كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوانی گەرمیان: پارتی پارێزەری خاكی كوردستانە و دەنگی پێدهدهین

گەرمیان-KDP.info- كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوانی گەرمیان ڕایدەگەیێنن، بۆ كوردستانێكی بەهێز و ئاوەدانی و دووبارەنەبوونەوەی ئەنفال، دەنگیان بۆ لیستی 184ـی پارتی دیموكراتی كوردستانە، وەك خۆیشیان گوتیان: "دڵنیاین پارتی دەستكەوتی زیاتر بۆ كوردستانیان فەراهەم دەكات".
ئیسماعیل مەحموود، كەسوكاری ئەنفالی گەرمیانییەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی وەك زەروورەتێكی مێژوویی بۆ هاووڵاتیانی كوردستان دامەزراوە، لەو ڕۆژەوەیش كە بە سەركردایەتیی باوكی ڕۆحیی نەتەوەییمان "بارزانیی نەمر" خۆی ڕاگەیاندووە، هەمیشە كاری كردووە بۆ پاراستنی خاكی كوردستان لە دوژمنان، بۆیە ئێستایشی لەگەڵدا بێت، تاكە حیزب كە بمانپارێزێت لە دەستی دوژمنان، پارتییە".
مەحموود ڕاشیگەیاند: "ئێمەی كەسوكاری ئەنفالكراوان، بۆ پاراستنی كوردستان و داكۆكیكردن لە مافەكانی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالی گەرمیانییەكان لە بەغدا، بەڵێنمان داوە متمانەی خۆمان بە لیستی 184ـی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەین، دەرگا بە دەرگایش دەگەڕێین و دەنگی بۆ كۆ دەكەینەوە".
ئاوات شكور، یەكێكی دیكە لە كەسوكاری ئەنفال كراوان دەڵێت: "پارتی ئەو حیزبەیە كە دەتوانێت ئاییندەی كوردستان و نەوەكانمان زامن بكات، هەروەك چۆن بینییشمان ڕۆژانی شومی خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر، كوردستانی لە پیلانی ناوخۆیی و ئیقلیمی پاراست، لە پردێ و سحێلا و چەند ناوچەیەكی دیكە، تەوای پیلانەكانی دوژمنی شكست پێ هێنا بۆ لەناوبردنی قەوارەی سیاسیی كوردستان".
شكور، گوتیشی: "كەسوكاری ئەنفالكراوان لەلایەن حكوومەتەكەی سەرۆكوەزیران نێچیرڤان بارزانییەوە، خزمەتی تا ڕادەیەكی باش كراون، دڵنیایشین ئەگەر دەسەڵاتی حكوومەتی خۆجێیی ئەم سنوورە بە دەست پارتییەوە بووایە، ئەوا خزمەتی زۆر زیاتر بە كەسوكاری ئەنفالكراوان دەكرا، بۆیە ئێمەی كەسوكاری ئەنفالكراوان، دەنگ بە لیستی 184ـی پارتی دەدەین".
محەممەد كەلاری، كەسوكاری ئەنفالكراو لە شارەدێی ڕزگاری گوتی: "ئێمە بۆیە دەنگ بە لیستی 184 دەدەین، چونكە دەزانین باشترین بەرنامەی گەڵاڵە كردووە بۆ خزمەتكردن و بەدەستهێنانی مافەكانمان و ئەوەیش كارنامەی هەڵبژاردنی پارتییە، كە سەیرێكی كارنامەی تەواوی حیزبەكانم كرد لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا بۆ پەرلەمانی عێراق، كارنامەی پارتی، باشترین كارنامەی هەڵبژاردن بوو، لە ڕابردوویشدا توانیویەتی ئەو بەڵێنانەی بە كوردستانیانی داون، بیانباتە سەر".
كەلاری دەڵێت: "لیستی 184، دڵنیاین لە بەغدا بەرگری لە مافی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفال كراوان دەكات، بۆیە پەیامی منیش بۆ تەواوی كەسوكاری شەهیدان ئەوەیە، ڕۆژی 12/5 لەسەر سندووقەكانی دەنگدان، دەنگ بەو حیزبە بدەن كە پارێزەری خاكی كوردستانە و خۆی بە خزمەتكاری كوردستانیان دەزانێت".
كەسوكاری ئەنفالكراوانی گەرمیان، بە ئومێدەوە لە لیستی 184ـی پارتی دەڕوانن و بە تاكە لیستی دەزانن كە بتوانێت لە بەغدا شەڕ لەسەر مافە یاسایی و دهستووریهكانیان بكات. لەو بارەیەوە، ئەرسەلان جاف، كەسوكاری ئەنفالكراو ڕایگەیاند: "درووشمی پارتی بۆ ئەم هەڵبژاردنە، دەستكەوتی زیاترە بۆ كوردستان، ئێمەیش دەزانین هەمیشە پارتی لەگەڵ درووشمەكانی خۆی ڕاستگۆ بووە، بۆیە هەمیشە متمانەمان بە پارتی هەبووە و دڵنیایشین پێگەی كوردستان بەهێزتر دەكات لەوەی كە ئێستا هەیەتی".
جاف گوتیشی: "تاكە ئومێدی گەرمیانییەكان، نوێنەرانی پارتی دیموكراتی كوردستانن كە لە ناوهۆڵی پەرلەمانی عێراق، شەڕ لەسەر مافەكانی كەسوكاری ئەنفالكراوەكان و تەواوی كەسوكاری شەهیدانی كوردستان بكەن، بۆیە پێویستە داوا لە حكوومەتی عێراقی میراتگری سەردەمی حكوومەتی دیكتاتۆری عێراق بكەن كە قەرەبوومان بكاتەوە، هەروەها پارتییش تاكە حیزبە متمانەمان پێیەتی كە ڕێگە نەدات دوژمان جارێكی دیكە ئەنفال و كیمیابارانمان بكەنەوە، بۆیە هەمیشە دەبێت پارتی بە پێگەی سیاسیی بەهێزەوە بهێڵینەوە".
هێڤیار هەڵەبجەیی




