چالاکانی مەدەنی: دەنگمان بۆ لیستی ١٨٤ی پارتییە
__2018_04_26_h15m32s10__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- ڕۆشنبیران و چالاکانی مەدەنی وێڕای پشتیوانیکردن لە لیستی ١٨٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، پارتی لە ڕابردوودا کاریگەری ھەبووە لەسەر بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگە و ھاوکار و پاڵپشتی چینی ڕۆشنیران و نووسەران بووە. ڕۆشنبیرێکیش دەڵێ، ناوەندە ئەکادیمییەکان و خوێندنی باڵا و بواری ڕۆشنبیری لەسەر دەستی پارتی گەشەی کردووە.
سەردار سابیر، ڕۆشنبیر و چالاکی مەدەنی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "من وەک چالاکێکی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەرنامە و کارنامەی لسیتی ١٨٤ی پارتیم لا پەسەندترە لە ھەموو لیستەکانی دیکە، چونکە لە ڕووی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە پارتی لە ڕابردوودا کاری کردووە و لە کارنامەکەیشیدا ئاماژەی بەو خاڵانە کردووە. بۆ ئێمەش وەک کۆمەڵگەی مەدەنی و چینی ڕۆشنبیران زیاتر خۆمان لە کارەکانی پارتیدا دەبینینەوە لە بواری ڕۆشنبیریدا بەگشتی و لە گەشەپێدانی مرۆیی و گرنگیدان بە زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمی و ڕۆشنبیرییەکان درێغی نەکردووە، لەبەر ئەوەی تا پڕۆسەی بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە بەردەوام بێت و لە چوار ساڵی ئایندەدا پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بەرەوپێش ھەنگاو بنێن، پشتگیری لە لیستی ١٨٤ی پارتی دەکەم و دڵنیاشم نوێنەرانی پارتی لە ڕێگەی لیستی پارتییەوە دەچنە پەرلەمان و شوێنیان دیاردەبێت."
مەسعوود محەمەد شەریف، چالاکی مەدەنی و ڕۆشنبیر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەزموونی ھەرێمی کوردستان بەرھەمی خوێنی شەھیدان و خەباتی پارتییە، لەبەر ئەوەش ئێمە پشتگیریی لیستی ١٨٤ی پارتی دەکەین، چونکە بۆ فەراھەمکردنی فەزای ئازادی لە ھەرێمی کوردستاندا پارتی ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەبووە، مێژوو ئەوەی سەلماندووە، کە پارتی لە ھەر کوێیەک دەسەڵاتی ھەبووبێت لەوێ ئازادی و ئارامی زیاتر بووە، کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆشنبیران درک بەو خەبات و بەرگرییەی پارتی دەکەن و دەنگیان بۆ لیستی ١٨٤ی پارتی دیموکراتی کوردستانە."
دڵشاد سەلیم، وەک گەنجێکی ڕۆشنبیر و داھێنەر، پشتگیریی خۆی بۆ لیستی ١٨٤ی پارتی نیشان دا و دەڵێ: "جگە لە پارتی لایەنێکی دیکە شک نابەین بۆ ئەوەی ڕۆژی ھەڵبژاردن دەنگی پێ بدەین، بەرنامە و پلانی پارتی بۆ ئایندەی کوردستان دیارە، ڕەنگە لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە خەڵک گلەیی ھەبێت لە حکوومەت، بەڵام ھاووڵاتیان ئێستا وشیارن و دەزانن پرسی ھەڵبژاردنی ئەم جارە زۆر ھەستیارە بۆ کورد، لەبەر ئەوەش زۆربەی خەڵکی پشتگیریی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن، چونکە لە بەغدا بەرگرییان لێ دەکەن و پارتی نەیھێشت قەوارەی سیاسی و دەستووریی ھەرێمی کوردستان لەنێو بچێت."
کاوە کەریم کاوە، کاندیدی ژمارەی ١١ی لیستی ١٨٤ی پارتی لە پارێزگای ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پشتگیریی گەنجان و چالاکانی مەدەنی بۆ لیستی ١٤٨ی پارتی نیشانەی وەفاداریی کۆمەڵگەیە بۆ پارتی، چونکە ئێمە وەک پارتی لە ڕابردوودا ھاوکاری و پشتیوانی گەنجان و کۆمەڵگەی مەدەنی بووین، خۆم یەکێکم لەو نموونەیە کە گەنجترین کاندیدی سنووری پارێزگای ھەولێرم و لە لایەن پارتییەوە متمانەی ئەوەم پێ دراوە خۆم کاندید بکەم، بێگومان بەو تەمەنەوە ئەگەر متمانەی ھاووڵاتیان و بەتایبەتی گەنجان و چالاکانی مەدەنی بەدەست بێنم زۆر پرس ھەیە لە پەرلەمانی عێراق بۆ بەرژەوەندیی لاوان و ڕۆشنبیران بەدەستی بێنین."
قائید میرۆ




