شارەزایان دەڵێن، جووڵەی زیاتر دەکەوێتە بازاڕەوە

هەولێر-KDP.info- دوای بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پێداچوونەوە بە سیستەمی مووچەی فەرمانبەران، لە ئێستادا کاریگەریی باشترکردنی گوزەرانی ھاووڵاتیان و فەرمانبەران دەرکەوتوون و سەرۆکی یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکارانی کوردستان لەوبارەوە دەڵێ، "دوای بڕیاری حکوومەت بازاڕ جووڵەی تێکەوتووە و پێشبینیی باشتریش دەکرێت."
شێخ مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکارانی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پێداچوونەوە بە سیستەمی پاشەکەوت، کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر بازاڕ و بزاوتی بازرگانی ھەبووە و بە ماڵپەری فەرمیی پارتی گوت، "دوو مانگە مووچە لە کاتی خۆیدا دابەش دەکرێت و پاشەکەوتیش کەم کراوەتەوە، ئەوە رۆڵێکی کاریگەری ھەبوو لە بوژانەوەی بازاڕی ھەرێم، پێموایە ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە؛ پێشبینی دەکرێ کەرتی بازرگانی زیاتر گەشە بکات و ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو، بە ڕێژەیەکی بەرچاو گۆڕانکاری ھەبووە، لە داھاتوویشدا قەبارەی بازرگانی زۆر زیاتر دەبێت."
سەرۆکی یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکارانی ھەرێمی کوردستان ئاماژەیشی دا، کە بازرگانان لە ھەوڵدن بواری بازرگانی بەرفراوانتر بکەن و کاڵای زیاتر ھاوردەی ھەرێمی کوردستان بکەن، ئەو دووپاتی کردەوە "ئێستا پارە ھاتووتەوە بازاڕەوە، تا ئاسانکاری بۆ بازرگانانیش بکرێت، یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکاران بە بەردەوامی بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانی بازرگانان دەکات، بە تایبەتی ئەو کێشانەی لەبارەی باجی گومرکییەوە ھەبوون چارە بکەن."
لە ماوەی ڕابردوودا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک بڕیاری دابوو، بە سیستمی پاشەکەوتی مووچەدا چووەوە و بە هۆیەوە، بەو بڕی ٣١٧ملیار دینارەی لە بەغداوە بۆی دەنێردرێ، خۆشی خستەوە دڵی مووجەخۆرانی کوردستان.
جیا لە بڕینی قوت و مووجەی خەڵکی کوردستان لە لایەن فەرمانڕانانی بەغداوە، یەکێکی دیکە لە ھۆکارەکانی قەیرانی ئابووریی هەرێم دابەزینی نرخی نەوت بوو لە بازاڕەکانی جیھاندا، بەڵام وەک دکتۆر ئەرشەد تەھا کە پسپۆری ئابوورییە بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، ئێستا کە نرخی نەوت بەرز بووەتەوە، ئەمەش ھۆکارێکە بۆ ئەوەی قەیرانی ئابووری لە ھەرێمی کوردستان بەرەو چارەکردن بچێت، "من گەشبینم بەوەی لە ٩٠% رەوشی ئابووریی ھەرێمی کوردستان بەرەو باشتر دەچێت، چونکە ئاشکرایە یەکێک لە ھۆکارەکانی ئەنجامدانی ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەغدا قووتی خەڵکی کوردستانی بڕی و ئامادە نەبوو مووچە و مافە داراییەکانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام تا ئێستا رەوشەکە گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە، ھەم نرخی نەوت بەرز بووەتەوە ھەمیش حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەوڵی چارەکردنی کێشەکانی داوە."
قائید میرۆ




