٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەنجوومەنی باڵای خانمان، ھۆشداری لەبارەی لەكەداركردنی كاندیدە ژنەكانەوە دەدات

سەرچاوە: KDP.info

 

 هەولێر-KDP.info-  لەگەڵ دەستپێكردنی بانگەشەی ھەڵبژاردن، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ھەندێ ماڵپەڕی ئینتەرنێت، سوكایەتی بە كاندیدانی ئافرەت دەكرێت و ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمانیش، ھۆشداری دەدات لەوەی كاندیدی ئافرەت لەكەدار بكرێت بۆ مەبەستی ھەڵبژاردن و، لەگەڵ ساخبوونەوەیدا، تۆمەتباران راپێچی دادگا دەكرێن.

لە ھەرێمی كوردستاندا، ١٤٦ ژن خۆیان بۆ خولی داھاتووی پەرلەمانی عێراق كاندید كردووە و، ئاستەنگی بەردەم ژنە كاندیدەكانیش تەنیا پەیداكردنی دەنگ نییە بۆ پەرلەمان، بەڵكوو دەبێت بەرگەی ئەو ھەموو تۆمەتەیش بگرن كە لە ئەنجامی بانگەشەی ھەڵبژاردن دێتە رێگەیان.
لەو بارەیەوە، پەخشان زەنگەنە، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بە ھۆی وەرگرتنی ئەزموون لە ھەڵبژاردنەكانی رابردووی عێراق، ئەنجوومەنی باڵای خانمان لە سەرەتای دەستپێكی بانگەشەی ھەڵبژاردندا داوای لە ھەموو كەس و لایەنەكان كردووە، خۆیان بە دوور بگرن لەوەی كاندیدانی ئافرەت لەكەدار بكرێن و، بۆ ئەو مەبەستە ئەنجوومەن ھەماھەنگیی لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكان كردووە، بەڕێوەبەرێكی گشتی لە ئەنجوومەن كار بۆ وەرگرتنی سكاڵا دەكات و ھەر كاندیدێك سكاڵا بكات لەبارەی ناوزڕاندن و خراپبەكارھێنانی، ئەوا دەدەینە دادگا، بە داخەوە لەباتی ئەوەی تەماشای ئەدا و كاری كاندیدە ئافرەتەكان بكرێت، ھەندێ خەڵك و لایەن دێن تۆمەت بۆ كاندیدە ژنەكان دروست دەكەن".

سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان ئەوەیشی ئاشكرا كرد: "ئەو گرتە ڤیدیۆییانه‌ی لەبارەی كاندیدە ژنەكانەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو دەكرێنەوە، ھیچیان راست دەرنەچوون و ھەموویان فۆتۆشۆپن، چونكە لە ھەڵبژاردنەكانی رابردوودا ئەوەمان بۆ دەركەوت كە مەلەف بۆ كاندیدە ئافرەتەكان دروست كراوە".

زەنگەنە دەڵێ: "تا ئێستا بە فەرمی ھیچ كاندێكی ئافرەت سكاڵای تۆمار نەكردووە لەبارەی لەكەداركردنیانەوە، بەڵام ئێمە بەردەوام بەدواداچوونی بۆ دەكەین و كۆمەڵێك رێكخراو لە سلێمانی ھەندێك زانیارییان داوە، كێشەی سەرەكی لەگەڵ ئەو كەیسانەدا ئەوەیە تا ماڵپەڕێك یان تۆرێكی كۆمەڵایەتی دەكەیتەوە كە گرتەیەكی تێدایە، ھێشتا كاری لەسەر نەكراوە و لادەبرێت، لەكەداركردنی ئافرەتی كاندید پرسێكی كۆمەڵایەتیی زۆر ھەستیارە، چونكە ھەموو كاندیكێك لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە پێگە و كەسایەتیی خۆی ھەیە، نەك لە كۆمەڵگەی ئێمە، بەڵكوو لە ھەموو كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و دەبێتە ھۆی تێكدانی ئاشتیی كۆمەڵایەتی".

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار