٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کاندیدانی پارتی: پێویستە ھاوشێوەی کوێت بەغدا قەرەبووی زیانلێکەوتوانی ھەرێم بکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

 هەولێر-KDP.info-  پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێناو وەرگرتنی مافی یاساییی خەڵکی کوردستان ھەمیشە پێداگری کردووە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی دەستوورەوە ھەموو زیانلێکەوتوانی سەردەمی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق قەرەبوو بکرێنەوە و بە پێی یاسا و دەستووریش ئەرکی حکوومەتی عێراقە قەرەبووی ھەموو ئەو ھاووڵاتیانەی ھەرێمی کوردستان بکاتەوە کە لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراقدا زیانیان بەرکەرتووە. کاندیدانی لیستی ١٨٤ی پارتیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، پێویستە ھاوشێوەی وڵاتی کوێت بەغدا قەرەبووی خەڵکی زیانلێکەوتووی کوردستانیش بکاتەوە.

زەمان عەبدە، چالاکی بواری جینۆساید بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "بە پێی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، پێویستە حکوومەتی عێراق قەرەبووی ھەموو زیانانەکان بکاتەوە کە لە ئەنجامی شاڵاوەکانی ئەنفال و ڕاگواستن بەر ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان کەوتوون و پێنج بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکان ھەن لەو بارەیەوە، بەڵام دوای دەرکردنی بڕیارەکان و تۆمارکردنی چەندین سکاڵا ھێشتا بەغدا ئامادە نییە قەرەبووی خەڵکی کوردستان بکاتەوە."

کرمانج عززەت، کاندیدی  ژمارە ٢٠ی لیستی ١٨٤ی پارتی لە پارێزگای ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کارنامەی پارتی ئاشکرایە بۆ خەڵکی کوردستان و لە ڕابردووشدا ھاووڵاتیان ئەزموونیان لەگەڵل پارتی ھەیە، چونکە پشتیوانی لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستانی کردووە، لەبەر ئەوەش خەڵکێکی زۆری ھەرێمی کوردستان بە ھۆی شاڵاوەکانی ئەنفال و ڕاگواستنی زۆرەملێ زیانمەند بوونە و پێویستە بە گوێرەی یاسا ھەموویان قەرەبوو بکرێنەوە. لەوەش زیاتر، زۆربەی ئەو گوندانەی وێران کراون و پێویستیان بە ئاوەدانکردنەوە ھەیە و لە ڕووی ئەمنیەوە پێویستی بە ئاساییکردنەوە ھەیە، چونکە دەبینین ھەموو ڕۆژێ بوردووۆمان و تۆپباران و کێشەیان بۆ دروست دەبێت، لەبەر ئەوە کاندیدانی پارتی کار لەسەر ئەوە دەکەن ھەموو ناوچە خاپوورکراوەکان ئاوەدان بکرێنەوە بە شێوەیەکی سەردەمیانە و خەڵکەکەیشیان بە مافی خۆیان بگەن کە قەرەبووکردنەوەیە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە."

زەمان عەبدە ڕوونی کردەوە: "چەندین جار لە لایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە داوای فەرمی پێشکەش بە حکوومەتی عێراق کراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی سەردەمی ڕژێم و  مەزەندە دەکرێت چەند ملیار دۆلار  بکەوێتە سەر عێراق، چونکە جگە لە زیانی گیانی و لەدەستدانی کەسوکاریان بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان ھەموو مڵک و ماڵ و سەروەت و سامانیان لەدەست داوە، لەبەر ئەوەش ئێمە وەک شارەزای بواری جینۆساید بەردەوام ھاووڵاتیانی زیانلێکەوتوومان ھان داوە لە ڕێگەی دادگاوە سکاڵا پێشکەش بکەن."

لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی لەناوچوودا زیاتر لە پێنج ھەزار گوندی ھەرێمی کوردستان بەر شالاوی تەعریب و ڕاگواستنی زۆرەملێ کەوتوون و خاپوور کراون، پانزە ساڵ دوای لەنێوچوونی ڕژێمی بەعس ھێشتا حکوومەتی عێراق ئامادە نیە قەرەبووی زیانلێکەوتوانی کوردستان بکاتەوە و بە ھۆیەوە سەدان گوند ھێشتا ئاوەدان نەکراونەتەوە، کەچی عێراق ساڵانە ئامادەیە پارەی قەرەبووی وڵاتی کوێت بدات کە لە ئەنجامی شەڕی کەنداو زیانی بەرکەوتووە."

کەریم کاوە کەریم، کاندیدی ژمارە ١١ی لیستی ١٨٤ی پارتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پێنج ھەزار گوند لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراقدا وێران کراون، گوناھی ئەوانە تەنیا کوردبوون و پشتگیریی شۆڕشی گەلی کوردستان بوو، لەبەر ئەوەش لە ڕووی یاسا و دەستوورەوە ئەرکی حکوومەتی  عێراقە قەرەبووی ھەموو ئەو زیانانە بکاتەوە و گوندە خاپوورکراوەکان ئاوەدان بکاتەوە، لە ڕابردوودا نوێنەرانی پارتی لە بەغدا ھەوڵی خۆیان داوە و درێغیان نەکردووە، ئێستاش ئێمە ڕژدین لەسەر ئەوە و ئەرکی بەغدایە ئەو قەرەبووە بداتەوە خەڵکی کوردستان."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار