نێچیرڤان بارزانی: کوردستانیان باش دەزانن، پارتی دەتوانێت مافەکانیان دەستەبەر بکات

ههوللێر-KDP.info- سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جهخت دهكاتهوه لهوهی پارتی به هێزی یهكهم دهمێنێتهوه و بۆ ئهم دڵناییهشی پشتبهستوو بە دەنگی خەڵکی کوردستان دهڵێ، ''پشتگەرمین بەوەی کە کوردستان و کوردستانیان باش دەزانن، کە پارتی ئەو هێزەیە کە دەتوانێت مافەکانیان بۆ دەستەبەر بکات و هەوڵی جددی بدات، ئێمە پشتگەرمین بە دەنگی خەڵک.''
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی لە بەرنامەیەکی تهلهڤزیۆنی رووداودا بە ناوی چیی دەکەن؟ وەڵامی پرسیارگهلێكی دایەوە.
نێچیرڤان بارزانی باسی لەوە کردووه کە پلانیان هەیە بۆ ئەوەی پاشەکەوتی مووچە نەهێڵن و گوتیشی: "پێمانوایە دەتوانین لەگەڵ بەغدا لەسەر مێزی گفتوگۆ و دانوستاندن بگەینە چارەسەرێک هەم لە بەرژەوەندی گەلی کوردستان بێت و هەم لە بەرژەوەندیی عێراقیش بێت".
نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی قسەکانیدا بە ئاماژەدان بەوەی ئەمانە تێناگەن هەڵبژاردن بۆ ناو پەرلەمانی کوردستان نییە، هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراقە گوتی: "ئەوەی ئێستا لە راستیدا من پێموایە زۆر زۆر خراپە، ئەم یەکدی شکاندنە، چونکە نازانم ئەمانە تێناگەن هەڵبژاردن بۆ ناو پەرلەمانی کوردستان نییە، هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراقە، ئیسپاتیش بووە، ئەگەر کورد لە بەغدا یەک دەنگ نەبێت و کۆدەنگ نەبێت لەسەر پرسەکان کەس بە تەنها هیچی پێناکرێت".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەدرێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئەو ئیشانەی کە دەیکەن بەس بۆ هەڵبژاردنە، ئەگەر ئەوانیش بێن لە جێگای ئێمە دابنیشن ئەوەی ئێمە دەیکەین ئەوان ئەوەندە زیاتریان پێناکرێت، خۆیشیان لەوە دڵنییان، خۆیشیان زۆر زۆر دڵنییان، چونکە دۆخەکە وایە، یەعنی مەعقولە حکوومەتێک بتوانێت مووچەی تەواو بدات و مووچە بە هاووڵاتیانی خۆی نەدات!".
دەقی هەڤپەیڤین لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
رووداو: چی دەکەن؟
نێچیرڤان بارزانی: مەشغوڵین.
رووداو: مەشغوڵی چین؟
نێچیرڤان بارزانی: مەشغوڵی حکوومەتین و مەشغولی هەڵبژاردنین
رووداو: کاتی خۆی لە سلێمانی لە دیدارێکتدا بۆ رووداو پرسیاری ئەوەمانکرد کە گرێ دەکەیتەوە، بەڵام ئێستاش گرێ هەر ماوە.
نێچیرڤان بارزانی: تۆزێک نەکراونەتەوە؟
رووداو: پێتوایە کراونەتەوە؟
نێچیرڤان بارزانی: ئەی چۆن.
رووداو: بۆ نموونە لەگەڵ تورکیا گرێ هەبوون، لەگەڵ ئێران لەگەڵ بەغدا و لەگەڵ تورکیا تا چەند ئەو گرێیانە بوونەتەوە؟
نێچیرڤان بارزانی: ئێستا خۆ دەبێت شتەکان بەراورد بکرێت وەنییە؟ ئێستا بەراوردی بکە لەگەڵ 3 مانگ لەمەوبەر.
رووداو: جیاوازی زۆری هەیە؟
نێچیرڤان بارزانی: ئەو گرێیانەی کە ئێوە باسی دەکەن لە دوای ریفراندۆم زۆر گۆڕاوە، بێگومان لە دەرەوە بە دەستپێشخەری سەرۆکی فەرەنسا ماکرۆن، دوای ئەوە مێرکڵ، دوای ئەوە وڵاتانی دیکەی ئەوروپی، لەڕووی نێودەوڵەتییەوە ئەو گرێیە کرایەوە.
رووداو: بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێکردووە، ئێستا لایەنەکان ئەوەندەی سەرنجیان لەسەر ناوخۆ و شکاندنی یەکدییە، ئەوەندە سەرنجیان لەسەر بەغدا نییە کە دەچنە بەغدا دەبێت چی بکەن، قسەی ئێوە لەوبارەیەوە چییە؟ ئایا پارتی هێشتا دەستی پێنەکردووە؟ بە گەرمی کە دەستیپێکرد ئەو چی دەکات؟
نێچیرڤان بارزانی: ئەوەی ئێستا لە راستیدا من پێموایە زۆر زۆر خراپە، ئەم یەکدی شکاندنە، چونکە نازانم ئەمانە تێناگەن هەڵبژاردن بۆ ناو پەرلەمانی کوردستان نییە، هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراقە، ئیسپاتیش بووە، ئەگەر کورد لە بەغدا یەک دەنگ نەبێت و کۆدەنگ نەبێت لەسەر پرسەکان کەس بە تەنها هیچی پێناکرێت، ئەم یەکدی شکاندنەی ئەمڕۆ لەناو هەرێمی کوردستان وا بڵاودەکەنەوە کەئەننەما هەڵبژاردنەکانی کوردستانە و هەر خەریکی یەکدی شکاندنن، بەڕاستی ئێمە وەکو پارتی زۆر پێمانناخۆشە و دژی ئەوەشین، ئێمە پێمانوایە دەبێت یەکڕیزی هەبێت هەر چەند بین، خۆی هەموو کورسییەکانی کورد بە تێکڕا نازانم دەگاتە 55 واتە لەوە زیاتر ناچێت، باشە تۆ ئەگەر پەرتەوازە بیت بە 55 کورسییەوە چیت پێدەکرێت؟ ئەو بانگەشەی ئەمڕۆ و یەکدی شکاندنەی کە ئەمڕۆ من لە کوردستان دەیبینم لە تەلەڤزیۆنەکان و بانگەشەی هەڵبژاردن و بەرنامەی چیدەکەن و بەرنامەکانی دیکە، وەڵاهی ئەوەندە خراپە هەتا بڵێی، چونکە هەتا کورد یەکڕیز بێت، هەتا کوردستانییەکان یەکڕیز بن ئەوکاتە دەتوانن هەندێک شت بۆ هەرێمی کوردستان دەستبەر بکەن، بەم پەرتەوازەییە هیچیان پێناکرێت.
رووداو: خەڵک چەقۆی خۆی خۆشکردووە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێن گەندەڵن و مووچەی خەڵک نادەن و پاشەکەوتی مووچە ناهێڵن، هەتا بەرهەم ساڵح گوتی عەیب نییە پێشمەرگە نیو مووچە وەربگرێت، هەمووی رووی لە ئێوەیە، ئێوە رووتان لەکوێ دەکەن؟
نێچیرڤان بارزانی: خۆی بانگەشەی هەڵبژاردنە، ئەو ئیشانەی کە دەیکەن بەس بۆ هەڵبژاردنە، ئەگەر ئەوانیش بێن لە جێگای ئێمە دابنیشن ئەوەی ئێمە دەیکەین ئەوان ئەوەندە زیاتریان پێناکرێت، خۆشیان لەوە دڵنیان، خۆشیان زۆر زۆر دڵنیان، چونکە دۆخەکە وایە، یەعنی مەعقولە حکومەتێک بتوانێت مووچەی تەواو بدات و مووچە بە هاووڵاتیانی خۆی نەدات! ئەسڵەن ئەوە مەعقول نییە، لەبەر ئەوە من پێموایە ئەوە زیاتر بۆ ئەوەیە خەڵک بەشێوەیەک هان بدرێت کە دەنگیان پێ بدەن، ئەگەرنا لە واقیعدا هیچ شتێک ناگۆڕێت.
رووداو: لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێی لە دەستکەوتەکان هەموو دەبنە شەریکی پارتی، بەڵام کە شتێکی خراپ روودەدات هەموو پارتی بەرپرسیار دەکەن، پێتانوایە ئێستا هەر لایەنەکان بەردەوامن لەسەر ئەوە، دەشڵێی لە هەردوو حاڵەتەکە پارتی شان دەداتە بەر بەرپرسیاریێتی.
نێچیرڤان بارزانی: حەقیقەتێکە، ئێستا هێرشە لەسەر ئەوەی کێ ریفراندۆمی کردووە، ئایا ریفراندۆم باش بوو.. خراپ بوو..، سەیری میدیاکان بکەن، بەڵام پێش ریفراندۆم هەموویان بە شانازییەوە لەسەر سندووقی دەنگدان بوون و دەنگیان دا، من داوا دەکەم خەڵکی کوردستان خۆیان تەقیمی ئەمە بکەن، ئەمە مانای چییە؟ ئێمە واماننەگوتووە تەحەمولی مەسئولییەتەکەشمان کردووە، شانیشمان داوەتەبەری و ئینشائەڵڵا چاکیشی دەکەینەوە باشتریشی دەکەین، ئەوە بەشبەحاڵی خۆمان، بەڵام ئەوانەی کە پێشتر بە شانازییەوە دەچوونە سەر سندووقی دەنگدان مەعقولە ئەمڕۆ لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆن دژی ئەوە قسە بکەن و بڵێن لەگەڵی نەبووینە.. وابوو.. وابوو.. دەبێت تەحەمولی مەسئولیەت بکرێت.
رووداو: رکابەرەکانی پارتی و هەندێک خەڵک دەڵێن، چۆن پارتی رابەرایەتی پرسی گشتپرسی کرد لە باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆیی، ئێستاش بانگەشە دەکات بۆ هەڵبژاردنی عێراق، ئایا ئەمە دوو شتی دژ بە یەک نییە لە هەڵوێستی پارتی؟
نێچیرڤان بارزانی: نا، هیچ دژ بە یەک نییە، ئێمە پێشتریش کە باسی ریفراندۆممان کردووە، یەک قسەی ئێمە دەربێنن گوتوومانە بەزۆر ئێمە ئەو ئیشە دەکەین، گوتوومانە هەمووی بە گفتوگۆ دەکەین، گوتوومانە بە دانوستاندن لەگەڵ بەغدا دەیکەین، گوتوومانە لەسەر مێزی گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر دەکەین، ئێستاش هەمانە و ئەو سیاسەتەی ئێمە نەگۆڕاوە، مەسەلەی مافی چارەی خۆنووسین بەنیسبەت گەلی کوردستان شتێکە نە ئێمە دەتوانین تەنازولی لێبکەین نە هیچ کوردێکیش، ئەوەی ئێمە پێمانوایە لەو مەرحەلەیە دەتوانین لەگەڵ بەغدا لەسەر مێزی گفتوگۆ و دانوستاندن بگەینە چارەسەرێک لە بەرژەوەندی گەلی کوردستان بێت و لە بەرژەوەندی عێراقیش بێت، ئێمە ئەوەمان پێ گرنگە.
ئایا چەند کاریگەریمان دەبێت لە بەغدا؟، ئێمە نابێت بەغدا بەجێبهێڵین، جا بۆ هەر شتێک دەڕۆین، بەغدا هاوبەشی ستراتیجی ئێمە دەمینێتەوە، بەڵام ئەمە هیچ لە مەسەلەی ئێمە ناگۆڕێت، ئەگەر ئێمە بەرەو فیدراڵی بڕۆین، کۆنفیدراڵی بڕۆین، سەربەخۆیی بڕۆین و هەر شتێک بڕۆین، بە تەسەوری ئێمە بەغدا دەمینێتەوە هاوبەشی ستراتیجی هەرێمی کوردستان، ئێمە دەبێت لەگەڵ بەغدا بگەین بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەر ئاییندەی کوردستان.
رووداو: جەنابت سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی و لەناو پارتیش دەسەڵاتت هەیە، ئایا نرخی دەسەڵات لای جەنابت چەندە؟
نێچیرڤان بارزانی: دەسەڵات بەڕای من ئەگەر بۆ خزمەتکردنی خەڵک بێت باشە، بەڵام ئەگەر بابەتەکە بۆ خزمەتکردنی خەڵک نەبێت، بەخوا دەسەڵات هیچ قیمەتێکی نییە.
رووداو: بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن پارتی تۆزێک سستی پێوەدیارە بە تایبەتی لە گەرمیان و پارێزگای سلێمانی، ئایا هۆکارەکەی چییە؟
نێچیرڤان بارزانی: دەکرێت لە رێکخستنەکانی پارتی پرسیار بکەن، بەڵام خۆ ئامادەکردن هەیە، خۆئامادەکردنێکی باشیش هەیە، ئێستایش کاتەکە ماوە، ئەوە نییە بڵێی هەمووی تەواو بووە، پارتی لەڕاستیدا ئیش لەسەر رێکخستنەکانی خۆی دەکات، ئێمە حەزمان زۆر بەو شەڕەپەڕۆیە نییە، ئەوەی ئێستا دەکرێت و ئیسراحەتی خەڵک تێکدەدرێت، ئێمە حەزناکەین وابێت.
رووداو: لەمڕۆژانە لە هەولێر گوتت حیزبی یەکەم دەبین، بۆ ئەمە پشت بە چی دەبەستن کە هێزی یەکەم دەبن لە کوردستان؟
نێچیرڤان بارزانی: پشت بە دەنگی خەڵکی کوردستان دەبەستین، پشتگەرمین بەوەی کە کوردستان و کوردستانیان باش دەزانن، کە پارتی ئەو هێزەیە کە دەتوانێت مافەکانیان بۆ دەستەبەر بکات و هەوڵی جددی بدات، ئێمە پشتگەرمین بە دەنگی خەڵک.
رووداو: خۆشە مرۆڤ لە دەسەڵاتدابێت، خۆشی و ناخۆشییەکانی چین؟
نێچیرڤان بارزانی: بەتەئکید ئینسان ئەگەر بڵێت ناخۆشە و هیچ وانییە، بەڵام مەسئولییەتیشە، دەسەڵات چییە؟ مەسئولییەتە، کە دەسەڵاتت هەبێت دەبێت ئەو مەسئولییەتەش قبوڵ بکەی لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتەی کە هەتە چۆن هەڵسوکەوت بکەی، هەموو شتێک زەریبەی خۆشی هەیە، ئەوەنییە بڵێی وەڵا دەتوانی هەموو شتێک بکەیت و پێتوایە چونکە دەسەڵاتت هەیە، دەسەڵات بەو مانایە نییە بەکاری بهێنی بۆ هەموو ئەو شتەی کە خۆی حەزت لێیە، مسئولیەتە.. دەبێت هەست بەو مەسئولیەتە بکەیت.
رووداو: زۆرجار خەڵک دەڵێ ئەوانەی دەبنە خاوەن دەسەڵات، خەویان نامێنێت و 24 کاژێر دەبێت ئاگای لەو وڵاتە بێت، رۆژانە چەند دەخەوی و کەی هەڵدەستیت؟
نێچیرڤان بارزانی: رۆژانە زوو لە خەو هەڵدەستم، لە دەورووبەری کاژێر 6:30 خولەکی بەیانی.. زۆربەی جار لە نێوان 7 و نیو بۆ 8 لە دەوامم لە مەکتەبی خۆم.
رووداو: وەرزش دەکەی؟
نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ وەرزشیش دەکەم، من کاتی وەرزشکردنیشم داناوە، جاران زۆر راکردنم دەکرد، ئێستا پایسکل لێدەخوڕم.
رووداو: شاخەوانیش دەکەی؟
نێچیرڤان بارزانی: شاخەوانیش ئەوەی بەبەردەوام پێم بکرێت بە تایبەتی لە وەرزی بەهار و پاییز لەگەڵ هاوڕێیانم شاخەوانی دەکەم.
رووداو: دوای ئەوەی جەنابی سەرۆک بارزانی ئەو پۆستەی نەما، ئایا ئەرکی ئێوە قورستر نەبووە؟
نێچیرڤان بارزانی: بە تەئکید ئەرکەکە دوای ریفراندۆم قورس بووە، بەڵام بە تەئکید ئەوەی ئێستا ئێمە دەیکەین هەمووی بە پشتیوانی و بە پاڵپشتی جەنابی سەرۆکە، نە بڵێی ئەو پشتیوانی نەکات.. ئەو پشتیوانی سەد لەسەد دەکات، هەنگاوەکانی کە دەینێین پاڵپشتی و پشتیوانی دەکات، تەنانەت لەو پەیوەندیەی کە عەبادی تەلەفۆنی بۆ کرد تەئکیدی کردەوە کە پشتیوانی هەموو ئەو هەنگاوانەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەینێت.
رووداو: بەڵام کاک مەسعود کەمتر دەبیندرێت بەتایبەتی لە بانگەشەی پارتی و کۆڕ و کۆبوونەوەکانی پارتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
نێچیرڤان بارزانی: مومکینە کەمتر ببیندرێت، بەڵام ئەوە بەمانای ئەوە نییە کە ئەو پاڵپشتی نییە بۆ ئەو پرۆسەیە، لە راستیدا هەرگیز ئەو مانایەی نییە، ئینشائەڵڵا دەبیندرێت.
رووداو: ئەو دەیەوێت خەڵکی کوردستان و بە تایبەتی ئەندامانی پارتی دەنگ بدەن بۆ ئەو هەڵبژاردنە؟
نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ ئەو دەیەوێت خەڵکی کوردستان، ئەندامانی پارتی دەنگ بدەن بۆ ئەو هەڵبژاردنە، ئەوەی بەلای ئەو گرنگ بوو یەکێتی ریزەکانی کورد بوو، ئەو حەزی دەکرد هەموو پێکەوە بڕیارێک بدەین، پێکەوە بڕیار بدەین یان بایکۆتی هەڵبژاردن بکەین یان پێکەوە ئەگەر مافە دەستوورییەکانمان جێبەجێ ناکرێن هەموومان پێکەوە لە بەغدا بکشێینەوە، بەڵام دۆخی کوردستان زۆر بەداخەوە یەکڕیز نین، لە کوردستان زۆر پەرتەوازەین.
رووداو: ئێوە چی دەکەن کە دەچنە بەغدا یەکڕیزی کورد بپارێزن، لەوێ بەهێزەوە دەربکەون، ئایا پلانێک هەیە بۆ دەستکەوتی زیاتر؟
نێچیرڤان بارزانی: ئەگەر کورد پەرتەوازە بێت و یەک دەنگ نەبێت هیچی دەستناکەوێت، بەڵێ ئێمە پلانمان هەیە، ئێمە دوای هەڵبژاردن بە تەئکید پلانی ئەوەمان هەیە کە هەموومان پێکەوە دابنیشین یەکگرتوو بین, یەکڕیز بین. لە هەڵبژاردنەکانی عێراق گرینگە تۆ چەند کورسیت هەیە، چەند دەنگت هەیە، بەڵێ ئەوە گرینگە و پێوەرێکی گرینگە، بەڵام لەوە گرینگتر هاوپەیمانی دوای هەڵبژاردنە.
رووداو: چاوەڕێی چیتان دەکرد لە هەڵوێستی تورکیا لەدوای گشتپرسی؟
نێچیرڤان بارزانی: بۆری نەوتی ئێمەیان دانەخست، ئەمانە شتی زۆر زۆر گرنگ بوون، کەم نەبوون بۆ هەرێمی کوردستان، ئەمانەیان هیچ نەکرد.
رووداو: هیچ دەروازەیەک هەبوو بۆ ئەوەی وڵاتانی دیکەش بێنەوە سەر خەت، مادام تورکیا نەیکرد وڵاتانی دیکەش چاو لە تورکیا بکەن؟
نێچیرڤان بارزانی: ئەمە بەرژەوەندییەکی هاوبەشە، بۆ نموونە ئەگەر تەسەور بکەی ئێمە لەگەڵ ئێران چەندین دەروازەی سنووریمان هەیە، ئەو دەروازە سنوورییانە بەس بۆ ئێمە گرنگ نین، بۆ ئێرانیش گرنگە، چونکە خەڵکی ئەو سنوورە ژیانی رۆژانەیان ئەو دەروازانەیە، بێگومان بە سوپاسەوە کۆماری ئیسلامی ئێران دەروازەکانی کردەوە، ئەوەی تورکیاش هەروەکو خۆی وابوو، دۆخەکە ئێستا باشترە لەو کاتە.
رووداو: چەند خوولێکە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بۆ کورد بووە، ئایا پێتانوایە لەو هەڵبژاردنە ئەو پۆستە هەر بۆ کورد دەبێت، ئەگەر بۆ کورد بوو بۆ کێ دەبێت؟
نێچیرڤان بارزانی: من پێموایە بۆ کورد دەمینێتەوە، تەسەور ناکەم بۆ کورد نەبێت، یەکێک لەو پۆستانە بە تەئکید بۆ کوردە، سەرۆکوەزیران تەسەور ناکەم، پەرلەمان بۆ ئێمە گرنگە، بەڵام ئایا پێکهاتەکان لەسەر ئەوە رێکدەکەون کە ئەو پۆستە بدرێت بە کورد؟ مومکینە ئەگەری ئەوە هەیە هەر سەرۆککۆمار بدرێتەوە کورد، هەتا ئێستا ئەو بابەتە یەکلا نەبووەتەوە بۆ کێیە، ئەگەر بدرێتەوە بە کوردیش هەتا ئێستا یەکلا نەبووەتەوە، ئەوە هەندێک حیساباتە کە دەبێت هێزە سیاسییەکانی کوردستان قسەی لەسەر بکەن بڕیاری لەسەر بدەن، من دڵنیام وا بەئاسانی نابێت.
رووداو: واتە مەرج نییە لە سێ خوولی رابردوو بۆ یەکێتی بووە، ئەمجارەش بۆ یەکێتی بێت؟
نێچیرڤان بارزانی: نا مەرج نییە، نەخێر هیچ مەرج نییە، لایەنەکان دەبێت دابنیشن و رێککەوتنی لەسەر بکەن، جاران دۆخەکە جیاوازی هەبوو، وەکو ئێستا نەبوو، ئەوکاتە بە رەحمەت بێت جەنابی مام جەلال هەبوو، جەنابی سەرۆک لێرە ئەو مەسئولیەتەی هەبوو وەکو سەرۆکی هەرێم، بەڵام ئێستا شتەکان هەمووی بە جۆرێکی دیکە گۆڕاوە، لەبەر ئەوە بە تەئکید شێوەی بڕیاردان و گفتوگۆش لەسەر ئەو بابەتە دەگۆڕدرێت و وەکو پێشتر نابێت.
رووداو: فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چاویان لەوەیە پێداچوونەوەیەکی زیاتر بە پاشەکەوتی مووچە بکرێت، ئایا هیچ پلانتان هەیە کە پاشەکەوتی مووچە بە تەواوەتی لاببەن؟
نێچیرڤان بارزانی: ئێمە خۆشحاڵبووین بەوەی کە توانیمان لە ماوەی دوو مانگی رابردوو، دەستکاری ئەو پاشەکەوتە بکەین، بە جۆرێک کە باشتر بێت لە جاران، بێگومان جێگەی خۆیەتی دیسانەوە ئێمە وەبیر خۆمانی بهێنینەوە، ئێمە بەڕاستی لە 2014وە چەند ساڵێکی زۆر سەختمان لە هەرێمی کوردستان تێپەڕاندووە، ئەگەر خۆڕاگری و تێگەیشتنی تەواوی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان نەبووایە دۆخەکە زۆر زۆر خراپتر دەبوو لەوە، من لێرەوە دیسانەوە لەو فرسەتەش دەمەوێت بڵێم سوپاسی تایبەتیمان بۆ هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەیە بە تێکڕا، چونکە تێگەیشتنی تەواویان هەبوو لەو سەختییەی کە تووشی هەرێمی کوردستان بوو، ئینجا لەسەرەتا بڕینی بودجە، دوای ئەوە شەڕی داعش، هاتنی ملیۆنێک و 800 هەزار ئاوارە و پەناهەندە، دابەزینی نرخی نەوت بەشێوەیەک قەت چاوەڕوان نەدەکرا، ئەمانە هەمووی یەک لەدوای یەک کێشەی یەکجار زۆر گەورەی بۆ هەرێمی کوردستان دروستکرد، کە دیسانەوە ئەگەر تەحەمول و تێگەیشتن و پشتگیری هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان نەبووایە، بە تەئکید دۆخی هەرێم بەشێوەیەکی دیکە دەبوو.
ئێمە خۆشحاڵین بەوەی توانیمان دەستکارییەکی باشی مووچە بکەین، بەڵام بەو هیوایەین کە بتوانین وابکەین ئەسڵەن ئەو بابەتە نەبێتە بابەتی میدیا کە هەموو رۆژێ های فڵان وەخت فڵان وەزارەت دەدرێت و ...... ئەوە تەواو ببێت، بە سرووشتی مووچە بدرێت و هیچ شتێکیش بەناوی پاشەکەوت نەمێنێت.
رووداو: پلانتان هەیە کەی پاشەکەوت نەمێنێت؟
نێچیرڤان بارزانی: بە تەئکید پلانمان هەیە کە نەمینێت، ئەگەر حیساب بکەی، ئەو مووچەیەی کە دەدرێت بەپێی ئەو داهاتەیە کە خۆمان هەمانە، بە دڵنیاییەوە کە دەبینین داهاتی ئێمە زیاتر دەبێ بەپێی ئەوەی کە لەبەغداش وەریدەگرین، ئێمە ئێستاش لە گفتوگۆیەکی جدیداین لەگەڵ بەغدا بۆ ئەوەی هەندێک لەو کێشانەی نەوت و ئەوانەش چارەسەر بکەین، بە چارەسەرکردنی ئەو کێشانە لەگەڵ بەغدا کە من خۆم خۆشبینم بەوەی کە دەتوانین هەندێکی چارەسەر بکەین ، من پێموایە ئەو پاشەکەوتە نامێنێت.
رووداو: دوو دڵییەک هەیە ئەو 317 ملیارە لە بەغداوە دێت هەتا سەر نەبێت، دەڵێن رێککەوتنێکە لەنێوان ئێوە و عەبادی تاوەکو دوای هەڵبژاردن.
نێچیرڤان بارزانی: ئەمانە سەریان لە عەبادیش شێواندبوو، ئەو لایەنانەی کە بەردەوام بۆ بەغدا دەچوون، سەریان لەو سەرۆکوەزیرانە تێکدابوو، کامەی راستە و کامەی راست نییە؟ بەڵام بە خۆشحاڵییەوە لە ئەنجامدا ئەو لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵسوکەوتی کرد، ئەو رێککەوتنەی ئێمە رێککەوتنێک نییە کە کاتی بێت، بەڵێ پێویستی بە قسەکردن هەیە بۆ ئەوەی بە تەواوەتی ئەو بابەتە جێگیر ببێت، بەڵام رێککەوتنێک نییە لەنێوان بەندە و جەنابی سەرۆکوەزیران کە کاتی بێت، بە سوپاسەوە ئەو وەکو سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەو بڕیارەیدا، بڕیارەکەشی راستە درەنگ دای، بەڵام لە ئەنجامی ئەو سەر لێ تێکدانەی کە خودی هێزەکانی کوردستانی سەریان لەو برادەرە تێکدابوو، نەیدەزانی چی بکات بەڕاستی.. تا ئێمە بۆمان روونکردەوە و شتەکانمان پێ گوت، گەیشتە قەناعەت کە ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین فعلەن راست و دروستە، دەبێت لەگەڵ قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان کە حکومەتە مامەڵەی لەگەڵدا بکات ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت.
رووداو: خەڵکی پارتی لە سلێمانی گلەیی ئەوەیان هەبوو، دەیانگوت ئەوەندەی لە هەولێر رێگا دەدرێت بە حیزبەکانی دیکە، لە سلێمانی حیزبی دەسەڵات ئەو رێگەیە بە پارتی نادات، ئایا ئەم جیاوازییە هەیە؟
نێچیرڤان بارزانی: لە راستیدا من خۆم نەمدیوە.. نازانم ئەو جیاوازییە، بەڵام ئەگەر هەشبێت نابێت ببێت، چونکە دەبێت ئەو مەجالە بە هەموو لایەک بدرێت، ئێمە ئێستا لێرە مەجالمان بە حیزبەکانی عێراقی داوە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن لە دهۆکەوە تا دێتە هەولێر و دەچێتە سلێمانی، یەعنی چۆن دەکرێت مەجال بە یەکدی نەدەین.. ئەوە یەکەم. دووەم، بەڵێ ئەو هەڵبژاردنانە هەڵبژاردنی گرنگن، پێموایە دەبێت زۆر بە دیقەت لەسەری رابووەستین، بێ لەوەش لە رێگەی تەلەڤزیۆنی ئێوەوە داوا دەکەم خەڵکی پارتی ئەو مەسەلەیە زۆر بە جددی وەربگرێت بۆ بەهێزبوونی پارتی، ئەگەر پارتی بەهێز بێت لە بەغدا دەستکەوتی زیاتریش بۆ هەرێمی کوردستان دەتوانێت دەستەبەر بکات و بەپێچەوانەشەوە، ئەگەر پارتی بەهێز نەبێت لەوێ بە تەئکید هەرێمی کوردستان زەرەر دەکات، ئەمە حەقیقەتێکە لەبەر ئەوە دەبێت بە هەستکردن بە مەسئولیەتەوە رۆژی دەنگدان هەموویان لەسەر سندووقی دەنگدان ئامادەبن و دەنگیش بدەن.




