٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕۆژی جیهانیی کرێکاران پیرۆز ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاراندا، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕایدەگەیێنێ، کە هەوڵی جیددی دەدات بۆ باشترکردنی گوزەران و ڕەخساندنی زیاتری دەرفەتی کار و خزمەتگوزاری و مافەکانیان، هاوکات هانی کەرتی تایبەتیش دەدات کە بە پشتیوانی و هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت، ڕەچاوی زیاتری ماف و داخوازییەکانی کرێکار بکەن.

دەقی پەیامی حکوومەت:
بەبۆنەی یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانیی کرێکارانەوە، پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرجەم کرێکارانی کوردستان و جیهان دەکەین. ئەم ڕۆژە لە مێژووی کرێکاراندا ڕۆژێکی پرشنگدار و پڕ بەهایە بۆ داکۆکیکردن لە ماف و خواستەکانیان. کرێکاران توێژێکی زیندووی خاوەن ڕەنج و بەرهەمهێنی کۆمەڵگاکانیانن، له کوردستانیش ڕۆڵی گرنگ و کاریگەریان لە پرۆسەی بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی وڵاتدا هەیە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بایەخەوە لە ڕۆڵ و پێگەی ئەم توێژەی کۆمەڵگاکەمان دەڕوانێت و پەرۆشی دەستەبەرکردنی ماف و داخوازیەکانیانە، هەوڵی جددی دەدات بۆ باشترکردنی گوزەران و ڕەخساندنی زیاتری دەرفەتی کار و خزمەتگوزاری و مافەکانیان، هانی کەرتی تایبەتیش دەدات کە بە پشتیوانی و هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت، ڕەچاوی زیاتری ماف و داخوازییەکانی کرێکار بکەن و خۆیان بە بەرپرسیار بزانن لەبەردەم پێداویستییەکانی کرێکاران و ڕەخساندنی کەش و ژینگەی کار لە ئاستێکی شیاوی سەردەمیانەدا.
وێڕای دەستخۆشیمان لە سەندیکای کرێکارانی کوردستان بۆ داکۆکیکردن و پشتیوانییان لە ماف و داخوازیەکانی ئەم توێژە گرنگه‌ی کۆمەڵگا، هیوادارین کاری زیاتر لە خزمەتی خواستەکانیاندا بکەن و بە شێوەیەکی مەدەنی و یاسایی  لە هەوڵ و کۆششیان بەردەوام بن، هه‌رچیش بكه‌وێته ئه‌ستۆى حكوومه‌ت، درێخى ناكات.
بەرز و پیرۆز بێت یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانیى کرێکاران.
ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
١/٥/٢٠١٨

هەواڵی پەیوەندیدار