پارتی لە سلێمانی: خەڵك بە ڕێزەوە لەبانگەشەی پارتی دەڕوانن.. دەنگەكانمان زیاد دەكەن

سلێمانی-KDP.info- بەرپرسی لقی 4ی پارتی دەڵێ، پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری سلێمانی بەردەوامە لە بانگەشەكردن و دەنگەكانیشی زیاد دەكەن. دەشڵێ: "خەڵك بە ڕێزەوە لەو بانگەشەیەی پارتیدەڕوانێت".
بەرپرسی لقی 4ی پارتی لە سلێمانی، سەعید پشدەری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە یەكەم رۆژی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانەوە، هەموو رۆژێك بانگەشە ئەنجام دەدرێت و لایەنگرانی خۆمان كۆ دەبنەوە و بەرنامەی لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان دەخەنە ڕوو، جیا لەوەیش كۆمەڵێك چالاكیی جیاجیا ئەنجام دەدرێن، كە ئەمساڵ ئێمە خۆمان پاراستووە لە كەژاوەی ئۆتۆمبێل و ئاڵاهەڵواسین و ئاهەنگگێڕان و، هەوڵمان داوە بانگەشەیەكی مۆدێرنی رێكوپێك بكەین".
پشدەری گوتیشی: "ئەوەی ئێمە تێبینیمان كردووە، خەڵك زۆر بە ڕێزەوە لەو بانگەشەیەی ئێمە دەڕوانێت و خەڵكمان بێزار نەكردووە و زیاتر سۆزی هانیشتمانیانمان بۆ خۆمان راكێشاوە، بۆیە تاوەكوو ئێستا پێشوازییەكی زۆر باش لە ئێمە كراوە، چونكە بە شێوەیەكی زۆر مۆدێرن دەستمان بە بانگەشە كردووە".
بەرپرسی لقی 4ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی راشیگەیاند: "ئومێدمان زۆرە كە دەنگەكانی ئێمە زیاد دەكەن و ئەنجامەكان بە دڵی ئێمە دەبن، ئەو لیستانەی كە تازەیش دروست بوون، هیچ كاریگەرییەكیان لەسەر دەنگەكانی پارتی نابێت، چونكە جەماوەری پارتی لەو سنوورە دیاریكراوە و دەنگەكانمان زیاد دەكەن نەك كەم".
ئەو هەروەها ڕوونیشی كردەوە: "هەندێك پێشێلكاری بەرانبەر بە كاندیدانی ئێمە دەكرێت لە دڕاندن و لێكردنەوەی وێنە و پۆستەرەكانیان و هەوڵدان بۆ ناشیرینكردنی بەشێك لە كاندیدەكانی ئێمە، بەڵام ئەمە نەیتوانیوە كاندیدەكانمان سارد بكاتەوە و ئیرادەی جەماوەری ئێمەیشی لاواز نەكردووە، بەڵكوو بە پێچەوانەوە زیاتر بەهێزی كردووە، چونكە هەوڵ بۆ لەكەداركردنی دوو تا سێ كاندیدی ئێمە دراوە و شتیان لەسەر بڵاو كردوونەتەوە، بەڵام ئەمە ئیرادەی كاندیدەكانی لاواز نەكردووە و ئێمەیش زیاتر پشتگیرییان دەكەین".
پارتی دیموكراتی كوردستان، بە لیستی ژمارە 184 و لە ژێر درووشمی "دەستكەوتی زیاتر بۆ كوردستان"، دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردنەكان كردووە بۆ پەرلەمانی عێراق، كە بڕیارە مانگی داهاتوو بەڕێوە بچێت و، لە سنووری پارێزگای سلێمانییش پارتی 28 كاندیدی هەن.
بڵند ئیبراهیم




