ئافرەتان: لەپێناو دەستکەوتی زیاتردا، دەنگ بە لیستی 184 دەدەین

سۆران-KDP.info- لە درێژەی بانگەشەی هەڵبژاردن لە سنووری شارۆچكەكانی سۆران، رۆژ بە رۆژ جەماوەری پارتی ڕوو لە زیادبوونە، ئافرەتانی ئەو سنوورە دەڵێن، تاكە حزب لە كوردستان كە خۆی بە خەمخۆری ئافرەتان زانیوە پارتییە و، لیستی 184ـیش دەستكەوتی زیاتر بەدی دێنێت، بۆیە دەنگی پێ دەدەن.
شەكیلا سەمەد، كە ئافرەتێكی دانیشتووی سۆرانە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئافرەتانی كورد دەچەوسێنرانەوە و لە خوێندن بێبەش دەكران، بەڵام ئێستا رێژەی ئافرەتان رۆژ بە رۆژ لە دامودەزگاكانی حكوومەتدا زیاتر دەبێ و، ئەوەیش هەموو بۆ خەباتی بەردەوامی پارتی دەگەڕێتەوە، ئەگەر ئافرەتان بیانەوێت لە خۆشی و ئازادیدا بژین و رۆژە ناخۆشەكان لە بیر بكەن، دەبێ دەنگ بە لیستی پارتی و كاندیدەكانی بدەن، چونكە تاكە حزبە بەرگری لە مافی ئافرەتان كردووە".
مریەم مەحموود، كە ئەویش نیشتەجێی مێرگەسۆرە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "پارتی گرینگییەكی زۆر بە ئافرەتان دەدات، ئەوەتا لە سنووری پارێزگای دهۆك ئافرەتێك سەرۆكایەتیی لیستەكە دەكات، بۆیە هیوادارم ئافرەتان متمانە بە پارتی ببەخشنەوە، بۆ ئەوەی زیاتر بتوانێت خزمەتی ئافرەتانی كوردستان بكات، من دەنگ بە پارتی دەدەم، لەبەر ئەوەی پارتی هەموو كاتێك هەوڵی داوە مافی ئافرەتان دەستەبەر بكات".
گوڵستان عەلی، ئافرەتێكی شارۆچكەی رواندزە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی دا: "لیستی 184، لیستی بەدیهێنانی دەستكەوتی زیاتر و پاراستنی كوردستانە، بۆیە وەكوو ئافرەتێكی رواندز دەنگ بەو لیستە و كاندیدێكی ئافرەتی ئەو لیستە دەدەم، هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو لیستە بە خوێنی شەهیدان دروست بووە، سەركردایەتیی ئەو حزبەیش گرینگییەكی زۆری بە ئافرەتان داوە، ئەوەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پارتی مافی هەموو كەسێكی بە بێ جیاوازی داوە".
تانیا خورشیدی فەرمانبەریش، كە ئافرەتێكی شارۆچكەی چۆمانە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتی لە سەرخستنی لیستی پارتی دەكەم، چونكە ئەگەر پارتی سەر كەوت، ئافرەتان سەر دەكەون، لەبەر ئەوەی تاكە حزب لە كوردستان كە خۆی بە خەمخۆری ئافرەتان زانیوە، پارتییە، هەر ئەویش دەتوانێت ئەو ئازادییەی ئێستا ئێمەی تێداین بۆمان بهێڵێتەوە و ژیانێكی ئاراممان بۆ دابین بكات، هەر لەبەر ئەوەیە بۆ ئەوەی زیاتر بە ئازادانە بژیم و دوور بم لە هەر ناخۆشییەك، دەنگ بە پارتی و بارزانی دەدەم".
ڕابین شێروانی




