کاندیدانی پارتی لە سلێمانی، بچنە بەغدا چ دەکەن؟

سلێمانی-KDP.info- بەشێک لە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەڵێن، کە بێتو بۆ ئەم خووڵەی هەڵبژاردن سەرکەون، کارنامە و پڕۆژە تایبەتەکەی حزبەکەیان جێبەجێ دەکەن و بەگوێرەی شارەزاییشیان پێداگری لە مافەکانی کوردستانیان دەکەن.
عومەر خدر کاندیدی ژمارە ٣ی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی، سەبارەت بە کارنامە و هەوڵەکانیان لە دوای دەرچوونیان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گوتی: "پارتی کارنامە و پڕۆژەی تایبەتی خۆی لە رووی نیشتیمانی و نەتەوەییەوە هەیە، جێبەجێکاری ئەو بەرنامەیە دەبین بە گشتی، بە تایبەتیش کە من لە سنووری دەڤەری راپەڕین و پشدەر و بیتوێنم، کار لەسەر کردنەوەی مەرزی کێلێ بە رەسمی دەکەین، هاوکات، کار بۆ قەرەبووکردنەوەی راگوێزراوان و بەرکەوتووانی چەکی کیمایی دەڤەری پشدەر و جافایەتی و خۆشناوەتی دەکەم."
ئاوات مەحموود نەقشبەندی کاندیدی ژمارە ٥ لە پارێزگای سلێمانی: "بە هیوام متمانەم پێ بدەن، لەوێ کار دەکەم کە سیاغەی یاساکان بەو شێوە بێت کورد لێی سوودمەند بێت، هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددە دەستووریانەی کە جێبەجێ نەکراون، یاخود پێشێل کراون، کار بۆ جێبەجێکردنی دەستوور دەکەین بە شێوەیەکی جیددی، تاوەکو بتوانین خزمەتگوزارییەکان بە باشی بۆ گەلی کورد فەراهەم بکرێت."

دکتۆر سەردار قادر کاندیدی ژمارە ٦: "هەوڵی جیددی دەدەین بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە و کارنامەی پارتیمان، کە ئەویش بە یەکڕیزیمان لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەتوانین وەدی بێنین."

ئارام عەبدوڵڵا کاندیدی ژمارە ٧ پارێزگای سلێمانی: "داکۆکیردنی سەرسەختی مافە دەستووری و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت، کە ئەوەش بەرنامە و کاری پارتییە، خۆشم دەرچووی زانستە سیاسییەکانم، هەوڵ دەدەم لە روانگەی نێودەوڵەتییەوە کار بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانی کورد بکەم".

ئەدیبە عەبدوڵڵا کاندیدی ژمارە ٩ دەڵێ: "بە شێوەیەکی گشتی کار بۆ ئەو بەرنامەی پارتی کە لە ١٤ خاڵدا کۆ کراوەتەوە دەکەم، وەک خۆشم کار بۆ دابینکردنی بیمەی کۆمەڵایەتی و تەندرووستی دەکەم، هاوکات بۆ ئاوەدانکردنەوەش کار دەکەم، کە بناغەی هەموو پێشکەوتنێکە."

ناسر ئیسماعیل مام ئاغا مەزن، کاندیدی ژمارە ١١ی لیستی پارتی لە پارێزگای سلێمانی: "کار دەکەم بۆ گەڕاندنەوەی بودجەی لە سەدا ١٧ی هەرێمی کوردستان، دووەم پڕۆژەشم رەخساندنی هەلی کارە بە تایبەت بۆ گەنجەکانمان کە خوێندنیان تەواو کردووە، چ لە رێی کەرتی تایبەتەوە بێت، یاخود کەرتی حکوومییەوە بێت، وەکو شەخسیش دانانی سدنووقێکی خێرخوازی دەبێت بۆ خەڵکانی هەژار و کەمدەرامەت".

حاکم هەڵگورد بەرکەورانی کاندیدی ژمارە ١٤ی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی گوتی: "ئامانجمان شەڕی یاسایی و دەستووری دەبێت لە بەغدا، تاوەکو کار بۆ گەڕانەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستان و بودجە و موچەی هەرێم بکەین، پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە درێژایی مێژوو سەلماندوویەتی، کە هەڵگری بیری نەتەوەیی و بەدەسهێنانی مافە نەتەوەییەکان بووە و ئێمەش کادیری ئەو رێبازەین".






