كاندیدانی پارتی لە دیالە: كار بۆ گەڕاندنەوەی ناوچە كوردستانییەكان دەكەین

دیالە-KDP.info- كاندیدانی لیستی 184ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری پارێزگای دیالە دەڵێن: "دەنگی میللەتی خۆمان دەبین لە بەغدا و، كار بۆ گەڕاندنەوەی ناوچە كوردستانییەكان و جێبەجێكردنی ماددەی 140 دەكەین".
پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ژێر درووشمی (دەستكەوتی زیاتر بۆ كوردستان) و بە لیستی ژمارە 184، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەشدارە و لە سنووری پارێزگای دیالەیش ژمارەیەك كاندیدی بۆ ئەم هەڵبژاردنە هەن.
كازم پیرۆلی، كاندیدی ژمارە 1ـی لیستی 184 پارتی لە سنووری پارێزگای دیالە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "وەك پارتی بەرنامەی خۆمان هەیە كە بەرنامەمان خزمەتكردنی خەڵكی خۆمان دەبێت و، گەیاندنی كێشە نەتەوەییەكانمان و جێبەجێكردنی ماددە دەستوورییەكان و ماددەی 140ـیش دەبێت".
عامر رەفعەتیش كە كاندیدی ژمارە2ـی لیستی 184 پارتییە، گوتی: "ئەو مافە دەستوورییانەی لە دەستووری عێراقدا ئاماژەیان پێ كراوە، كاریان لەسەر دەكەین، هەروەها كار بۆ خزمەتكردنی سنوورەكەم دەكەم و، ماددەی 140یش دەبێ جێبەجێ بكرێت، بۆ ئەوەی ناوچەكانی ئێمە كە كوردستانین، بگەڕێنەوە و زیانلێكەوتووانی دەستی رژیمی پێشوویش قەرەبوو بكرێنەوە ".
نزار محەممەد، كاندیدی ژمارە 3ـی لیستی 184 پارتی، دەڵێ: "كار و بەرنامەمان جێبەجێكردنی بەرنامەی پارتیمانە كە نەتەوەییە و زامنی ئازادی و مافە دەستووری و داراییەكانی كوردستانە و، دەمانەوێت قەیرانی كوردستان چارە ببێت و چیتر وەكوو كارتی گوشار لە دژمان بەكار نەیەت".
تریفە جاسم، كاندیدی ژمارە 4 ڕاگەیاند: "كار دەكەم بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 و مافی ئافرەت و گەڕاندنەوەی زەوییە زەوتكراوەكانی ناوچەكەمان بۆ خاوەنی ڕەسەنی خۆیان و، بەرگری لە پێشمەرگە و نیشتیمانەكەی خۆم دەكەم ".
جەلیل ئیبراهیم، كاندیدی ژمارە 5 لە سنووری پارێزگای دیالە، ئاماژەی دا: "كار دەكەم بۆ ئەو ماددە دەستوورییانەی كە مافی كوردیان تێدا هاتووە، جێبەجێ بكرێن و هەرێمی كوردستانیش بەهێزتر بێت و، هەروەها گەڕانەوەی ناوچە كوردستانییەكان و جێبەجێكردنی ماددەی 140، لە كارەسەرەكییەكانم دەبێ".
عیماد جەلیل، كاندیدی ژمارە 7، لەسەر هەمان پرس، گوتی: "پڕۆژەكانم هەوڵدانە بۆ گەڕانەوەی خانەقین و، جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق و، زامنكردنی مافی پێشمەرگە قارەمانەكان و، چەسپاندنی مافی كوردانی فەیلی و قەرەبووكردنەوەیان و، هەر بریارێكیش دژی میللەتی كورد بێت، دژی دەوەستینەوە".
ئیبراهیم ئەحمەد هەواس، كە كاندیدی ژمارە 10یە، ڕایگەیاند: "بەڵێن دەدەم داكۆكیكارێكی سەرسەختی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی ناوچەكە و، مێژوو و جوگرافیای كوردستان دەبم، هەروەها بەڵێنیش دەدەم وەكوو پردێ و سحێلا و مەخموور لە هۆڵی پەرلەمان بەرگری لە میللەتی خۆم بكەم".
لای خۆشیەوە، خەلیل محەممەد جەماهیری، كاندیدی ژمارە 9 دەڵێ: "كار دەكەم بۆ لێكتێگەییشتن بۆ ئەنجامی ڕیفراندۆم و هەوڵدان بۆ كارپێكردنی سەرجەم بڕگەكانی دەستوور، بە تایبەتی ماددەی 140 كە ناوچەكەمان دەگرێتەوە بۆ ئەوەی سەدا 50 خاكەكەمان بگەڕێتەوە كە بە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر لە دەستمان داوە".
هودا عەدنان، كاندیدی ژمارە 15 لە لیستی 184ی پارتی لەسنووری پارێزگای دیالە، بەمشێوەیە باسی لە بەرنامەی خۆی كرد: "بۆ گەلی كورد لە بەغدا هەموو هەوڵێك دەدەم، پێویستە ماددەی 140 جێبەجێ بكرێت و خزمەتگوزاری پێشكەش بە پارێزگای دیالە بكرێت، هەروەها زانست و بواری پیشەسازییش لە بەرنامەمدایە، لەگەڵ جێبەجێكردنی دەستووری عێراق وەكوو خۆی".
نەشوان بەرزنجی











