٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كاندیدانی پارتی لە سلێمانی: بۆ بەدەستهێنانەوەی مافەدەستوورییەکان دەچینە بەغدا

سەرچاوە: KDP.info


سلێمانی-KDP.info-  كاندیدانی لیستی 184ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بە كۆمەڵێك پڕۆژەی خزمەتگوزاری و بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی هاووڵاتیان دەچنە پەرلەمانی عێراق و دەشڵێن، دەیانەوێت مافە دەستووری و یاساییە زەوتكراوەكانی جەماوەری كوردستان وەربگرنەوە.


دڵدارساڵح كاندیدی ژمارە 15ـی لیستی 184 پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "من پڕۆژەیەكم بۆ كەركووك هەیە، هاوشێوەی ئەو ڕێككەوتنەی نێوان ئیسڕائیل و لوبنان كە كۆتایی بە شەڕ و پێكدادان لە نێوان ئەو دوو ڵاتەدا هێنا و هێزی ئاشتیپارێز هاتە نێوانیانەوە، دەمەوێت لە ڕێگەی ئەو پڕۆژەیەیشەوە، كە دەیدەمە سەركردایەتیی سیاسی كوردستان، تا جێبەجێكردنی ماددەی 140 هێزێكی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی بێتە سنوورەكە".


كارزان سەباح هەورامی، كاندیدی ژمارە 16 ڕاگەیاند: "ماوەی 10 ساڵە حكوومەتی عێراق ئەو مافانەی كوردستان بەپێی دەستوور هەیەتی، پێشێلی كردوون، ئێمە وەك فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، دەبینە زامنی گەڕانەوەی تەواوی مافەكانی خەڵكی كوردستان".


شێخ كەمال سۆفی، كاندیدی ژمارە 17 لە سنووری پارێزگای سلێمانی، دەڵێ: "من وەك شارەزایەكی یاسایی، دەمەوێت كار لەسەر ئەو 55 ماددە دەستوورییەی عێراق بكەم، كە حكوومەتی بەغدا پێشێلی كردوون و تایبەتن بە كورد، پێویستیشە هەموویان بخرێنە واری جێبەجێكردن و مافەكانی كورد دابین بكرێن، ناشبێت لێبگەڕێین بەغدا بە ئارەزووی خۆی هەر یاسایەك ویستی، پێشێلی بكات، لەگەڵ جێبەجێكردنی تەواوی ئەو پڕۆژەیەی پارتیمان بۆ حكوومەتی داهاتووی عێراق هەیەتی".


مەهدی عەلی سۆفی، كاندیدی ژمارە 18، لەسەر هەمان پرس، گوتی: "ڕۆییشتنی من بۆ بەغدا، تەنیا بۆ ئەوەیە كە هەموو هەوڵی خۆم بخەمە گەڕ بۆ گەڕاندنەوەی تەواوی مافە دەستووری و یاساییەكانی خەڵكی كوردستان، بە تایبەت شاییستە داراییەكان و، ڕێگە نەدەین جارێكی تر كەس زاتی ئەوەی هەبێت دەست بۆ قووتی هاووڵاتیانی كوردستان بەرێت و بیبڕێت".


جەمیلە ‌سەید عەبدولڕەحمان، كاندیدی ژمارە 19، ڕاگەیاند:" ئێمە هەوڵی جیددی دەدەین بۆ ئەوەی مووچە و شاییستە داراییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، هاوشێوەی سوپای عێراقی لێ بكرێت، كە دەستووری عێراق دیاری كردووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی بەغدا زەوتیان كردووە، هەروەها هەوڵی جیددی دەدەم بۆ قەرەبووكردنەوەی ماددی و مەعنەویی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان".


دكتۆر ڕێبین سەلام، كاندیدی ژمارە 20، لای خۆیەوە گوتی: "من لە پەرلەمانی عێراق، پێداگری لەسەر ئەو پڕۆژانە دەكەم كە حیزبەكەم و فڕۆكسیۆنەكەمان بۆ خزمەتی گەلی كوردستان پێشكەشیان كردوون، كە بەرنامەیەكی زۆر بەهێز و پڕخزمەتمان پێییە بۆ كوردستانیان لە بەغدا".


بەختیاری مەلا ئەحمەد، كاندیدی ژمارە 21 هێما بۆ ئەوە دەكات: "كار دەكەم بۆ نەهێشتنی ململانێی مەزهەبی لە عێراقدا، كە دەیانەوێت كوردیشی تێوە بگلێنن، بەڵام پسپۆڕیم لەو بوارە هەیە و ناهێڵین ئەوە ڕوو بدات، هەروەها كار دەكەم لەسەر ئەو گەندەڵییە گەورانەی لە عێراقدا دەكرێن و خەڵكی كوردستان بە هۆیانەوە زیانمەند بوون، لە پێویستیشە داهاتی عێراق بەسەر هەموواندا دابەش بكرێت، لەنێویشیدا هەرێمی كوردستان".


حەسەن سەرتیپ محەممەد، كاندیدی ژمارە 22 ئاماژە دەدات: "من نوێنەری خەڵكی گەرمیانییەكانم و پڕۆژەی تایبەتم هەیە بۆ ماددەی 140، بەڵێنیش دەدەم ئەگەر دەنگی پێویستم بەدەست هێنا بۆ پەرلەمان، ئەوا دەبمە پارێزەری مافەكانی خەڵكی كوردستان بە گشتی و گەرمیانییەكان بە تایبەتی".


كاوە قەرەداخی، كاندیدی ژمارە 23 دەڵێ: "تاكە ئامانجی خۆكاندیدكردنم بۆ پەرلەمانی عێراق ئەوەیە، بتوانم شانبەشانی فڕاكسیۆنی پارتی، مافە نەتەوەییەكانی خەڵكی كوردستان بە دەست بێنین كە هەمیشە مافەكانیان زەوت كردووین، دەبێت تەواوی مافەكان وەربگرینەوە لە ڕێگەی ئەو دەستوورەی كە عێراقی نوێی لەسەر بنیات نرا، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراقیش هاوشێوەی بەرپرسانی پێشووی خۆیان، ڕەفتارمان لەگەڵدا دەكەن".


شوكریە مەحموود ئەحمەد، كاندیدی ژمارە 24 ڕوونی كردەوە: "ئەگەر متمانەی خەڵكی كوردستانم بەدەست هێنا، ئەوا بەڵێن دەدەم ئەوەی هاوڕێیانمان بۆ گەلەكەیان پێیان نەكراوە، ئێمە بیكەین، هەروەها پشتیوانی قوتابیان دەبم تاوەكوو بتوانین زۆرترین قوتابیمان بڕۆنە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندن و، گرینگییەكی تایبەتیش بە ئافرەتان دەدەم".


ئاوات عەبدوڵڵا، كاندیدی ژمارە 25 دەڵێت: "ئەگەر متمانەی خەڵكی كوردستانم بە دەست هێنا، ئەوا دەبمە پارێزەری مافە نەتەوەیی و شەرعییەكانی گەلەكەم‌، لە ڕێگەی دەستووری عێراقیشەوە و بە هاوكاریی فڕاكسیۆنی پارتی، كار لەسەر ئەو پرسە دەكەین".


محەممەد مامە عەزیز، كاندیدی ژمارە 26 گوتی: "ئەگەر متمانەی خەڵكی سنووری پارێزگاكەم بە دەست بێنم، بەڵێن دەدەم كە تەواوی ئەو پڕۆژەیەی پارتیمان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و بەرنامەی ئاییندەی فڕاكسیۆنەكەمانە لە بەغدا، هەوڵی جێبەجێكردنی تەواوی بڕگە و ماددەكانی بدەم، تاوەكوو بتوانین ژیانێكی شاییستە بۆخەڵكی كوردستان دابین بكەین".

 

ڤیان تاهیر، كاندیدی ژمارە 27 دەڵێت: "لە بەغدا هەوڵ دەدەم بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی كەمئەندامانی پاشماوەی كیمیاباران و ئەنفالكراوان، لەگەڵ چەسپاندنی تەواوی پڕۆژەی پارتیمان بۆ پەرلەمانی عێراق كە لە ئێستادا لە كارنامەكەیدایە".

 

عینایەت نامیق، كاندیدی ژمارە 30 ئاماژە بەوە دەكات: "بۆیە دەڕۆمە بەغدا، هەروەكچۆن ناچارم ڕێز لە خواست و ئیرادەی عەرەب بگرم، ئاوایش لەوێ وا بكەم عەرەب ڕێز لە خواست و ئیرادەی كوردستانیان بگرێت و، بە زمانی كوردی لە هۆڵی پەرلەمان قسە بكەم و زمانەكەمان لە پاڵ زمانی عەرەبیدا قسە و گفتوگۆی پێ بكرێت، هەروەها كار دەكەم بۆ‌ دادگاییكردنی حەشدی شەعبی لە پای ئەو كۆمەڵكوژییەی لە كەركووك و خورماتوو دژ بە كورد ئەنجامیان دا و، پێویستە قەرەبووی كەسوكاری قوربانییەكانیش بكرێتەوە".

هێڤیار هەڵەبجەیی

هەواڵی پەیوەندیدار