٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هۆشیار زێباری: هیچ کەس ناتوانێت پێگەی کورد لە مووسڵ کەم بکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info- هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ کادرانی پارتی لە سنووری مووسڵ ڕایگەیاند، هیچ کەس ناتوانێت پێگەی کورد لە مووسڵ کەم بکاتەوە.

 

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٩ی نیسانی ٢٠١٨ لە پارێزگای دهۆک هۆشیار زێباری، ئەندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ کادرەکانی لقی مووسڵ و شێخان و شنگال کۆ بووەوە و ئامانج لە کۆبوونەوەش سەرخستنی لیستی  ١٨٤ی پارتی و بانگەشەیەکی بەهێز بوو لە سنووری مووسڵ.

 

هۆشیار زێباری، لەو کۆبوونەوەیەدا ڕایگەیاند: سەڕەڕای هەموو کەموکورتییەکان ئێمە بە کردار کارەکانی خۆمان دەکەین و، لەم سنوورە ٥٠٠ شەهیدمان دا بۆ ئەوەی بگەینە سەری چیای شنگال.

 

زێباری ئاماژەیشی دا، تەنیا ١١ ڕۆژ ماوە بۆ بانگەشەی هەلبژاردن و ئەمە ئەزموونێکی گرنگە بۆ گەلەکەمان و پێویستە دووپاتی بکەینەوە کە پارتی خاوەت قاعیدە و پێگەیەکی بەهێزە لە سنووری مووسڵ.

 

زێباری گوتی: هیچ کەس ناتوانێت پێگەی کورد لە مووسڵ کەم بکات، نە بە تەعریب و سیاسەتی شۆڤینییە یەک لە دوای یەکەکان، چونکە ئێمە خاوەنی ماڵین و ئێمە تەعەدامان لە کەس نەکردووە، بەڵکو خەڵکانی تر هاتوون تەعدامان لێ دەکەن.

 

زێباری گوتی: ١٢-٥ ڕۆژێکی گرنگە لە لای هەموومان و هەر دەنگێک گرنگە لە بۆ ئەوەی پێگەی کورد لە بەغدا بەهێزتر بێت و ئێمە بڕوامان بە خۆمان و بە ئێوە و بیر و باوڕەکانتان هەیە، ڕاستە ئێمە درنگمان بانگەشە لەم سنوورە دەست پێ کردووە، بەڵام ئەم ڕۆژانەی ماون، ڕۆژانی یەکلاکەرەوەن بۆ ئێمە.

 

لە درێژەی وتارەکەیدا زێباری گوتی: خەڵکانێکی زۆر ئاوارە و دەربەدەر بوونە لەم ناوچەیە، بە تایبەت شنگال و دەشتی نەینەوا و هاتوچۆ لێرە سەخت بووە، ئێمە پێشتر بڕیارمان دابوو ڕێگاکانی ئەم ناوچەیە کراوە بن، کەچی ئەوان ڕێگایان نەکردووەتەوە.

 

زێباری ئاماژەیشی دا: چاوی خەڵک لەوەیە کێ نوێنەراتیی خەڵک دەکات کێ شەڕ بۆ کورد دەکات لە بەغدا و کام لایەن دەتوانێت بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات لە بەغدا، ئەگەر ببینن و سەیری بکەن پارتی دیموکراتی کوردستان هەر لە بەیانی ١١ی ئادار و شۆڕەشەکانی ئەیلوول و گوڵان و دامەزراندی قەوارەی هەرێم لە ساڵی ١٩٩٢ دەستپێشخەر بووە تا دەگاتە دروستبوونی پەرلەمان بۆ ئەوەی هیچ بۆشاییەکی یاسایی نەمێنیت لەم وڵاتەدا.

 

زێباری لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: دەبێ شتێک بڵێن ئێمە ڕیفراندۆممان کرد هیچ کەس لە دنیادا ناتوانێت ئەم مافە لە ئێمە وەربگرێت، چونکە ئەمە پرۆسەیەکی دیموکراسییە و هیچ تاوانێکمان ئەنجام نەداوە.

 

زێباری ئەوەیشی خستەڕوو: پارتی نەک پارێزگاری لە کورسییەکانی دەکات بەڵکو هەموو هەوڵێک دەدات زیاتریشیان بکات، چونکە پارتی کادری دڵسۆزی هەیە.

 

کـــاروان بـــاعەدری

 

هەواڵی پەیوەندیدار