كەسوكاری شەهیدان: پارتی بە پارێزەری كوردستان دەزانین بۆیه لیستهكهی ههڵدهبژێرین

هەولێر-KDP.info- كەسوكاری شەهیدانی شەڕی داعش، باس لەوە دەكەن كە دەنگ بە لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەن و دەڵێن، ئەوان خوێنیان ڕشتووە بۆ ئەوەی كوردستان پارێزراو بێت لە دوژمنانی گەلی كورد، بۆیە پارتی بە پارێزەری كوردستان دەزانن و پێیان وایە هەر ئەو حزبەیە دەتوانێ نوێنەرایەتیی گەلی كورد بكات.
پارتی دیموكراتی كوردستان، بە لیستی ژمارە 184 و لە ژێر درووشمی "دەستكەوتی زیاتر بۆ كوردستان"، دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كردووە، كە بڕیارە مانگی داهاتوو بەڕێوە بچێت و، زۆرینەی خاڵەكانی پارتییش لە بەرنامەی ئەمجارەیدا، جەختكردنەوەیە لە بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و دەستوورییەكانی گەلی كورد لە عێراقدا.
عێزەددین شەمسەددین، كە برای شەهیدێكی شەڕی داعشە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "من وەكوو تاكێكی كوردستان و كەسوكاری شەهید، بڕیارم داوە دەنگ بە لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەم، چونكە كاتێك مێژووی گەلی كورد دەخوێنیتەوە و سەیری رابردوو دەكەی، ئەو حیزبە مێژوویەكی دوورودرێژی هەیە لە قوربانیدان و تێكۆشان بۆ پاراستنی شكۆ، بەدەستهێنانی ئامانجی نەتەوەیی، سازشنەكردن لەسەر مافی كورد، ئاوەدانكردنەوەی وڵات و گەشەسەندنی ئابووری".
شەمسەددین گوتیشی: "سەرەڕای دروستكردنی كۆسپ و تەگەرە لەلایەن دوژمنانی كوردەوە لە بەردەم ئەوحیزبەدا، هەر نەیانتوانیوە ساردی بكەنەوە و رۆژ بە ڕۆژ گەرموگوڕتر بووە بۆ بەدەستهێنانی مافی كورد، بۆیە تا مافە نەتەوەیی و دەستوورییەكانمان بەدەست بێنین و پارێزگارییش لە دەستكەوتەكان بكرێت و ببنە نوێنەری راستەقینەی ئێمە، دەنگ بە لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەم و، داواكاریشین خەڵكی دەنگ بە لیستی پارتی بدات".
لای خۆیەوە، عەلی ئەحمەد، باوكی شەهیدێكی شەڕی داعش، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە خوێنمان ڕشتووە بۆ ئەوەی كوردستان پارێزراو بێت و بتوانین پارێزگاری لە دەستكەوتەكانی كوردستان بكەین كە دوژمنانی كورد بەردەوام هەوڵی لەناوبردنیان دەدەن، بۆیە ئێستایش پێویستمان بەوە هەیە ژمارەیەك نوێنەری راستەقینە دیاری بكەین بۆ ئەوەی لە بەغدا بتوانن بەرگری لە ئێمە و دەستكەوتەكانمان بكەن و مافە دەستوورییەكانیشمان لە عێراقدا بەدەست بێنن، كە حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق لە ئێمەیان زەوت كردووە".
ئەحمەد باسی لەوەیش كرد: "پێویستە خەڵكی كوردستان بە ویژدانەوە دەنگی خۆیان بدەن و ناخیان ئاسوودە بكەن و دەنگ بە لیستێك بدەن كە بە كردار پارێزگاری لە گەلی كورد و مافە نەتەوەییەكانیان بكات، كە دڵنیا بن ئەویش لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بۆیە بۆ ئەوەی خوێنی شەهیدان بە فیڕۆ نەچێت، با خەڵك پارتی لە بەغدا بكاتە نوێنەری خۆی، چونكە بە دەنگدان بە پارتی، دەستكەوتەكان پارێزراو دەبن و مافە دەستوورییەكانیش بە دەست دێن".
بڵند ئیبراهیم




