عەرەبەکان لە نێو مووسڵدا بانگەشە بۆ کاندیدانی پارتی دەکەن

موسڵ-KDP.info- سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای مووسڵ ڕایگەیاند، جێگایی داخە کە ناتوانن بە هۆی دۆخی ئەمنی و داگیرکارییەکانی حەشدەوە بچنە نێو مووسڵ بانگەشەی خۆیان بکەین، بەڵام عەرەبەکان بانگەشە بۆ پارتی دەکەن.
عەبدلعەزیز ئیبراهیم محەمەد، کاندیدی ژمارەی ١ و سەرۆکی لیستی پارتی لە پارێزگای مووسل بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "هەرچەندە ئێمە ناتوانین بچینە نێو مووسڵ بانگەشەی خۆمان بکەین، کەچی لە نێو مووسلدا عەرەبەکان بانگەشە بۆ پارتی دەکەن."
ئەو دەڵێ: "خەلکی نێو مووسڵ زۆر تووڕەن لە هێزەکان و ئەو دەسەڵاتەی لەوێ هەیە و خەڵک لە نێو مووسڵدا ئاواتەخوازن پێشمەرگە پارێزگارییان لێ بکات، چونکە ئەو هێزانەی ئێستا لە نێو مووسڵن خەڵکیان بێزار کردووە."
پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای مووسڵ لە کێبڕکییەکی تونددایە بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکانی ئەو پارێزگایە و هەر بەم مەبەستەش ٦٢ کەس لە لیستی پارتیدا کاندیدن و ٤ لیست و هاوپەیمانی لە پارێزگای مووسڵ کێبڕکێ لەسەر ٣١ کورسیی پەرلەمانی دەکەن."
دوێنێ عیسمەت ڕەجەب، بەرپرسی لقی مووسڵی پارتی لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕایگەیاندبوو، عەرەبەکان دەنگ بە پارتی دەدەن و پارتی کورسییەکانی لە پارێزگای مووسڵ زیاد دەکات .
كــاروان بـــاعەدری




