٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەزگای هەڵبژاردنی پارتی: خەڵكانێكی زۆر بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكانیان سەردانی بنكەكان ده‌كەن

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- بڕیاردەری دەزگای گشتیی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیێنێت، لە دوای هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە، بە رێژەیەكی بەرچاو هاووڵاتیان كارتی ئەلیكترۆنیی دەنگدان وەردەگرنەوە.

نیازی حەمە عەزیز، بۆ ماڵپەڕی فەڕمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێش هەڵمەتی هەڵبژاردن هاووڵاتیان بە سستی دەچوون بایۆمەتریی دەنگدان بكەن، دواتر گەرموگوڕیی تێكەوت، هەرێمی كوردستانیش لە سەدا پەنجا تاوەكوو شەست هاووڵاتیان بایۆمەترییان كردبوو".

١٤ی مانگی رابردوو، دەست بە به‌نگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنیداهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرا، بڕیاردەری دەزگای گشتیی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەوەیش دەخاتە روو كە بەپێی زانیارییەكانیان، بە هۆی هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە، خەڵكێكی زۆر كەوتوونەتە خۆ بۆ وەرگرتنەوەی كارتە ئەلیكترۆنییەكانیان، ئەوەیش زیاتر لە نێو ئەو هاووڵاتیانەی كە لایەنگری لایەنە سیاسییەكانن، گوتیشی: "لە ماوەی ئەم چەند رۆژەی بانگەشەی هەڵبژاردندا بە بەراورد لەگەڵ چەند مانگی رابردوو، خەڵكێكی زۆر هەوڵی وەرگرتنەوەی كارتەكانیان داوە، ئەوەیش دەریدەخات كە زۆرینەی هاووڵاتیان بەشداریی پرۆسەكە دەكەن".

نیازی هێمایشی بۆ ئەوە كرد، دواوادە بۆ وەرگرتنەوەی كارتە ئەلیكترۆنییەكان، بەپێی بڕیاری كۆمسیۆن ٥ی ٥ دەبێت، چاوەڕوانیش دەكەن تا ئەو كات خەڵكێكی زیاتر سەردانی بنكەكانی وەرگرتنەوەی كارتەكانی دەنگدان بكەن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەزگای گشتیی هەڵبژاردن لە رووی ئامارەوە هەیەتی، نیازی حەمەعەزیز گوتی: "لە هەندێ پارێزگاوە بۆ پارێزگای تر رێژەی چوون بۆ وەرگرتنەوەی كارتی ئەلیكترۆنی جیاوازە، كە لە سەدا شەست بۆ سەدا ٨٥ـە، هەولێریش لە چاو ئاستی پارێزگاكانی تردا، لە پێشەوەی وەرگرتنەوەی كارتە لە لایەن هاووڵاتیانییەوە".

بەپێی بڕیاری كۆمیسیۆن، تەنیا ئەو هاووڵاتیانەی بایۆمەتریی دەنگدانیان نەكردووە، دەتوانن بە كارتە كۆنەكانیان دەنگ بدەن، ئەوانەی بایۆمەترییان كردووە، دەبێت بە كارتە نوێیەكان دەنگ بدەن، كە وا بڕیارە لە ١٢ی٥ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەرجەم پارێزگاكاندا دەست پێ بكات.

 

خێڵان بەختیار

 

هەواڵی پەیوەندیدار