فازڵ بەشارەتی: ئهمجاره دەنگی رۆشنبیر و نیشتیمانپەروەرەكان و لایەنی دیكەمان لهگهڵه

هەڵەبجە-KDP.info- بەرپرسی لقی 12ی پارتی دەڵێ: "ئێمە لە بانگەشەكردن لە سنووری خۆمان بەردەوامین بۆ لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان و، ئەم جارەیش بە هۆی هەڵوێستە نەتەوەییەكانی پارتییەوە لە ماوەی رابردوودا، دەنگەكانی زیاد دەكەن.
لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ژمارە 184 و لە ژێر درووشمی "دەستكەوتی زیاتر بۆ كوردستان"، دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كردووە، لە سنووری پارێزگای سلێمانییش پارتی 28 كاندیدی هەیە، كە لەوانە سێ كاندیدی لە سنووری لقی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجەن.
بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە، فازڵ بەشارەتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "تاوەكوو ئێستا لە سنووری هەڵەبجە بانگەشەی هەڵبژاردنەكان بە ئاسایی بەڕێوە دەچێت و، ئەوەی نەشیاوە لە هەندێك كەناڵی راگەیاندن هێرشی سەر پارتی دەكرێت و تۆمەتی بۆ دروست دەكەن، بەڵام ئێمە وەكوو لقی خۆمان بەردەوامین لە بانگەشە بەپێی ئەو رێنماییەی بۆمان هاتووە و خۆمان بە دوور گرتووە لە شەڕەپەڕۆ و جنێودان بە یەكتری، چونكە ئێمە بە شێوەیەك بانگەشە دەكەین لەگەڵ ئەخلاق و مێژووی پارتیدا بگونجێت".
بەشارەتی گوتیشی: "پارتی دیموكراتی كوردستان بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنی رابردوو، لە سنووری لقی ئێمە دەنگەكانی زیاد دەكەن، چونكە پارتی جیاواز لە حیزبەكانی دیكە باڵباڵێن و جیابوونەوەی تێدا ڕووی نەداوە، بۆیە دەنگەكانی پارتی وێڕای ئەوەی كە پارێزراو دەبن، ژمارەیەكیش لەو دەنگە تازانەی چوار ساڵی رابردوو هاتوونە پێشەوە لە ڕووی تەمەنەوە و دەنگی هەندێك لایەنی دیكە وەك رۆشنبیر و نیشتیمانپەروەرەكان، زیاد دەبێت، بۆیە بە هەموو پێوەرەكان دەنگی پارتی زیاد دەبێت".
ئەو هەروەها دەشڵێ: "لە سنووری هەڵەبجە پێشوازییەكی گەرم لە پارتی دەكرێت، چونكە دەبینین چەندە بەپەرۆشن بۆ پارتی و خۆشحاڵن بە دەستكەوتە نەتەوەییەكانی پارتی و سەرۆك بارزانی و دەستكەوتی ریفراندۆم و بەرگرییەكانی پارتی لە پەلاماردانی كوردستان لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر، ئەمانە لای خەڵك جێی بایەخن، بۆیە ئەمجارە پارتی دەنگی باش بەدەست دێنێت".
بڵند ئیبراهیم




