٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كاندیدانی پارتی لە مووسڵ: ده‌نگه‌كانی پارتی له‌ مووسڵ زیاد ده‌كه‌ن.. لەبەر دوو هۆكارە

سەرچاوە: KDP.info

 

مووسڵ -KDP.info- كاندیدانی پارتی لە سنووری پارێزگای مووسڵ دەڵێن، تاوەكوو ئێستا ناتوانن بە ئازادانە بچنە مووسڵ و بانگەشە بۆ خۆیان بكەن، چونكە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە، به‌ڵام لەبەر دوو هۆكار ده‌نگه‌كانی پارتی زیاد ده‌بن، یەكەم هەرێم دەرگای بۆ ئاوارەكان كردەوە، دووەمیش پاش ئازادكردنی مووسڵ یەكەم لایەن كە هاوكاریی خەڵكی مووسڵی كرد، هەرێمی كوردستان بوو.

عەبدولعەزیز گەرگەری، كاندیدی ژمارە 1ی لیستی 184ی پارتی لە مووسڵ ،بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دەستمان بە بانگەشە كردووە و لە ئێستادا زیاتر لەناو كەمپەكان بانگەشە دەكەین، بەڵام بە هۆی بوونی حەشدی شەعبی لەو ناوچانە، تاوەكو ئێستا نەمانتوانیوە بچین لەوێ بانگەشە بكەین، چونكە مەترسی لەسەر ژیانمان هەیە بە هۆی هەڕەشەكانی حەشدی شەعبییەوە و ئەمنییەتمان لەوێ پارێزراو نابێت، ئەگەرنا داواكاریی زۆرمان بۆ دێت سەردانی ناوچەكە بكەین، چونكە لەو ناوچانەدا زۆرینەی خەڵك دەنگ بە لیستی 184ی پارتی دەدەن".

گەرگەری گوتیشی: "بە هۆی حەشدی شەعبییەوە، ناتوانین بچین لە مووسڵیش بانگەشە بكەین، ئەگەرنا جگە لە كورد، هەوادارێكی زۆرمان لە پێكهاتەكانی دیكەیش هەیە، بە تایبەت عەرەب و پێكهاتەكانی دیكە، لەبەر ئەوەی پارتی بە بەرگریكاری خۆیان دەزانن".

ئەو كاندیدەی پارتی دەشڵێت: "ئەگەر خەڵك متمانە بە ئێمە بدات، یەكێك لە كارە سەرەكییەكانمان هەوڵدان دەبێت بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140، چونكە زۆر گرینگە بۆ میللەتی كورد و، جگە لەوەیش ئەمنییەت بۆ ناوچەكە بگەڕێتەوە، هەروەها ئاوارەكان بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و قەرەبوو بكرێنەوە و ناوچەكانیشیان ئاوەدان بكرێتەوە، كە حكوومەتی عێراق تاوەكوو ئێستا هیچی بۆیان نەكردووە".

لای خۆیەوە، سەعد كەریم، كاندیدی ژمارە 2ی لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ناتوانین لە سنووری مووسڵ بە ئازادانە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خۆمان بكەین و مەترسی لەسەر ژیانمان هه‌یه‌، بۆیە تاوەكوو ئێستا نەچووین بۆ مووسڵ، بەڵام لە بەرنامەماندا هەیە سەردانی مووسڵ بكەین بە هۆی ئەوەی هەوادارێكی زۆری پارتی لە مووسڵ هەیە لە هەموو پێكهاتەكان".

كەریم گوتیشی: "ئەگەر خەڵكی متمانە بە ئێمە بدات، دەبینە بەرگریكاری خەڵكی مووسڵ لە پەرلەمانی عێراق و، كار دەكەین بۆ ئەوەی ئەمنییەت بۆ ناوچەكە بگەڕێتەوە، خەڵكی مووسڵیش پارتی بە نوێنەری خۆیان دەزانن و باس لەوە دەكەن كە، پارتی قوربانیی زۆری بۆ ئەوان داوە و بە بەرگریكاری خۆیانی دەزانن، بۆیە هەموو پێكهاتەكان دەنگ بە لیستی پارتی دەدەن.

كاندیدی ژمارە 39ی ‌لیستی 184ی پارتی لە سنووری مووسڵ، شەرقی محەممەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "پارتی لە شنگال و نەینەوا رێژەی دەنگەكانی زیاد دەبن، ئەوەیش لەبەر دوو هۆكارە، یەكەم هەرێمی كوردستان دەرگای بۆ ئاوارەكان كردەوە، زۆربەی پێكهاتەكان ئێستا لە هەرێمی كوردستان دەژین، كە زۆربەیان لە دهۆكن و بنكەی دەنگدانیان بۆ دەكرێتەوە و دەتوانن دەنگ بدەن، لەگەڵ ئەوەی خەڵكی عەرەب و خەڵكی دیكە كە ئەوانیش ئاوارەنە و ناتوانن دەنگ بدەن، دووەمیش پاش ئازادكردنی مووسڵ یەكەم لایەن كە هاوكاریی خەڵكی مووسڵی كرد، هەرێمی كوردستان و ئەو ڕێكخراوانە بوون كە بارەگایان لە هەرێمی كوردستان هەیە، بۆیە ئەوە دوو هۆكاری سەرەكین كە دەنگەكانی پارتی لە شنگال و نەینەوا زیاد ببن".

 

بڵند ئیبراهیم_رابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار