٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سێ كچی ڕفێندراوی ئێزدی لە سووریا رزگار كران

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- سێ كچی دیكەی كوردی ئێزدی كە سێ ساڵ بەر لە ئێستا رفێندرابوون، لە سووریا رزگار كران و سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمانیش دەڵێ، تا یەك كچ و ژنی رڕفێندراو لە دەست داعشدا مابێت، كار بۆ رزگاركردنی دەكەن و سەرۆكوەزیرانی ھەرێمیش ھەموو ھاوكارییەكی كردوون.

پەخشان زەنگەنە، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پڕۆسەی رزگاركردنی ئەو كچ و ژنانەی لەلایەن گرووپی تیرۆریستیی داعشەوە رڕفێندراون، بەردەوامی ھەیە و لە دوو رۆژی رابردوودا سێ كچی دیكەی كوردی ئێزدی لە سووریا رزگار كراون و گەیەندراونەتەوە ھەرێمی كوردستان، كە بەر لە سێ ساڵ لە شنگال لە ئەنجامی ھێرشی تیرۆریستانی داعش رفێندرابوون، دوای دۆزینەوە و رزگاركردنیان، پشكنینان بۆ كراوە و رەوشی تەندروستییان ئاساییە".

سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان گوتیشی: "یەكێك لە كارە ھەرە لەپێشینەكانی ئەنجوومەنی كاروباری خانمان لەگەڵ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، رزگاركردنی كچان و ژنانی دەستی داعش بووە، بە تایبەتی كچان و ژنانی كوردی ئێزدی و بە سوپاسەوە سەرۆكوەزیران نێچیرڤان بارزانی، ھەموو ھاوكارییەكی كردووین بۆ گێڕانەوەیان".

زەنگەنە ئاماژەیشی دا: "یەكێك لەو پرسانەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان زۆر جیددی بووە لەسەری، رزگاركردنی ڕفێندراوانی دەستی تیرۆریستانی داعش بووە، كە تا ئێستا سەدان كچ و ژن بە رێگەی جیاواز رزگار كراون و، كاركردن لەسەر پڕۆسەكە ھێشتا بەردەوامی ھەیە و تا كەسێك لە لای داعش و ھەر شوێنێك مابێت، بەھەر شێوەیەك بێت ھەوڵی رزگاركردنی دەدەین".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار