٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھەر كاتێك پارتی بەھێز بووبێ، دەستكەوتی مەزن بە دەست هاتوون

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info-   مافەكانی خەڵكی كوردستان و شكۆ و پێگەی ھەرێمی كوردستان لە كوێ بێ، پارتی دیموكراتی كوردستان لەوێیە، ئەمە قسەی بەرپرسێكی پارتییە و دەشڵێ، ڕوونە كە ھەر كاتێك پارتی بەھێز بووبێ، دەستكەوتی مەزن بە دەست هاتوون". ئەو لەسەر ئەو باوەڕەیشە، كە چەندە دەنگدەری كوردستان پشتگیری لە پارتی بكەن و پارتی بەھێز بكەن، مافەكانیان زیاتر گەرەنتی دەكرێن.

بۆ ئاییندەی كوردستان بە پێچەوانەی لایەنەكانی تر، سیاسەت و ستراتیژی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوون و ئاشكرایە، دەستەكەوتە مەزنەكانی كوردستان شاھیدی ئەوە دەدەن كە پارتی كار بۆ بەھێزیی كوردستان و یەكڕیزیی نێوخۆیی دەكات و بەرگریكارێكی سەرسەختی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستانە.

پارتی بۆ هەمیشە ھەوڵی یەكڕیزیی داوە و كاری جیددییشی لەو پێناوەدا كردووە، لەم قۆناغەیشدا ویستوویەتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەكان بە ئارامی و دیموكراسیانە بن.
بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییە نیشتیمانییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، عەلی حوسێن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "دوای ھەڵبژاردنەكان، پارتی ھەوڵ دەدا ئەو لیستانەی كە براوەی ھەڵبژاردنەكانن و زۆرترین كورسیی پەرلەمانیان بە دەست ھێناوە، لەگەڵیاندا بگاتە ئەنجامێك بۆ ھاوپەیمانی، ھەوڵیش دەدات بابەتە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و ئەو بابەتانەی پەیوەست بە ھەرێمی كوردستانن، بیانخاتە بەر باسەوە، بەڵام ئەوە تەنیا بۆ ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە داخوازییەكانی ھەرێمی كوردستان كە لەسەریان بگەنە ڕێككەوتن، زۆر ئاساییە ئەگەر خاڵی جیاوازمان ھەبێ لە نێو كوردستان، بەڵام لە بەغدا پەیوەست بە بابەتە نەتەوەیی نیشتیمانییەكان یەك بن، ئەوەی پەیوەستە بە ناوخۆ و ئەوەی تاكوو ئێستا بەغدا ئامادە نەبووە شەراكەتی حەقیقی و دەستوور جێبەجی بكات، ئەمە گرفتە گەورەكەی ھەموو كوردستانە و بۆیە یەكڕیزیی لایەنەكانی دەوێت لە عێراق."

ڕابردوو و سیستم و پڕۆگرامی كاری پارتی شاھیدە كە، ھەمیشە لە ڕابردوو و لە ئێستا و داھاتوویشدا یەكڕیزیی ناوخۆیی و دەرەوەی ویستووە وەك ئەوەی ئەو بەرپرسەی پارتی دەڵێت: "ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان ھەوڵ دەدەین لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و پێكھاتە نەتەوەیی و ئایینەكانیش كۆدەنگیێكی وەك ھاوپەیمانییەك دروست بكەین، بۆ ئەوەی بتوانین لە ئاییندەدا ھەر حزب و لایەنێكی سیاسی و یان ھەر لایەنێكی سیاسی عێراقی براوەیە، گفتوگۆی لەگەڵدا بكەین سەبارەت بە حكوومەتی ئاییندەی عێراق و مافی ڕەوای گەلی كوردستان".
"لای پارتی، گرینگ نییە چ لایەنێك  و مەزھەبێكە ئەوەی ھاوپەیمانەتیی لەگەڵدا دەبەستین، گرینگ ئەوەیە ئامادە بێت دەستوور جێبەجی بكات و مافی ڕەوای گەلی كوردستان دەستەبەر بكات، ھەوڵی ئێمەیش بۆ ئەوەیە بە ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان، لەگەڵ ئەو لایەنانەدا ڕێك بكەوین." عەلی حوسێن وای گوت.

حوسێن دەشڵێت: "مافەكانی خەڵكی كوردستان و شكۆ و پێگەی ھەرێمی كوردستان لە كوێ بێ، پارتی دیموكراتی كوردستان لەوێیە؛ بۆیە ئەگەر سەیر بكەین، لە ڕابردوویشدا ھەر كاتێك پارتی بەھێز بووبێ، دەستكەوتی زیاتر بە دەست هاتوون و پێگەی ھەرێمی كوردستان بەھێز بووە، بۆیە لەو دۆخەیشدا دەنگدەری كوردستان چەندە پشتگیری پارتی بكەن و پارتی بەھێز بكەن، زامنی زیاتری دەستكەوتەكانی خەڵكی كوردستان دەبێت و هۆكاری پاراستنی مافەكانی خەڵكی كوردستانە و پێداگرییە لەسەر ئەو دەستكەوتانەی ھەن و، بێگومان ئەوانەی كە بەدییش نەھاتوون، لەسەر دەستی پارتی بەدی دێن، بۆیە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەیش روئیای پارتی ڕوون و ئاشكرایە، پێگەی ڕابردوو و ئێستا و داھاتووی پارتییش دیارە و، داكۆكیكارێكی سەرسەخت دەبێت لە داوا و خواست و مافەكانی خەڵكی ھەرێمی كوردستان."

فایزە كۆیی

 

هەواڵی پەیوەندیدار