لاوان و ئافره‌تانی شاره‌زوور: كاندیدانی پارتی هەرێم به به‌هێزی ده‌هێڵنه‌وه

شاره‌زوور-KDP.info- ڕۆژه‌كانی ڕۆشتنه سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نزیک دەبێتەوە و، لاوان و ئافره‌تانی شاره‌زووریش به گه‌رموگڕیه‌وه پشتیوانی لیستی 184ـی پارتی ده‌كه‌ن، وه‌كوخۆیان ده‌ڵێن، تاكه لیسته ئومێدمان پێی بێت، کە ڕێگه نه‌دات جارێكی تر مافه‌كانی كورد زه‌وت بكرێت و ده‌سكه‌وتی زیاتریش بۆ كوردستان به‌ده‌ست بێنێت.
خه‌دیجه ئه‌حمه‌د به‌رپرسی ئه‌نجوومه‌نی شارەدێی زه‌ڕایه‌نی یه‌كێتی ئافره‌تان، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند، "ئێمه‌ی ئافره‌تان له شاره‌زوور ته‌واوی وزه‌ی خۆمان وه‌گه‌ڕخستوه، تاوه‌كو بتوانین لیستی 184ـی پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌ربخه‌ین، ئه‌ولیسته‌ی دڵنیاین موساومه له سه‌رمافه ده‌ستووری و یاساییه‌كانی كوردستان ناكات".
لە ئێستادا خەدیجە شان به شانی هاوڕێیانیان ده‌ستیان به بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ لیستی 184 کردووە و ئامانجیان هۆشیاركردنه‌وه‌ی ئافره‌تانی شارەدێکەیانە، كه ته‌نیا پارتی ده‌توانێت ئاینده‌ی كوردستان مسۆگه‌ر بكات، هاوکات له سه‌رئاستی نێوده‌وڵه‌تیش زامنی پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان بێت، كه به‌خوێنی هه‌زاران شه‌هیدی كوردستان به‌ده‌سهێنراون، نه‌ك ئه‌و حیزب و گروپانه‌ی، كه هه‌میشه خه‌ریكی ئه‌وه‌ن كوردبوون له مێشكی تاكه‌كانی كورد بسڕنەوە و خزمه‌ت به دووژمنانی گه‌له‌كه‌مان بکەن.
لاوان و ئافره‌تان ده‌ڵێن، ئه‌و حیزب و گروپانه‌ی، كه خیانه‌تی 16ـی ئۆكتۆبه‌ریان كرد و دژی ڕیفرەندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هەرێمی کوردستان بوون، له ئێستا‌شدا ناتوانن نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی كوردستان بكه‌ن، بۆیه ته‌نیا حیزبێكی به هێزی وه‌ك پارتی ده‌توانێت پارێزگاری له مافە ڕه‌واكانی گه‌لی كوردستان بكات.
فه‌ره‌یدوون تاوگۆزی چالاكوانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، له باره‌ی هۆكاری پشتیوانیان لە لیستی 184ـی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت، "وه‌كو لاوێكی كورد، پێم وایه ئه‌و مافانه‌ی من كه‌لای به‌غدایه، ته‌نیا پارتی ده‌توانێت به‌ده‌ستی بێنێته‌وه بۆم، كه تاكه حیزبی كوردییه یه‌كده‌ست بێت له نێوخۆی‌دا و بتوانێت داكۆكیكاری مافه‌كانی من و نه‌ته‌وه‌كه‌م بێت".
تاوگۆزی گوتیشی، "ئامانجم له پشتیوانی لیستی 184ـی پارتی، ئه‌وه‌یه، ده‌زانین هه‌میشه كاتێك پارتی به‌هێز بووه كوردستانیش به‌هێز بووه، دۆسییەی كوردیش هه‌نگاوی باشی ناوه، كه به‌هێزی پارتی بووە، ڕۆژی 25ـی ئه‌یلولی ساڵی ڕابردوو كورد پایه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردستانی دانا، هه‌ر پارتیش بوو توانی خیانه‌ته ناوخۆیی و ئیقلیمییه‌كه‌ی ڕۆژانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ڕابردوو بۆ له ناوبردنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان پوچه‌ڵ بكاته‌وه، له داستانی پردێ و سێحه‌لا و مه‌حمودیه، سه‌لماندی تاكه حیزبی كوردیه ده‌توانێت ئاینده‌ی كوردستان بپارێزێت، هه‌روەها پەیوه‌ندییه دیبلۆماسیه‌كانی پارتیش بوو توانی ئابڵوقه‌ی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان بشكێنێت".
مه‌ریه‌م فه‌تاح چالاكی مافه‌كانی ئافره‌تان لای خۆییه‌وه ده‌ڵێت، "ئافره‌ت هه‌میشه ڕۆڵ و پێگه‌ی تایبه‌تی هه‌بووه له سه‌رخستنی دۆزی ڕه‌وای گه‌لی كوردستان، له شۆڕشه‌كان تا ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی 1991، پاش ڕاپه‌ڕینیش ئه‌ركی پیرۆزی خۆیان ڕاپه‌ڕاندووه له ئیداره‌دانی كوردستان".
ناوبراو هێما بۆ ئەوەش دەکات، کە بۆ ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، وەکو ئافره‌تان ده‌وری كاریگه‌رمان هه‌یه بۆ سه‌رخستنی لیستی 184ـی پارتی دیموكراتی كوردستان، "لیستی ١٨٤ تاكه لیسته کە ده‌توانین بڵێین، زامنی ئێستا و ئاینده‌مانه، بۆیه به ئه‌ركی خۆمانی ده‌زانین، ته‌واوی وزه‌ی خۆمان بخه‌ینه گه‌ڕ، تاوه‌كو بتوانین ئه‌وه‌ی له ده‌ستمان بێت بۆ لیستی پارتی بكه‌ین، ئەویش لە پێناو پێگه‌ی كورد له سه‌رئاستی عێراق و وڵاتانی ده‌ره‌وه".
موحسن محه‌ممه‌د به‌رپرسی ناوه‌ندی چالاكی پێگه‌یاندنی لاوانی شاره‌زووری یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "ئێمه پشتیوانی لیستێك ده‌كه‌ین هه‌ڵقوڵاوی ناخی كوردستانیان بێت، نه‌وه‌ك وه‌ك كۆمه‌ڵێك كاندیدی حیزبی كوردی بڕۆنە به‌غدا و خۆیان به عه‌ره‌ب بفرۆشێن و ده‌نگی شه‌قامی كوردستان بخاته خزمه‌تی عه‌ره‌به‌وه و دژی پڕۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كوردستان بن".
ناوبراو دڵنیایە، کەوا كاندیدانی پارتی پاش سه‌ركه‌وتنیان بۆ په‌رله‌مانی عێراق، کارنامەی پارتی جێبه‌جێ ده‌كه‌ن و، هەرێمی کوردستان به به‌هێزی ده‌هێڵنه‌وه.
هێڤیار هه‌ڵه‌بجه‌یی




