هاووڵاتیان، بۆ پاراستنی دەستكەوتەكان و بەدەستهێنانی مافەكانمان پشتگیریی لیستی 184 دەكەین

هەولێر-KDP.info- هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، بەردەوامن لە پشتگیریكردنی لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان و جەخت لەوە دەكەنەوە، بۆ پاراستنی دەستكەوتەكان و بەدەستهێنانی مافەكانیان، دەنگ بە لیستی پارتی دەدەن.
لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ژێر "درووشمی دەستكەوتی زیاتر بۆ كوردستان"، دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كردووە و، چینوتوێژەكانی هەرێمی كوردستانیش بەردەوام جەخت لەوە دەكەنەوە كە پشتگیری لە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن و دەنگ بەو لیستە دەدەن، كە لیستی بەدەستهێنانی مافی گەلی كورد و پارێزگاریكردنە لە دەستكەوتەكان.
پیرس محەممەد، فەرمانبەر لە وەزارەتی خوێندنی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە دەنگ بە لیستێك دەدەین كە خزمەت بە گەلی كوردستان بكات و كار بۆ پرسە نەتەوەییەكان بكات و هەڵوێستەكانی نەتەوەیی بن، نەك وەكوو هەندێك لیست كە بینیمان لەجیاتی پارێزگاریكردن و كاركردنیان بۆ مافەكانی گەلی كوردستان، دژایەتیی خەڵكی كوردستانیان دەكرد، بۆیە پێویستە خەڵك دەنگ بە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بدات، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە كەسانێك نەنێرین بۆ بەغدا كە دواتر لێی پەشیمان بین".
ئەو فەرمانبەرە ڕوونیشی كردەوە: "پارتی دیموكراتی كوردستان بە حیزبێكی نەتەوەیی ناسراوە كە هەموو خەڵكی كوردستان شانازی پێوە دەكات و، ئەمەیش وا دەكات ئەم جارە دەنگی پارتی زیاتر بێت و خەڵكیش پاداشتی پارتی بداتەوە".
هاووڵاتی یووسف محەممەد، كە پیشەی شۆفێرە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە سەدەیەكە خەبات دەكەین و قوربانی دەدەین نەك بۆ بژێویی ژیان، بەڵكوو بۆ ئەوەی سەربەخۆ بین، بۆیە پێویستە كەسانێك بكەینە نوێنەری خۆمان كە كار بۆ پرسە نەتەوەییەكان بكەن، لە ماوەی رابردوویشدا ئەگەر سەیری مێژوو بكەین هەموو هەوڵ و قوربانیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكان بووە و چەندین دەستكەوتی خۆی لە پێناو كوردایەتیدا لە دەست داوە، كە ئەویش وەكوو هەندێك حیزب دەیتوانی چەندین دەستكەوتی حیزبی بە دەست بێنێت و واز لە دەستكەوتە نەتەوەییەكان بێنێت، بەڵام كە ئەوان ئەمەیان نەكردووە پێویستە خەڵكیش لە رۆژی دەنگداندا دەنگ بە لیستی 184ی پارتی بدەن، بۆ ئەوەی ببنە نوێنەری راستەقینەی ئەوان و پارێزگاری لە دەستكەوتەكان بكەن و دەستكەوتی دیكەیش لە بەغدا بە دەست بێنن".
هەر لەو بارەیەوە، كاندیدی ژمارە 15ی لیستی 184ی پارتی لە هەولێر، ناسر هەركی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پارتی هەمیشە شانازی بە دەستكەوتە نەتەوەییەكانییەوە دەكات كە گرینگترینیان ریفراندۆمە، بۆیە بەرنامەی ئەم جارەی پارتییش بۆ بەغدا هەموو جەختكردنەوەیە لەسەر مافە نەتەوەیی و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، لەبەر ئەوە، كە دەچینە بەغدایش كار بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە دەكەین، بۆ نموونە جێبەجێكردنی دەستووری عێراق، بە تایبەت ئەو ماددانەی پەیوەندییان بە خەڵكی هەرێمی كوردستانەوە هەیە و، دابینكردنی بەشەبودجەی هەرێم و بودجەی پێشمەرگە و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكان و ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە و هەروەها قەرەبووكردنەوەی خەڵكی ناوچە كوردستانییەكان".
بڵند ئیبراهیم




