پاراستنی قەوارەی دەستووریی ھەرێمی كوردستان، كاری داھاتووی پارتییە

هەولێر-KDP.info- یەكێك لەو خاڵانەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا پێداگری لەسەر كردووە، جێبەجێكردنی دەستووری عێراقە و، كاندیدانی پارتییش دووپاتی دەكەنەوە، پێویستە دەوڵەتی عێراق، هیی ھەموو پێكھاتەكان بێت و ئەوەی لە دەستووردا ھاتووە، وەك خۆی جێبەجێ بكرێت.
دكتۆر كاوان ئیسماعیل، كاندیدی ژمارە ١ لە لیستی ١٨٤ی پارتی لە پارێزگای ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە تا ئەو كاتەی سەربەخۆیی خۆمان رادەگەیێنین، ھەموو ھەوڵێك دەدەین تا ئەو مافانەی بەپێی یاسا و دەستوور بۆ خەڵكی كوردستان دیاری كراون، بە دەستیان بێنین، چونكە ئێمە تا لە چوارچێوەی عێراقدا بین، چەندین ماف و دەستكەوتی گرینگمان ھەن و نابێت لە خەڵكی كوردستان زەوت بكرێن، لەبەر ئەوەیش كاندیدانی لیستی ١٨٤ی پارتی، یەكێك لە ئەركەكانی داھاتوویان، جێبەجێكردنی دەستوور و ھەموو ئەو بڕگە و ماددانە دەبێت كە پەیوەندییان بە ھەرێمی كوردستانەوە ھەیە".
سەرۆك بارزانی، لە چەندین بۆنەدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، ئەوەی لە دەستووردا ھاتووە ھەموو مافی كورد نییە، بەڵام بۆ ئەوەی گەلانی عێراق بە ئاشتی و برایەتی پێكەوە بژین، كورد زۆر جار سازشی لە ھەندێ مافی خۆی كردووە، لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراقیش پارتی دیموكراتی كوردستان پێداگری لەوە كردووە كە كەمتر لەوەی لەسەری رێك كەوتوون، قبووڵ ناكرێت و پێویستە كورد بە مافە دەستووری و یاساییەكانی بگات.
لەبارەی جێبەجێكردنی دەستوور و خاڵە ناكۆكەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا، پڕۆفیسۆر خەلیل ئیسماعیل، مامۆستای زانكۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی كوردستان گوتی، ''یەكێك لەو كێشانەی عێراق بەدەستییەوە دەناڵێنێ و كێشە بە دوای خۆیدا دێنێ، پرسی دەستوورە، ئەگەر عێراق لە سەرەتاوە دەستووری وەك خۆی جێبەجێ بكردایە، ئەوە بێگومان ئەمڕۆ ئەو ھەموو كێشەیە لە عێراقدا بوونیان نەدەبوو، ھەروەھا ھەرێمی كوردستان گلەیی نەدەكرد، چونكە دەستوور حەكەمە لە نێوان ھەموو پێكھاتەكان و چارەسەری دیاری كردووە بۆ یەكلاكردنەوەی ھەموو ئەو پرسانەی ناكۆكییان لەسەرە، بە تایبەتی كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێم، تا ئەو رۆژەی دەستوور جێبەجێ نەكرێت، عێراق وڵاتێك نابێت ئارامی بە خۆیەوە ببینێت".
دكتۆر كاوان ئیسماعیل جهخت دهكاتهوه لهوهی، كه ھەر رێككەوتنێك لە نێوان بەغدا و ھەرێمی كوردستاندا بكرێت، پێویستە لە چوارچێوەی دەستووردا بێت، بەوپێیەی عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەكی پێك دێت، دەبێ كورد وەك نەتەوەیەكی سەرەكیی عێراق بەشدار بێت لە بڕیاردان و پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا، چونكە عێراقی نوێ لەسەر بنەمای شەراكەتی راستەقینە بونیات نراوە.
قائید میرۆ




