کرمانج عەبدوڵڵا: عەرەبەکانی مەخموور دەنگ بە لیستی ١٨٤ دەدەن
__2018_04_30_h15m6s50__ER.jpg)
مەخموور-KDP.info- بەرپرسی لقی 23ی مەخمووری پارتی دەڵێ، تا ئەو واقعە داگیركارییە هەبێت بە هیچ شێوەیەك بارەگای خۆمان لە مەخموور ناكەینەوە، دڵی خەڵك لەگەڵ ئێمەیە، ماڵی هەموو هەڤاڵان و خەڵكی ناوچەكە بارەگای ئێمەن، مادام ئەو هەموو دڵە لەگەڵ پارتین، لەگەڵ ڕێكخستنەكان و لیستی 184ی پارتین بارەگا ناكەینەوە، عەرەبەكانی ئەو سنوورە لەگەڵ پارتیدان، چونكە دەزانن لیستی 184، واتە لیستی پێكەوەژیان و، لیستی برایەتیی كورد و عەرەبە."
كرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی 23ی مەخمووری پارتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "ئێمە بە شێوەیەكی نهێنی سەردانی مەخموورمان كرد و لەوێ كۆڕێك هەبوو و تێیدا بەشدار بووین، دواتریش هەر بە نهێنی دەرچووین، لەو كاتەی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێ كردووە، هەر دوو ناوچەی مەخموور و قەراج گەڕاونەتەوە و بە پێی ئەو هەڵومەرجە داگیركراوەی كە لەوێ هەیە، كارەكانی خۆیان دەكەن، بەڵام تا ئەو واقعە داگیركارییە هەبێت بە هیچ شێوەیەك بارەگای خۆمان ناكەینەوە، تا ئەو كاتەی ئاڵای كوردستان لەسەر بارەگا نەبێت و ڕێز لە هێما و سەروەرییەكانی خەڵكی كوردستان نەگیرێت و بە كەرامەتەوە نەگەڕێینەوە بارەگاكانی خۆمان، بە هیچ شێوەیەك بارەگاکان ناكەینەوە."
كرمانج عەبدوڵڵا گوتی: "بەلای ئێمەوە كردنەوەی بارەگا زۆر گرنگ نییە، ئەوەی زۆر گرنگە خەڵكە، مادام دڵی خەڵك لەگەڵ ئێمەیە، ماڵی هەموو هەڤاڵان و خەڵكی ناوچەكە بارەگای ئێمەن، مادام ئەو هەموو دڵە لەگەڵ پارتین، لەگەڵ ڕێكخستنەكان و لیستی 184ی پارتین، بارەگا ناكەینەوە."
بەرپرسی لقی 23ی مەخمووری پارتی ڕوونیشی كردەوە: "هەموو پێكهاتەكان، بەتایبەتی برا عەرەبەكانی ئەو سنوورە هەڵوێستیان زۆر باشە و بە شێوەیەكی گشتی لەگەڵ پارتیدان، چونكە دەزانن لیستی 184، واتە لیستی پێكەوەژیان، ئەگەر لیستی پارتی سەركەوێت تەنیا ڕەوانەكردنی كاندید نییە، بەڵكو دەنگ بە لیستی 184، دەنگدانە بە یەكڕیزیی خەڵكی ناوچەكە، دەنگدانە بە برایەتیی كورد و عەرەب، دەنگدانە بە پێكەوەژیان و ئەمن و ئاسایش، بە دەیان پێشمەرگە بۆ بەرگری لە گوندە عەرەبنشینەکان شەهید بوون، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ئەوان بكەن، بۆیە دەزانن هەڵوێستی پارتی چییە، بۆیە لەوێ زۆر پشتئەستوورین و دەنگی یەكەمی ئەو سنوورە دەنگی پارتییە".
ڕابین شێروانی




