یەكێتیی ئەورووپا، گرینگی بە ئاساییش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان دەدات
ئەورووپا-KDP.info- شاندێكی یەكێتیی ئەورووپا، لە كۆبوونەوەیاندا لەگەڵ بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایانگەیاند كە یەكێتیی ئەورووپا، گرینگییەكی تایبەت بە ئاساییش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان دەدات.
ئەمڕۆ خاتوو كلاریس پاشتۆری، نوێنەری یەكێتیی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان و شاندێكی یەكێتیی ئەورووپا، كە بریتی بوون لە پاڤێو ڤۆیتاشیك و تیمۆ كیرڤاسۆیا، پسپۆڕ لە بواری ئاساییش كە لە یەكێتیی ئەورووپاوە بۆ لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە، لە لایەن هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و ژمارەیەك لە هەڤاڵانی مەكتەبەوە پێشوازییان لێ كرا.
لە دیدارەكەدا، چەند پرسێك خرانە ڕوو، وەك دۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە لە دوای شەڕی داعش و تەحەددا ئەمنییەكان كە ڕووبەڕووی هەرێم بوونەوەتەوە و لە ڕووی ئاساییش و سەقامگیرییەوە دوای شكستپێهێنانی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگەی كوردستان، بەربەرەكانێكردنی هزری تیرۆر و تاكڕۆیی و سەرهەڵدانی توندڕۆییی مەزهەبی لە دوای داعش و كاریگەرییەكانی، پەرەسەندنی تیرۆر، دەستتێوەردانی وڵاتانی ناوچەكە لە كاروباری عێراق، هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەكە لە پرسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، قورخكردنی دەسەڵات و حكومڕانی لە عێراق و پێشێلكردنی مافی نەتەوە و پێكهاتەكانی تر لە عێراق و بە فراوانی پێشێلكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، كە خاڵی ناكۆكی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی بووە بە تایبەتی بڕینی مووچە و بودجە و شاییستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان، هەروا پێویستیی جێبەجێكردنی دەستوور لە لایەن حكوومەتی فیدراڵی، نەهێشتنی ئەو هۆكارانەی بوونە هۆی سەرهەڵدانی داعش، پرسی ئاوارەكانی جەنگ كە لە هەرێمی كوردستان ژیان دەبەنە سەر و بە هۆی نەبوونی ئاساییش و وێرانكارییەكانی جەنگ ناتوانن بگەڕینەوە بۆ زێدی پێشووی خۆیان و، پرسی بەعەرەبكردنی ناوچەكانی كریستیاننشین لە دەشتی نەینەوا و دەڤەری شنگال و دووزخورماتوو و ناوچەكانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و، هەڕەشە و مەترسییەكان كە لەسەر دەستی داعش و حەشدی شەعبی و میلیشیا شیعەكان لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیڕەو دەكرێت كە ئاساییش و سەقامگیریی ئەم ناوچانە و دانیشتووانی خستووەتە بەردەم مەترسییەكی گەورەوە و بە فراوانی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لەم ناوچانەدا و گەڕانەوەی داعش بۆ چەند ناوچەیەك پێویستی بە لێكۆڵینەوەیەكی خێرای ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان هەیە، كە پێویستە یەكێتیی ئەورووپایش بە تایبەتی گرینگییەكی زیاتر بەم بابەتە بدات.
لە لایەكی ترەوە، باس لەوە كرا كە شەڕ و پەلامارەكانی توركیا لەگەڵ پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، زیانێكی زۆری بە خەڵكی ناوچەكە و گوندنشینان و ژینگەی ئەم ناوچانە گەیاندووە كە بە هۆیەوە خەڵكێكی زۆر ئاوارەبوون و گوندەكانیان لەسەر سنوورەكان جێی هێشتووە كە تاكە سەرچاوەی ژیانیان لەم گوندانە بووە. هەروەها گفتووگۆ كرا سەبارەت بە گرینگیی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و كاریگەریی بەشداریی كورد لە هەڵبژاردنەكان و لەسەر ئاییندەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پێشبینییەكان سەبارەت بە گۆڕانكاریی لە نەخشەی سیاسی و حوكمڕانی لە عێراق بە فراوانی بۆ شاندی یەكێتیی ئەورووپا خرایە ڕوو.
بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەروەها ڕایگەیاند: "ئێمە لە (پ.د.ك) و هەرێمی كوردستان، هێشتا بڕیارمان نەداوە لە دوای هەڵبژاردن لەگەڵ كام لایەنی عێراقی هاوپەیمانی پێك دەهێنین كە ئەم هاوپەیمانەتییە بەندە بە هەڵوێستی لایەنە سیاسییەكان لە عێراق بەرامنبەر بە داخوازییە ڕەواكانی هەرێمی كوردستان".
شاندی یەكێتیی ئەورووپا، چەندین پرسیار و تێبینییان تایبەت بە پرسی ئاساییش و سەقامگیری لەسەر دۆخی ئێستا و ئاییندەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ناوچەكە هەبوو، كە لە ڕوانگە و دیدگای پارتی دیموكراتی كوردستانەوە وەڵام درانەوە.
شاندی یەكێتیی ئەورووپا، پرسی ئاساییش و سەقامگیری و چەندین بابەتی جێبایەخی یەكێتیی ئەورووپایان لەگەڵ دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و ناوەندەكانیدا تاوتوو دەكات.




