكی كەركووك و هیچ كاتێك لە بیر ناكرێت، دەشپرسێت "حیزبە كوردییەكانی کە ئێستا لە كەركووكن و نەتوانن ئاڵای كوردستان بەرز كەنەوە، چۆن دەتوانن لە بەغدا بەرگری لە مافەكانی خەڵكی كەركووك بكەن؟"، کەرکووکی هاوکات جەخت دەکاتەوە لەوەی کە حیزبە كوردستانییەكان تەنانەت ناتوانن بانگەشە بۆ خۆیان بكەن و جگە لەوەیش كە كەركووك داگیر كراوە، هاووڵاتیان چۆن دەتوانن بچنە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگی خۆیان بدەن؟.
بڵند ئیبراهیم




