چاودێرێکی سیاسی: بە دوو لایەن گوتراوە، باسی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر نەکەن

سلێمانی-KDP.info- چاودێرێكی سیاسی ده‌ڵێت، ڕووداوی 16ـی ئۆكتۆبه‌ری پار، بە هۆی خیانەتی گرووپێكی ناو حیزبێكی سیاسییەوە بوو كوردستانی تووشی قه‌یران كرد نه‌ك ڕێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان. ئاشکرایشی دەکات، کە بە دوو لایەنی سیاسی گوتراوە بە هیچ جۆرێک لێدوانی خراپی لەبارەوە نەدەن.
ڕۆژی 25ـی ئه‌یلوولی 2017 له هه‌رێمی كوردستان ڕێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی به ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه چوو، بۆ یه‌كه‌م جار بوو لە مێژوویدا گه‌لی كورد ئازادانه به جیهانیانی گوت، ده‌یه‌وێت وەک کۆی نەتەوەکانی دیکە لەسەر خاکی داگیرکراو و پارچەکراویدا وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆی خۆی هه‌بێت، به‌ڵام ڕۆژی 16ـی ئۆكتۆبه‌ری هه‌مان ساڵ، وەک بەشێک لە زبە سیاسییە کوردستانییەکان و کەسایەتیگەلی سیاسی باسی دەکەن و مێدیاکانیش ورووژاندوویانە، گرووپێكی ناو لایه‌نێكی كوردستانی، خیانه‌تی نیشتیمانی ئه‌نجام دا، بەوەی هاوكاریی دوژمنی كرد، ڕێی خۆش کرد تا سوپا و حەشدی‌شەعبی کە لەلایەن وڵاتێکی دراوسێوە پشتیوانی دەکرێن، كه‌ركووك و خورماتوو داگیر بکات.
سۆران سێو‌كانی چاودێری سیاسی، لەوبارەوە دەڵێ، "ئه‌و كه‌سانه‌ی دژی ڕێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان لێدوان ده‌ده‌ن، ئه‌وا لەو وڵاتەوە هان دەدرێن تا ئەمجۆرە قسانە بکەن کە حەشدی‌شەعبی بنیات ناوە و، پێیانگوتراوە نابێت دژی خیانه‌تی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر ساڵی ڕابردوو قسه بكه‌ن، به‌ڵام دژی ڕێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان لێدوان بده‌ن، چونكه ده‌یانه‌وێت مێژووی جوانی ڕێفراندۆم ناشیرین بكه‌ن، كه به ئاشكرا دیاره ده‌ستی کێ و چ وڵاتێکی له پشته‌وه‌یه، هه‌رلایه‌نێکیش دژی ڕێفراندۆم قسه بكات ئه‌وه له دواجاردا خۆی زه‌ره‌ر ده‌كات."
بە باوەڕی سۆران سێو‌كانی، ده‌بوو ڕێفراندۆم زۆر زووتر ئه‌نجام بدرایه و بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "دەبوو ساڵی 2015 ئەنجام درابا، به‌ڵام ئه‌وه دواجار سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان باشتر له مه‌سه‌له سیاسی و ئیقلیمییه‌كان ده‌زانێت، كه‌ی كاتی بڕیاردان بوو له سه‌ر ڕێفراندۆم، كه مێژووی كوردی نووسییه‌وه".
سێوکانی هاوکات ئەو چۆرە پڕۆپاگندانە ڕەت دەکاتەوە لەبارەی دۆخی هەنووکەیی هەرێمی کوردستان کە گوایە هۆکارەکەی ڕیفراندۆم بێ و دەڵێ، "ئه‌گه‌ر خیانه‌تی 16ـی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ڕابردوو نه‌بوایه، بێگومان ئێستا دۆخی سیاسی و حوكمڕانیی كوردستان جۆرێكی دیكه بوو، ئه‌گه‌ر هه‌بوو لە ڕووی ئابوورییەوە گوشارمان خرابایە سه‌ر به‌ڵام، ئه‌و گرووپه‌ی ناو لایه‌نێكی كوردستی خیانه‌تی 16ـی ئۆكتۆبه‌ریان نه‌كردایه، ئه‌وا هه‌رگیز ته‌واوی شیعه و حه‌شدی شه‌عبی نه‌یانده‌توانی كه‌ركووك داگیر بكه‌ن، ئێستا بەرهەمی بینیبوو."
سۆران سێوه‌كانه‌یی دەشڵێ، هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان ده‌زانن كێ بوو خیانه‌تی 16ـی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ڕابردووی ئه‌نجام دا و، "خۆیان ئێستا ئه‌زانن چۆن عه‌یبدار بوونه، خیانه‌تێكی مێژوویی به ناوچاویانه‌وه لكاوه، هه‌رگیز ناتوانن ئه‌و په‌ڵه‌یه، به دوو قسه پینه‌وپه‌ڕۆ بكەن."
ئەو چاودێرە سیاسییە جەختیش دەکاتەوە لەوەی، ڕێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان بڕیاری گه‌لی كوردستانه و هێز نییه بتوانێت هه‌ڵیبوه‌شێنێته‌وه، "له ده‌ستی هیچ سه‌ركرده‌یه‌كی كوردستان نه‌ماوه، چونكه بڕیاری گه‌لی كوردستانه بۆ دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆیان."
ڕاشکاوانە و بەرمەبنای زانیارییش گوتی، "فەرماندەی سوپای قودسی دراوسێمان کە ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی حەشدی‌شەعبی دەکات و سەرپەرشتیکاری پیلانی داگیرکردنی خورماتوو و کەرکووکی دەکرد، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی، کە نابێت دژی خیانەتەکەی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر هیچ قسه‌یه‌ك بكه‌ن، به‌ڵام ده‌بێت دژی سه‌رڕێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان قسه بكه‌ن، ده‌شبینین تائێستای‌ش كاریگه‌ری ماوه به سه‌ریانه‌وه."
هێڤیار هه‌ڵه‌بجه‌یی




