٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی لقی 2: كار بۆ بەدەستهێنانی 10 كورسی دەكەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی لقی 2ی پارتی دەڵێ، پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە شانازی بە دەستكەوتە نەتەوەییەكانییەوە دەكات و، هەموو دەست كەوتەكانیش لەسەر دەستی پارتی بە دەست هاتوون. ئاماژەیشی دا كە، لەم هەڵبژاردنەدا، كار بۆ بەدەستهێنانی 10 كورسی دەكەن.

 

پارتی دیموكراتی كوردستان، بە لیستی ژمارە 184 و لە ژێر درووشمی "دەستكەوتی زیاتر بۆ كوردستان"، دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كردووە، كە بڕیارە مانگی داهاتوو بەڕێوە بچێت و، خەڵكیش لە چینوتوێژە جیاوازەكان بە گەرمی پێشوازی لە لیستی پارتی دەكەن و پشتگیریی خۆیانی بۆ دووپات دەكەنەوە.

 

ئەحمەد كانی، بەرپرسی لقی 2ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەرنامەمان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن داناوە و بەرنامەكەیش لەسەر ئاستی رێكخراو و ناوچە و ئۆرگانەكانە، بەردەوامیشین لە كاری خۆمان و لە بانگەشەكاندا جەخت لە دەستكەوتە نەتەوەییەكان دەكەینەوە، بۆ نموونە پارتی چ دەستكەوتێكی هەبووە، جگە لە خەبات و شەهید و قوربانییەكان، بەڵام پارتی دەستكەوتی نەتەوەیی و نیشتیمانیی هەن و هیچ حیزبێك ئەوەی نییە، بۆ نموونە ئێران رۆژێك لە رۆژان ددانی بە مافەكانی كورددا نەناوە بە یاسا، بەڵام لە عێراق رێككەوتننامەی 11ی ئادار هەیە كە لەسەر دەستی پارتی و بارزانیی نەمر هاتووەتە دی و، لە دوای ساڵی 1991 یەكێتی باسی چارەی خۆنووسینی دەكرد و پارتییش باسی لەوە دەكرد كە، وەرن پێناسەی بكەن كە هەر لە سەردەمی عەبدولسەلام عارفەوە تا سەربەخۆیی، چارەی خۆنووسینە و ئەوانەی دەچوونە بەغدا باسیان لەوە دەكرد كە تەنیا دەمانەوێت حكوومەتی عێراق لەگەڵ ئێمە بێت و دەهاتنەوە هەرێم باسیان لەوە دەكرد كە ئێمە لەگەڵ رزگاریی یەكجارەكین و پێناسەیان بۆ نەدەكرد، بەڵام ئەوەی پێناسەی كرد و جێگیری كرد، سەرۆك بارزانی بوو لەناو پەرلەمان 4/10/1992 و بووە یاسا و دواتر سەرۆك بارزانی سەردانی ئەمەریكای كرد و باسی لەوە كرد، ئەمە مافی ئێمەیە لەم قۆناغەدا و ئەوانیش گوتیان كە بەردەوام بە".

 

بەرپرسی لقی 2ی پارتی دیموكراتی كوردستان دەشڵێ: "لە 2003ـدا و لە دوای ئازادبوونی عێراق، سەرۆك بارزانی باسی لەوە كرد كە پێویستە لە عێراق دەستوورێك هەبێت زەمانەتی هەموو گەلانی عێراق بكات و، مام جەلال باسی لەوە كرد داوای فیدراڵییەتی پارێزگاكان دەكەین و، سەرۆك بارزانییش ئەمەی رەت كردەوە و داوای فیدراڵییەتی بۆ هەرێمی كوردستان كرد لە دەستووردا و كە دواتر جێگیر كرا، ئێستایش سەركردەكانی عێراق باس لەوە دەكەن كە شارەزایانی جیهانمان بانگ كردووە و، دەڵێن كە ناتوانن دەستكاری دەستوور بكەن، چونكە سەرۆك بارزانی بە جۆرێك جێگیری كردووە كە پێویستە دوو لەسەر سێی دەنگی سێ پارێزگا بڕیاری لەسەر بدات، بۆیە ئێستا بۆ دەستكاریكردنی دەستوور پێویستە دوو لەسەر سێی هەر سێ پارێزگاكانی هەرێم رازی بن گۆڕانكاری لە دەستووردا بكرێت، كە ناتوانن ئەوە بكەن، چونكە خەڵكی كوردستان ئەوە ناكات".

 

گوتیشی: "دوادۆكیومێنتی پارتی، ریفراندۆمە و پارتی پێی گرینگ نەبوو دۆستەكانی لێی تووڕە دەبن و بە كردەییش دۆستەكانی نیگەران بوون، بەڵام ئەمەی كرد لەبەر ئەوەی مافی گەلی كوردە و كاغەزێك نییە سازشی لەسەر بكەی، بۆیە ریفراندۆم كرا و سەركەوتنی بە دەست هێنا و وەكوو كارتێكی زێڕین كەوتە دەست هەر تاكێكی كورد، هەر كاتێكیش گڵۆپی سەوزمان بۆ هەڵكەن، دەتوانین سەربەخۆیی رابگەیێنین، چونكە بنەمامان هەیە كە ریفراندۆمە، لە ڕاستییشدا حیزبەكانی دیكە بەرامبەر ئەمە هیچیان نییە، بۆیە نیگەران دەبن كە پارتی باسی دەستكەوتی نەتەوەیی دەكات، چونكە یەك دەستكەوتیان نییە كە ددانپێدانراو بێت".

 

ئەحمەد كانی، ڕوونیشی كردەوە: "ئێمە بۆ جەماوەری خۆمان ڕوونی دەكەینەوە، نابێت رێگە بدەین كەسانێك كە هیچ دەستكەوتێكی نەتەوەییان نییە ئیرهابی فكریی تاكی ئێمە بكەن بۆ ئەوەی پارتی باسی دەستكەوتە نەتەوەییەكانی نەكات و، ئێمەیش بەردەوام باسی دەكەین و پارتی دوو شتی لە دەستدایە، یەكێك مافی نەتەوەییە كە پارتی لە پێناویدا دروست بووە و ئەوەی دیكە ئیدارەدانە، كە دیارە كێ لە ئیدارەداندا سەركەوتووتر بووە، چونكە گەر لە هاووڵاتیان بپرسی، بێگومان باسی ئەوە دەكەن سلێمانی وەكوو هەولێری لێ بكرێت".

 

كانی ڕوونیشی كردەوە: "هیچ حیزبێك دەنگی پارتیی نابێت، چونكە هەیە حیزبێك بووە، ئێستا بوونەتە چەند حیزبێك كە هەموویان دەنگی خۆیان دەبەن و ئەوانەی بە ناوی ئیسلامیشەوە بەشدارن، دەنگیان كەم دەكات و دەنگی پارتییش زیاد دەكات و كەم ناكات، ئێمەیش كار دەكەین بۆ ئەوەی لە 15 كورسی 10 كورسی بە دەست بهێنین، بەڵام ئەگەر 10 كورسیمان بەدەست نەهێنا، دڵنیام خۆمان لە 9 كورسی نزیك دەكەینەوە، بۆیە جگە لە سەركەوتن هیچ شتێكی دیكە بە خەیاڵی كادیرانی پارتیدا نایەت، چونكە پارتی ئەوە لە خەیاڵیدا نەبووە شكست بێنێت، لەبەر ئەوەی پارتی دوو شۆڕشی هەڵگیرساندووە، ئەوانیش ئەیلوول و گوڵانن، بۆیە ئەمە تەنیا بە پارتی دیموكراتی كوردستان دەكرێت و بە حیزبێكی دیكە ناكرێت".

 

ئەو بەرپرسەی پارتی، ئەوەیشی خستە ڕوو: "ئێمە بەردەوام لەناو جەماوەی كوردستانین و ڕووخۆشی و پێشوازیی گەرمی خەڵك لە لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان، ورەی ئێمەی بەرز كردووەتەوە، چونكە راستە هەندێك كێشەی تەكنیكی لە كۆمسیۆن هەن كە ئەویش خەتای خەڵك نییە، چونكە پرۆسەكە زەحمەتە و خەڵكی ماندوو كردووە، ئەگەرنا هیچ كاتێك وەكوو ئەم جارە جەماوەر و لایەنگرانی پارتیمان بە جۆش و خرۆش نەدیتووە، سەرەڕای ئەو قەیرانەی كە هەیە".

 

بڵند ئیبراهیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار