ئەنجوومەنی وەزیران، ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی كوردی پیرۆز دەكات
هەولێر-KDP.info- ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی كوردیدا، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرجەم ڕۆژنامەنووسان و سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەكات.
ئەمە دەقی پەیامەكەیە:
لە سەدوبیستەمین ساڵیادی دەرچوونی یەكەم ڕۆژنامەی كوردی و بە بۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردییەوە، پیرۆزباییەكی گەرم ئاڕاستەی سەرجەم ڕۆژنامەنووسان و سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەین، هیوای پێشكەوتن و سەركەوتنیان بۆ دەخوازین لە كاری پیشەییانە و گەیاندنی پەیامی دروست و نیشتیمانیانەدا بۆ خزمەتكردنی زیاتر بە كۆمەڵگا، داكۆكیكردنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانیش لە ماف و خواستەكانی ڕۆژنامەنووسانی كوردستان بەرز دەنرخێنین.
مایەی شانازییە لە هەرێمی كوردستاندا دەیان دەزگای ڕۆژنامەوانی و مێدیایی بە جیاوازیی بیروڕا و پەیامی سیاسییەوە لە كەشێكی ئازاددا كار دەكەن. ڕۆژنامەنووسانی كوردستان لە ڕێگەی پێڕەوكردنی میتۆدێكی دروستی پیشەییانە و مەدەنیانەی متمانەدار و دووركەوتنەوە لە هەر كردە و ڕەفتارێك زیان بە شكۆ و ناووبانگی مێدیای كوردی و ئاشتی و سەقامگیریی كۆمەڵگا بگەیێنێت، دەتوانن ڕۆڵی كاریگەریان هەبێت لە پاراستنی ئەم ئازادییەی كە مافی خۆیانە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە پەرۆشی ڕەخساندنی كەشێكی گونجاو و شارستانیانەیە بۆ كاری ڕۆژنامەوانی بەپێی پرەنسیپەكانی ئازادیی بیروڕا. لەگەڵ پاراستنی هەموو ئەو مافانەی وەك دەسەڵاتی چوارەم بە مێدیا ڕەوا بینراوە، هاوكات چاوەڕوانییشی لە دەزگا مێدیاییەكان و مێدیاكارانی كوردستان هەیە، وێڕای ڕۆڵی كاریگەریان لە پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی كولتووری سیاسی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی كۆمەڵگا و بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی نیشتیمانی، ڕۆڵێكی كاریگەر لە هاوكاریكردنی دەزگا حكوومییەكان بگێڕن لە میانەی چاودێریكردن و بەدواداچوونی كار و پڕۆژە جیاجیاكانەوە و ببنە پردی نێوان هاووڵاتیان و حكوومەت.
ئێستا لە هەرێمی كوردستان كەشێكی ئازاد و ئارام ڕەخسێنراوە بۆ ئەنجامدانی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی عێراق كە خوازیارین لە كەشێكی مەدەنیانەی دروست و سەقامگیردا بەڕێوە بچێت، لە سەرجەم دەزگا مێدیاییەكان و مێدیاكارانی كوردستانیش داواكارین ڕۆڵێكی ئەرێنی و كاریگەریان هەبێت لە پاراستنی ئارامی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی و پێشكەشكردنی ئەزموونێكی جوانی دیموكراسی كە شایانی ناو و ناوبانگی كوردستان و مێژووی خەبات و قوربانییەكانی بێت.
لەم یادەدا سڵاو و دروود بۆ گیانی پاكی ئەو ڕۆژنامەنووس و مێدیاكارانەی كوردستان دەنێرین كە لە بەرەكانی جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش لە پێناو گەیاندنی زانیاری و ڕاستیدا گیانیان بەخشی، لەگەڵ ڕێز و پێزانینمان بۆ سەرجەم ئەو دەزگا مێدیاییانەی لەو ئەركە نیشتیمانییەدا ڕۆڵی خۆیان بینیوە.
بەرز و پیرۆز بێت ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی و ساڵیادی دەرچوونی ڕۆژنامەی (كوردستان) لەسەر دەستی ڕەوانشاد مامۆستا (میقداد مەدحەت بەدرخان).
ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان
٢٢/٤/٢٠١٨




