مەسروور بارزانی: بیرتان بێ کێ بەرگریی لە کەرامەت و شکۆی کوردستان کردووە

هەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی ڕایگەیاند، بایەخی ئەم هەڵبژاردنە لەوەیە، کێ دەتوانێ بە باشترین شێوە لە خزمەت خەڵکی کوردستاندا بێ لە بەغدا، پارێزەری دەستکەوتەکان بێ و لە خەم سەروەریی نەتەوەییدا بێ.
لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی بەرفراواندا لە هەولێر، ئەم بەیانیی پێنجشەممەیە، مەسروور بارزانی لە گوتارێکدا هەروەها ڕایگەاند، بە ڕوانین لە هەڵوێست و کار و کردەوەی لایەنەکان و بڕواتان بە ڕابردوو و تێکۆشانەکەی، هەروەها کێ دەتوانێ خزمەتی باشتری خەڵکی کوردستان بکات و، هەوروەها لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و پرسە نەتەوەییەکەدایە دەنگی پێ بدەن.
باسیشی لە قسەی لایەنە کوردییەکانی تر کرد، هێمای بۆ ئەوەکرد، کەوا هەموو لایەک قسەی خۆیان کرد و ئەوەی لە هەگبەیاندا بوو باسیان کرد، بەڵام ئەوەی گرنگە، ئەوەیە، کێ دەتوانێت نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان لە بەغدا بکات، گرنگە بیر بکەنەوە، پشت بە کێ دەبەستن، دەنگ بەو لایەنە بدەن، ئێوە دەتوانن هەموو شتەکان لێک بدنەوە، چونکە خاوەنی هزر و بیری خۆتانن، دەبێت زۆر وریا بن و پێش هەموو شتێک بیر لە نەتەوەکەتان بکەنەوە، کە ئایا داهاتووی ئەم کوردستانە دەدەنە کێ، کە لە ئاستی بڕوا و دەنگی ئێوە بێت.
مەسروور بارزانی لە درێژەی وتارەکەیدا گوتیشی: "سەبارەت بە ئێمە، ئەم هەڵبژرادەنە تەحەددایە، چونکە بۆ دەسنیشانکردنی ویستی نەتەوەمان بەشداریی ریفرەندۆممان کرد، بەداخەوە بە هۆی خیانەتی ئەو چەند کەسە ئەو خەوە نەهاتە دی، ئەوەش بەو مانایە نییە، کە نەتوانین هەوڵ بۆ ئەو خەونە چارەنووسسازە بدەین"، روونیشی کردەوە، کەوا پارتی دیموکراتی کوردستان نەیوستووە شەڕ و ناخۆشی لە نێوان ئێمە و بەشەکانی تری عێراقدا ببێت، کە بە داخەوە هەندێ لایەن ویستیان بە ئەنقەست بە پشتیوانی چەند لایەنێکی کورد فرۆش و خاک فرۆش، هێرش بکەنە سەرمان.
زیاتر لەسەر ئەو پرسە گرینە دوا و گوتی، کە ڕیفراندۆممان کرد، بۆ ئەوە بوو کە ڕای خەڵکی خۆمان بزانین و بەرچاوڕوونیمان بێ بۆ دانوستان لەگەڵ حکوومەتی بەغدا، هەرگیز نەمانویستووە کیشە و دوژمنکاریمان لەگەڵ بەغدا هەبێ، بەڵام پەرچەکرداری دوژمنکارانەیان هەبوو و بە هاوکاریی چەند لایەنێکی خۆفرۆش هێرشی سەر کوردستانیان کرد. بە هاوکاریی لایەنی نێوخۆیی کەرکووکیان فرۆشت.
جا بۆیە دڵنیا بن، ئەوەی خیانەتی لە دەنگی ئێوە و ڕیفراندۆم کردووە، سبەینێیش لە بەغدا ناتوانن و نایانەوێ پارێزگای لە دەستکەوتەکانتان بکەن. دەبێ ئێوە بە ناردنی نوێنەری ڕاستەقینەتان پارێزگاری لە دەستەکەوتەکان بکەن.
مەسروور بارزانی نموونەی بەرگریکاریی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە خاک و نەتەوەی کورد، بە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و راپەڕین و دژ بە تیرۆریستانی داعش هێنایەوە، هەتاوەکو دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و گوتی، کە تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، لە رێی پێشمەرگە گیانلەسەردەستەکانییەوە، لە پردێ و سحێلا نیشانە بوون کە جارێکی تریش وەفاداری پارتیی بۆ ئێوە و کورد و کوردستان نیشان دایەوە، دەبێت بە دەنگدانتان تۆڵە لەو لایەنانە بکەنەوە، کە هەوڵی شکستهێنانی ریفرەندۆمیان دا و کەرکووکیان فرۆشت.
لەمەڕ ریفرەندۆم و هێرشی هەندێ لایەن بۆ سەر ئەو پرۆسە چارەنووسسازە، مەسروور بارزانی تیشکی خستە سەر ئەوەی، کاتێ لایەنەکان زانیان ناتوانن رێگری بکەن و ریفرەندۆم کرا، هەموان مسابەقەیان بوو کامیان زوتر لەسەر شاشەی تیڤی دەربچێت کەوا دەنگی بە بەڵی داوە، گەر ئەنجامی ریفرەندۆم بە شێوەیەکی تر بوایە خۆیان دەکردە خاوەنی پرۆسەکە، گوتیشی: "ئەوان دەڵێن ریفرەندۆم تووشی شکست بووە، بێگومان هیچ کات ئەنجامی ریفرەندۆم تووشی شکست نەبووە، لەم قۆناغەش بۆ ئەوەی مافەکانمان بە دەسبێنین، دەبێت دەنگ بەو کەسانە بدەین، کە متمانەمان پێیانە و بە رێبەری پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی دەبێت، گەر ئێستا سەیر بکەن، دوو بەرە درووست بووە، بەرەی پارێزگاری کردن لە شکۆی کوردستان و قیمەتی نەتەوەکەمان، بەرەی تریش هەموو هەوڵێک دەدات تاوەکو ئەو شکۆیە بشکێنن و رادەستی لایەنێکی تری بکەن، دڵنیابن کە پارتی لە بەرەی بەرگریکردن لە شکۆی کوردستاندایە".
مەسرور بارزانی بە سەرسوڕمانیشەوە گوتی: "پارتی بوو کە توانی نەک تیرۆریستان تێکبشکێنێ، شکۆی کوردستانیش بە جیهان بناسێنێ، خوێنی ئێمەش لە خوێنی ئەو شەهیدانە ئاڵتر نییە، کە بۆ ئەم خاکە رژاندوویانە، ناکرێ لەسەر حیسابی خوێنی شەهیدان و شەونخونی پێشمەرگە، لایەنی تر بێن و خۆیان بکەنە خاوەنی ئێوە، ئەوکاتەی پێشمەرگەکانی پارتی و رێبازی بارزانی لە سەنگەری خەباتدا بوون، لایەن هەبووە هانی خەڵکی داوە پەیوەندی بە داعشەوە بکەن، بەڵگەمان لایە، کە بۆ دژایەتیکردنی کوردستان خەڵکیان بۆ پەیوەندیکردن بە داعشەوە داوە، ئەوانە شایستەی ئەوە نین دەنگیان پێ بدەن.
گوتیشی: "ئێمە شانازی بە رابردوومانەوە دەکەین، بە سەرکەوتن و لە شکستەکانیشمان ڕاناکەین، چونکە تەحەمولی هەموو ئەنجامەکانمان کردووە، ئێمە خاوەنی سەرۆکێکین کە تەنیا سەربەزیی ئێوەی مەبەست بووە، ئەوەی لە تەمەنیدا کردوویەتی لە پێناو گەل و خاکەکەی بووە و رۆژێک سەری شۆڕ نەکردووە بۆ دوژمن، لایەنەکانی تر لێکترازاون و ئەزمەی سسەرکردەیان هەیە، ئەوەی نەتوانێت نێوماڵی خۆی رێکبخات، چۆن دەتوانێ یەکڕیزی گەلی کورد درووست بکات.
مەسروور بارزانی باسی لەوەش کرد، کە دوو بەرە دروست بوون، یەکێکیان مەبەستی بەرگریییە لە دەستکەوتەکان و لایەنێکی دیکە، دەیەوێ شکۆی کوردستانیان بشکێنن، بە دڵناییەوە پارتی لە بەرەی بەرگری لە شکۆی کوردستاندایە.
هەر کەس ئازادە خۆی چۆن باسی کەمپەینی هەڵبژادن دەکا و چ جۆر بەڵێن دەدا، بەڵام ئێوە دەزانن کە دەبێ کیان و وجوود و کەرامەتت هەبێ، تا بتوانی بەرگری لە نەتەوە و دەستکەوتەکان بکەی.
جا ئەوانەی ناتوانن بەڕەووڕووی پارتی ببنەوە، پڕۆپاگندە دەکەن کە پارتی ئەم دۆخەی دروست کردووە، ڕاستییەکەی پارتی ئەم کیانەی دروست کردووە، ئەوان دێن و باسی دەستکەوتێک دەکەن کە هیی پارتییە و خۆیانی لێ دەکەن بە خاوەن!
پارتی زیاتر لە هەر کەس و لایەنێک پەرۆشی پاشەڕۆژێکی باشترە و خەباتی لەوپێناوەشدا بەردەوامە. هاوکات دەتوانێ باشترین شێوازی حوکمڕانی بێنێتە کایەوە پێڕۆی لێ بکات.
لە خۆشیدا هەموو کەس دەتوانێ قسە بکات، بەڵام لە تەنگانەدا دەبێ بزانرێ کێ بوو بەرگریی لە خاک و بەرژەوەندیی ئەم وڵاتە کرد. لە کطێکدا خەڵکێک هەبوون لەو کاتەی پارتی و پیشمەرگە بەرگرییان لە خاکی کوردستان دەکرد، چوون مووجە و بودجەی کوردستانیانیان بڕی.
ئاخر ئەوکاتەی کە کوردستان کەوتە بەر شاڵای دڕندانەی تیرۆریستانی داعش، پیشمەرگە لەخۆبردووەکانی پارتی و بارزانی، بە هاوکاریی ئەو لایەنانە کە بەرگرییان کرد، توانییان تیرۆریستان تێکبشکێنن و شکۆی کوردستانیان بە دنیا بناسێنن.
ئێمە قەرزداری ئەو پێشمەرگانەیەن کە هێشتا لە سەنگەری بەرگریدان، قەرزداری کەسوکاری شەهیدانین. هەڵبەت ناکرێ لەو هەموو قوربانی و تێکۆشانەی ئێوە خەڵکی دیکە بێن خۆیان بکەن بە خاوەنی.
دووپاتی کردەوە، کە ئەوکاتەی کە پێشمەرگەکانی بارزانی و تێکۆشەرانی دیکە لە سەنگەرەکانی بەرگریدا بوون، لایەن هەبووە بچێ پەیوەندی بە داعشەوە بات، بەڵگە هەیە کە بۆ دژایەتیی کوردستان خەڵکیان هان داوە بچن پێوەندی بە داعشەوە بکەن.
جەختیشی کردەوە لەوەی، ئەوەی ڕۆژێک ئامادە نەبووبێ سەردانی سەنگەرێکی پێشمەرگە و ماڵە شەهیدێک بکات، شایستەی ئەوە نین خەڵکی کوردستان دەنگیان پێ بدات.
ئێمە شانازی بە کار و کردەوەکانمان دەکەین، شانازی بە دەستکەوتەکان دەکەین، خۆیشمان لە نسکۆکان بێبەری نەکردووە.
ئێمە خاوەن سەرۆکێکین کە تەنیا گەورەیی و سەروەریی ئێوەی لا مەبەست بووە. خاوەنی پارتیێکین کە لە پێناو خاک و نەتەوەدا تێکۆشاوە و رۆژێک سەری بۆ دوژمن نەوەی نەکردووە.
هاوکات هانی کوردستانیانی دا، لە پێناو مافی چارەنووسی گەلی کورد و پاراستنی مافەکان، بچنە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بە لیستی ١٨٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن، ک زیاتر لە هەر لایەنێکی دیکە، لە خەم ئەمڕۆ و سبەینێی خەڵکی کوردستاندایە.
مەسروور بارزانی لە کۆتایی وتارەکەیدا باسی لەو پێشێلکارییە دەستووریانە کرد، کە چەندین ساڵە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بەرامبەر کوردستان دەکرێت و نموونەی بە ماددەی ٣٢ی دەستوور هێنایەوە و وتی: " ماددەی ٣٢ لە دەستووری عێراق، دەڵێ دەبێت ئەو شوێنانەی روخێندراون و زیانیان پێگەیشتوون قەرەبوو بکرێنەوە، لە ساڵی ١٩٦١ هەتا ٢٠٠٣، ٣٨٤ ملیار دۆلار زەرەر بە خەڵکی کوردستان کەوتووە، لایەنی تر هەبووە، نەک بەرگری لەم خاڵە نەکردووە، چووە داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە بودجە ببڕن، تاوەکو حکوومەتی هەرێم شکست بێنێت، بە هەموو شێوەیەک پەلاماری کوردستان دراوە، بە تایبەتیش پارتی، چونکە دەزانن بەرگریکاری راستەقینەی کوردستان، تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستانە".
خێڵان بەختیار




