٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھەولێر.. ئه‌مڕۆ پڕۆژه‌ی ھاوچەرخكردنی بازاڕی ئیسکان و قەیسەری ده‌کەوێتە بواری جێبەکردنه‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info
 
هەولێر-KDP.info- سەرۆكایەتیی شارەوانیی ھەولێر، دوو پڕۆژە لەنێو بازاڕی ھەولێر جێبەجێ دەكات و، بەڕێوەبەری شارەوانیی یەكی ھەولێریش دەڵێ، بە بڕی نزیكەی دوو ملیار دینار، بازاڕی ئیسكان و قەیسەریی ھەولێر دەكەنە بازاڕی سەردەمیانە.
 
ئەندازیار مەریوان شوانی، بەڕێوەبەری شارەوانیی یەك لە ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوو پڕۆژەی پەرەپێدانی بازاڕی ھەولێر جێبەجێ دەكرێن، كە یەكەمیان نۆژەنكردنەوە و پەرەپێدانی بازاڕی ئیسكانە، كە بازاڕێكی بەنێوبانگی شاری ھەولێرە و بە بڕی ٥٠٠ ملیۆن دیناری عێراقی، سەرۆكایەتیی شارەوانیی ھەولێر لە ڕێگەی بەڕێوەبەری شارەوانیی یەكەوە ھەڵدەستێ بە نۆژەنكردنەوە و رێكخستنی بازاڕی ئیسكان، كە دەبێتە بازاڕێكی سەردەمیانە و بڕیارە بە سێ قۆناغ پڕۆژەكە جێبەجێ بكرێت، كە پێك دێت لە خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆ و نەھێشتنی ئاو لەنێو بازاڕەكە و دواتر كۆنكرێت و قیرتاوكردنی بە شێوەیەك وەك بازاڕی گەورەی ھەولێر یەك دیمەنی جوانی ھەبێت و ھەموو عەرەبانەی نێو بازاڕەكەیش بە شێوەی كەپر رێك دەخرێن".
 
بەڕێوەبەری شارەوانیی یەك ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد: "بە تەواوبوونی پڕۆژەكە، ھەم دەبێتە بازاڕێكی سەردەمیانە و ھەم دیمەنێكی جوان بە شاری ھەولێر دەبەخشێت، جگە لە لایەنی خزمەتگوزاری كە ھەموو بازاڕی ئیسكان بە سیستمێكی پێشكەوتووی كامێرا پێكەوە دەبەسترێتەوە و ئیدی بۆ ئەنجامدانی تاوانیش كۆنتڕۆڵ دەكرێت، كە بڕیارە ئەمڕۆ شەممە پڕۆژەكە بكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە".
 
شوانی دەشڵێ: "پڕۆژەی دووەم، پڕۆژەی جوانكاری و پەرەپێدانی بازاڕی قەیسەریی ھەولێرە، پڕۆژەی قەیسەریی ھەولێر، پڕۆژەیەكی فراوانە و لە ئێستادا دەستی پی َكردووە، قەیسەری وەك بازاڕێكی ھاوچەرخی كوردستان و ھەولێر، زیاتر جێگەی گرینگیی ئێمەیە و بە گوژمەی زیاتر لە یەك ملیار دینار گۆڕانكاریی تێدا دەكرێت، لەگەڵ تەواوبوونی بازاڕی گەورەی ھەولێر، دەچێتە قۆناغێكی دیكەوە لە جوانكاری و قەیسەرییش دەبێتە بازاڕێكی نموونەیی كوردستان".
 
قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار